لە دەفتەری چێژەكانی پیاوكوژدا

0
لێگەڕێن با تامی ژمارەكان بكەم
لێگەڕێن با بە یەك بە یەكی خوێنی ئەم پیاوە جوانانە خۆم ڕەنگبكەم
(من ساڵێك ھێندە نێچیرم ھەبوو، گووتم: حیسابی ژمارەی دەستەكەوتەكانی ئەم وەرزە بێمانایە).
لێگەڕێن دوو بە دوو چیرۆكی ئەم عاشقانە تێبگەم
(من لەم باغەدا، ھێندە عاشقم بینی
گووتم: ئیدی دیارە، عەشق بۆتە منداڵبازاڕ).
لێگەڕێن سێ بە سێی ئەم ھێلانەیە بپێوم
(من ئەوكات ھێندە ھێلانەم بینی،
پرسیم: خودایە، وەرزێكی دی، ئەم ھەموو باڵندەیە چی لێبكەین؟).
لێگەڕێن چوار بە چواری ئەم چوارگۆشەی یەقینە بپێچمەوە
(ئەو ھەفتەیە، ھێندە ئیماندارم ژمارد
ڕام وابوو: كەمێك لە كوفر بۆ یادگار ھەڵگرم).
لێگەڕێن پێنج بە پێنجی ئەم وازییە بشكێنم
(ئەو وەرزە ھێندە گمەی وەك یەكم دی، پرسیم:
دیارە ئەمساڵ، زێڕی ئەم خەڵاتە بۆ كەس نییە).
لێگەڕێن شەش بە شەشی ئەم مۆرەیە ھەڵدەم
(ئەو ڕۆژە ھێندە دووشەش بۆ باغچە ھات، گووتم:
بەم نگینە شكاوەوە، من چیدی یاری لەگەڵ گوڵ ناكەم).
لێگەڕێن بە حەوت بە حەوتی ئەم ئاسمانەدا سەركەوم
(ئەو مانگە ھێندە فریشتە كەوتنەخوار، ھاوارمكرد:
خوایە، بۆ ئەم باڵەخانە كۆنە، پلیكانەیەكی نییە)؟
“بەختیار عەلی”
لە دیوانی «تا ماتەمی گوڵ، تا خوێنی فریشتە»
Leave A Reply

Your email address will not be published.