هەرێمی کوردستان گۆرستانی ئازادی ڕا دەربڕین !

0

تایبەت بە ئەلتەرناتیڤی شورایی/ ئامادەکردنی عمر چاوشین 

دۆخی ئازادی بە گشتی و ئازادی ڕا دەربڕین بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپ بوون دەچێت و ئاستەنگیەکانی بەردەمی هەر لە گرتن و سزادان تاوەکو لێدان و هەڕەشی کوشتن زیاتر دەبن، چالاکوانان پێیانوایە هیچ هیوایەک نییە بۆ چاکبوونی.

 

یوسف جەعفەر یەکێک لە مامۆستا ناڕازیەکانی سەر شەقام، پێیوایە ‘ئازادییەکان بەگشتی و ئازادی ڕادەربڕین بەشێوەیەکی مەترسیدار لە پاشەکشەدان و گوشارەکان زیاتر لەسەر کەسانی ناڕازی و ئەوانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتدان وەک ڕۆژنامەنووسان و چالاکان کەوتونەتە ناو سێرەی تیرۆری دەسەڵاتدان.

ئەوەی ڕەخنە گرێکی جدی بێت و کەمو کوڕی و فەشەلی حوکمڕانی خیڵ گەرایی دەسەڵاتی دەرخست بێت رووبەرووی تیرۆر یان زیندانی کراوە، بەلگەش بۆ قسەکانم شێروان شێروانی ڕۆژنامەنووس تا ئێستاش لەزیندانی دەسەڵاتی خیڵگەرای هەرێمدایە’ هەروەها یوسف دەڵێت ‘.ئەوەی لەم خاکە حوکم دەکات خیڵ و بنەماڵەکانن ئەوانە هیچ باوەڕیان بە بنەما سەرەتایەکانی یاسا و دەستور نییە.

ئەوەی کەباوەڕیان پێیەتی بەڕژەوەندیەکانی خیڵ و لەناوخیڵیش بنەماڵەیە.ئەوەی باوەڕیان پێی نییە بنەماکانی ئازادی و مافی مرۆڤە’.

مامۆستا یوسف تێڕوانینی لەبەرامبەر لایەنە ئیسلامیەکان و دەست لەملانیان لەگەڵ دەسەڵاتدا دەڵێت ‘لایەنە ئیسلامیەکان بەشێکی دانەبڕاون لە دەسەڵاتی خێڵگەرایی لەهەرێمی کوردستاندا خەڵکانی ئازادی خواز ناکۆک بەبیروباوەڕی ئیسلامیەکان لەلایەن خودی ئەو هێزانەوە تیرۆر کراون یان بێ سەرو شوێنکراون و تا ئێستاش بەشێوازی جۆراوجۆر درێژە دەدەن بەو ترس و تۆقاندنە و پارسەنگی باشیان ڕاگرتوە بۆ هێزە خیڵ گەراییەکان و سەریان لەناو سفرەی گەندەڵی حوکمڕانی خیڵگەرایدایە.

بۆیە ئەم جۆرە هێزانە ترسناکترن لەسەر ئازادیەکان’ ئارام ئیبراهیم، گەنجێکی چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەڵسوڕاوێکی ئازادی خوازەو لەسەر ئازادیەکان لە سۆشیاڵ میدیادا ، دەڵێت ‘پێم وایە سۆسیال میدیا و تۆڕە کۆمەلایەتیەکان ئەوەندەی نەهامەتی و بەدبەدبەختیان بۆ ئازادی خوازان هێناوە لەم ولاتە بەد بەختەی ئێمە ئەوەندە خزمەتی دەنگی ئازادیان پئ نەکراوە، دەسەڵات ئازادی خوازان و هەڵسوڕاوانی تێدا ڕاو دەکات و دەستنیشانیان دەکات بۆ سەرکوتکردنیان و خەڵک و کۆمەڵگەیان پێ چاوترسێن دەکات وەک ئەوەی ئێستا لە عیراق و کوردستان دەگوزەرێت، پێموایە لەبری ئەوەی ببنە ویستگەی بلاو کردنەوەی ئازادی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە وڵاتە دواکەوتوو چەقبەستوەکان و خەفەکراوەکاندا بونەتە دەروازەیەک بۆ خنکاندنی دەنگی ئازادی خوازان .

سۆشیال میدیاو تۆڕەکان دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی سەرمایەداری لەبەرژەوەندی خۆی خوڵقاندویەتی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوری جوگرافی دەسەڵاتەکەی و دادۆشنی خەڵک و هەڵتەکاندنی گیرفانی زەحمەتکێشان .

ئەوەتا بەڕۆژی ڕوون ئەو خەڵکانە دەکوژرێن و فەلاقە دەکرێن کە تەنانەت بە تاکە کۆمێنتێک لۆمەی دەسەلاتی سیاسی دەکەن و ئەوانەی ڕەخنە لە دین دەگرن لە ناوەند و بڵندگۆ دینیەکانەوە ئیدانە دەکرێن و هەندێک جار کاردانەوەکانیان دەگاتە فتوای کوشتن و سوککردن لەناو کۆمەلگەدا، ئەوەی لە دین و دەسەڵات و کلتوری دواکەوتوو ڕازی نەبێت هیچ نەفەسی ئازادی بۆنا هێڵنەوە ، چەندان کەس لە ژنان و کچان و کوڕان لەناو خێزانەکانیان دەرکراون یان بەدەرکردنیان داون ، دواتر یان کوژراون یان ڕایانکردووە’ ئارام دەشلێت ‘هەزاران کەس بە خۆمەوە، یەکێکین لەو قوربانیانەی کە هیچ نەفەسی ئازادیان بۆ نەهێشتوینەوە لە ئێستادا لە وڵاتی دووەم دەژین ، من چانسی باشم هەیە کە لەوڵاتە وێرانەکەم نەکوژراوم یان بەکوشتن نەدراوم ، لەڕێگای مەرگیش نەبووم بە خۆراکی قرش و قاچاخچیە ئینسان فرۆشەکانیش .

من یەکێک بووم لەوانەی کە بوومە قوربانی و چەندان جار کەوتوومە بەر هەڕەشەو مەترسی گەورەوە ، تا بڕیاری بەجێهێشتنی وڵاتمدا و ژیانی دەربەدەری و غەریبیم هەلبژارد ، بەس دڵخۆشم چونکە نامەوێت دەستبەرداری ئەو شتە بم کە باوەڕم پێیەتی ، ئەگەر بمرم لە پێناوی ئەوەی کە باوەڕم پێیەتی ، ئەو مردنە بە خۆشحالیەوە قبوڵ دەکەم ، ئەوە بە باشتر دەزانم نەک هەموو رۆژێک سوکایەتی و خەفەکردنی ئازادیم بەسەردابدەن و بێدەنگی قبوول بکەم !

بەداخەوە ئەوانەی کە پاریزگاری لەدەنگی ئازاد دەکەن زور کەمن، بەلام هەموو دەوربەرەکەمان پڕن لەو خەڵکانەی کە هەڕەشەن بۆ ئێمە لە دەسەڵاتی دینی و قەومی، تەنانەت خەڵکیان لەناو خێزانەکانیش لەیەکتری کردوە بەدوژمن هەر لە خێزان و کۆمەڵگە و پیاوانی ئاینی و سیاسی تا دەگاتە تاکی سادەی بارگاوی بە پۆخلەواتەکانی کۆمەلگە دەست لە میلانێی یەکترن بۆ کوشتن و خنکاندنی ئەو دەنگە ئازادانە’

یاسین عبدوڵا گۆپاڵ، یەکێکی دیکەیە لەو مامۆستا ناڕازیانەی سەر شەقام کە چەندان جار دەستگیر کراوە و فڕێندراوە، دەسەڵات بەوەش نەوەستاوە ئەندامانی خێزانەکەی کردۆتە ئامانج ئەو لە وڵامی پرسیاری ئایا خەڵک دەتوانێ بێ ترس بەشداربێ لە ناڕەزایەتیەکان و قسەی دڵی خۆی بکات دەڵێت ‘كەسانی دڵسۆز و خۆنەویست كە لە پێناو ماف و ئازادیەكان تێكۆشاون و بوێرانە دەنگی نایان بەرزكردۆتەوە، دەتوانم بڵێم ھەمیشە بە ھەموو جۆرێك دەسەڵات ڕوبەڕووی دەنگە ناڕازیەكان بۆتەوە، لەو پێناوەدا زۆرێك دەستگیركراون و تۆمەتی ناڕەوایان بۆ ھەڵبەستراوە و بەھێزی پارە و چەك بەشێكی زۆری كۆمەڵگەیان پێی بێ دەنگ كردوە .

موتڵەقی دەتوانم بڵێم تەنانەت تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیش بۆتە ھۆكارێكی سەرەكی بۆ كوشتنی توڕەیی خەڵك کە تۆڕەکان شوێنێكە بۆ خاڵی بوونەوەی ناڕەزایەتیەكان بێ ئەنجام’ لەسەر جۆرەکانی ئازادی مامۆستا یاسین پێیوایە، ئەو پرسیارە كەمێك ئاڵۆزە بۆیە وەڵامی ئاڵۆزی دەوێ بەكورتی ئازادیەك بوونی ھەیە كە پەیوەندی نەبێ بە گەندەڵی و خراپی حوكمڕانی دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار و ئیسلامیە سەر نەویەکان ئەگەرنا جۆرەكانی تری ئازادی تاڕادەیەك بەدی دەكرێ بەتایبەت ئازادیەك ببێتە ھۆی تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگە و سەرقاڵبوون پێیەوە، پێچەوانەکەشی ڕاستە و گرنگە بڵێم لە کوردستان دەیان جۆر پێشێلی ئازادی و مافەكانی مرۆڤ ھەیە ، بۆ نمونە دەستگیركردنی چالاكوان و ڕۆژنامەنوسان بێ فەرمانی دادوەر یان ڕێگری كردن لە چالاكیەكان و ڕوماڵكردنیان ، وە یان پێنەدانی ماف بە خاوەن ماف وەك مووچەخۆران تا ڕاگرتنی پلە بەرزكردنەوەو لێبڕین و پاشەكەوت بێ ڕەزامەندی خاوەن ماف ‘..

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.