(( لەگەڵ تۆدا ))

0
من بۆ تۆ …
بە گژ مەحاڵدا دەچمەوە
تەلیسمی تابووەکان دەشکێنم
خۆم ئاوێزانی عیشقت دەکەم
لەکانی خۆشەویستیدا
دەسنوێژی ئەمەک هەڵدەگرم
رووی تۆ دەکەم بەڕووگەی ژینم.
من لەگەڵ تۆ …
ڕێگا یاساغەکان دەبڕم
بە کۆی بوونت لە بوونمدا
پێناسەی ڕاستی ژیان دەکەم
متوی ژووان و بینینتم
لەخەیاڵدانمدا
چرکەکانی تۆمار دەکەم.
وەرە من و تۆ …
سەری مەستمان بۆ ژوانێک هەڵگرین
بەماچی تەڕ، پێکی ئەوین لەیەکبدەین
چش لەکولتوور و نەریتکەین
دڵەی پڕ زام و برینمان سارێژبکەین
وەک هەتوانێ
خۆمان لە جەستەی یەکتر بسوین.
من لەگەڵ تۆ …
ناخی زەوی دەهەژێنم و دەیهێنمە گۆ
رازی ژوانێ دەدرکێنم
بە گوێچکەی تۆ
خۆشمدەوێی خۆشەویستم
هەنگی لێوم لە فڕینە
بۆ گەیشتن بە لێوانی شیرینی تۆ.
تۆ لە دڵی من …
سرتەو چرپەی دڵەی پڕ سوێی
نەغمەی خۆشخوان و
سیمفۆنیای ئاوێزانیی
ڕوحی نەسرەوتی منی
پێناسەی بوون و مەعشوقی ئەزەلیی
بێ ئۆقرەی منی.
” سروەی بەیان “
٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭
تابوو = حەرام
ئەمەک = وەفا
یاساغ = ممنوع
متوو = هۆگربوون
هەتوان = مەڵحەم
Leave A Reply

Your email address will not be published.