لەپێشوازی یەکی ئایاردا

0
عەبدوڵا مەحمود
یەکی ئایار رۆژی هاوپشتی و هاوچارەنووسی جیهانی چینی کرێکار، رۆژی نەفرەت لە نیزامی هارودڕندە و چاوچنۆکی سەرمایەداری.. بەڕێوەیە…
رابەران و هەڵسوراوان و رێکخراو و یەکێتییە کرێکارییەکان، حزبە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە تەواوی دنیادا لەپێشوازی ئایاردان. ئایاری ئەمساڵ لە هەلومەرجێکی زۆر تایبەتدا بەڕێوەدەچیت…
لە هەلومەرجێکدا، کە سەرمایەداری نەک تەنها لەرێگای بەتاڵانبرنی هێزی کاری چینی کریکارەوە، نەک تەنها لە رێگای مژینی هێزو توانای ملیاردەها ئینسانەوە، بەڵکو هاوکات لە رێگای جەنگی راستەوخۆی و ناراستەوخۆ، لەرێگای دیموکراسی و دیکتاتۆرییەوە، بێ شەرمانە گۆی زەوی کردۆتە پارچەیەک لە جەنگ و نائارامی… و کردویەتی بە هەسارەیەکی ئاوس لە ململانێ و قوتبەکان و بلۆکەکان و دەوڵەتەکان.
دنیای کردۆتە گۆرەپانی و دووبەرکی و کێبەرکێی قەومی و دینی و مەزهەبی و تایفی و رەگەزی… کردویەتی بە بازارێك کەبە جەنگ و بە ئاشتییە روکەشەکەیەوە، نەک تەنها خولیاو خەون و ئارەزووەکانی ئینسان، بەڵکو خودی ئینسانەکانەکانیش لە کورەیەکی گەرمی چاوچنۆکیدا دەکاتە قەرەبروت. ژینگەی زۆربەی ئینسانەکانی هەر پێنج کیشوەکەی دنیای نەک هەرکردوە بە شوێنی رمبازێنی و جەنگ و کێبەرکێی چەکی وێرانکەر، بەڵکو خودی ژینگەشی کردوتە ژەهری، ژەهراوی کردنی ئینسانەکان و بونەوەرە هەناسەدەرەکان…
ئەمرۆ ئاماری قوربانیانی نائەمنی شوێنی کار، برسیان و بیکاران و بێسەر پەنایانی کرێکار، تا دەگاتە قوربانیانی جەنگ و بۆمبارانەکان… ئامارێکی ترسناکی بێوێنەن لە مێژووی تائیستای بەشەریدا. دنیا نوقمی سامانە، و ئۆردی بی داهات و سامانیش دنیای نوقمی خۆی کردووە. توانایی و داهینانی ئینسان، بە تیژرەویەکی سەرسورهێنەرەوە دەئاژوێت…
کەچی بە هەمان تیژرەوی و خێرایەوە، بیکاری و گرانی و نابەرابەری، دەرواتە پێشەوە. زۆر لەسەروی چاوەروانی ئینسانەوە، خزمەتگوازری هەمەلایەنی تەندروستی و تەفیهی و پەروەردەیی بۆ هەموان ئیمکانی هەیە، کەچی نەک بەملیۆنان ئینسان ویڵی ئەو خزمەتگوازیانەن، بەڵکو بەشێکی زۆر لە خزمەتگوزارییەکانی رابردووش، کەمتر دەکرێنەوەو دەبنە قوربانی قازانج پەرستی و کەڵەکەی سەرمایە. ژمارەیەی سەرمایەدارەکان و مۆلتی ملیاردێرەکان هەڵدەکشێت، و لە بەرامبەردا ئۆردوی نەداران و بێبەشان و هەژاران…
نەک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و دواکەوتوو، بەڵکو لە ناوجەرگەی ئەمریکاو ئەوروپادا، بە وێنەی کۆشک و باڵەخانە هەور برەکان، هەڵدەکشێن.
توانای بیناسازی و فیرکردن و پزیشکی… سەرسام ئاوارە، کەچی بێخانەو لانەیی و ئۆردی بێ سەرپەناکان و ژیان لەسەر شەقام و ناو میتیرۆ و ژیر پرد و سێبەری باڵەخانەکان و کەلاوەکان و ناو کارتۆن و خەوی سەفەری… فراوانترو فراوانتر دەبێت. ئاماری هەڵاتوان و ئاوارەکانی دەستی جەنگ، بەدەیان ملیۆن ئینسانە…
ژمارەی ئەوانەی توانای فیربوونیان لێدەسەندرێتەوە، بەرینتر دەبێتەوە، نەخۆشییەکان و پەرینەوەو تەنینەوەیان… جەستەی ملیۆنەها ئینسانی هەڵتەکاندوە…
بانگەشەی دیموکراسی هەدا نادات و قوبانیانی دیموکراسی هێندە زیادی کردووە، بەراورد بە قوربانیانی سیستەمە دیکتاتۆرە چنگ و بەخوێن و قەومی و دینییەکان، ناکرێت… دیموکراسی و سیستەمە بەناوکراوەکەی لەم سەردەمەدا بە ملیۆنەها ئینسان دەکاتە کردەی بەناو دیموکراسی.
تەماشاکەن… جەنگ و ئابلۆقەی ئابوری و، جەنگی بە وەکالەت و راستەوخۆ… هەموو لەلایەن سەرانی دەوڵەتەکانی لانکی دیموکراسیەوە، ئاراستە دەکرێن و پشتیوانی لە رژێمە تێر نەبوو لە خوێن و کوشتار و سەرکوتەکان… لە لەلایەن ئەو جەنابانەی دیموکراسیەوە، دەکرێن و سەرپۆشی قازانج پەرستی سەرمایە تاوانە دڵهەژین و جەرگبرەکان دەشارێتەوە.
تاڵیبان و ئوسامەکان، داعش و هاوشێوەکانی، لەلایەن کاراکتەرە سیاسی و دەوڵەتە سەرمایەدارە دیموکراسیەکانەوە دروستکراون کە بەسەدان هەزار ئینسانیان قەسابی کردووە، بە بیانوی جەنگیش دژ بەو غولە خوێنرێژنەی ئیسلام… لەلایەن هەمان جەنابانی دیموکراسی و سەرمایەدارییەوە، بەسەدان هەزار ئینسانی تر، قەسابی دەکرێن و بەشێکی بەرینی دنیاش بۆتە مەڵبەندێکی نائارام و ناسەقامگیر و تەنانەت ناجیگیر. ستەمی سەر ژنان و هەڵاورادنیان، توندوتیژی و بیمافیان… هیشتا شەرماوەرترین دیاردەی دنیای دیموکراسی و سەرمایەدارییە… کاری مناڵان و هەڵوشینی شیلەی جەستەیان و کوشتنی خەونی رەنگاڵەییان، لە مەیدانەکانی کاری سود پەرستیدا، ریسوایەکی تری سیستەمی گەنیوو گەندەڵی سەرمایەدارییە…
ئەم بەربەریەتەی سەرمایەداری… دنیای تەنیوەتەوە. لەو نێوەدا عێراق و کوردستانیش بەشێکە لەو جەهەنەمەی سەرمایەداری بۆ چینی کرێکارو خەڵکی ستەم دیدەو بێبەشی خوڵقاندووە. لە عێراق کوردستاندا جگە لەجەنگ و کوشتار و هەڵاواردنی فەرمی لەژیر ناوی فیدرالیزمی قەومی و دینی تایفیدا، وەبەجیا لە چەوساندنەوەی چینایەتی و بێبەشی هەمەلایەنەی چینی کرێکار لەسەرەتایترین مافەکانی، هاوکات ناسنامەی چینایەتیشی، لە ژیر ناوی بەفەرمانبەرکردندا لێسەندراوەتەوە، کە یاسای سەردەمی بەعسە.
لەکوردستاندا چینی کرێکار… وەکو بەشێک لەو چینە جیهانیەی دنیا… لەهەلومەرجی تەواو نائینسانی و نائەمن و نەخوازروادا راگیراوە.. چینی کریكاری کوردستان جگە لە کرێی کەم و نائەمنی شوینی کارو و بیمافی و نەبوونی بیمەکان و سەختی کار… جگە لە بێکاری و فراوان و هەڵاواردن لە ژێر ناوی ژن و پیاو، کریکاری خۆیی و بیانی، کرێکارانی لەسەر کارو بێکار…
تەنانەت بەشێکی بەرینی ئەو چینە لە کەرتی گشتی و حکومیدا!! ئەو موچەیەشی پێنادرێت کەبەشێکە لەمافی خۆی، بەڵکو لێی دەدزرێت و لەلایەن کۆمپانیا سیاسی بازرگانی و حزبی و ناحزبیدا، حەپەلوش دەکرێت، یان دوای دەخەن.
لەیەک رستەدا، قوربانیانی هەموو ئەو بەربەریەتەی سەرمایەداری، چینی کرێکار و خانەوادەکانیانە لەسەراسەری دنیادا، بێ گوێدانە ناسنامەی دەوڵەت و وڵاتی و بی گویدانە پێناسی قەوم و دین و رەنگی پیست و دوور و نزیکیان لەیەکتریەوە…
بۆیە یەکی ئایار… رۆژی نەفرەتی ئەو چینە سەراسەری و جیهانیەیە، کە کۆمەڵگە لەسەر شانی ئەو دەچەرخێت، بەدژی ئەو نیزامەی کە دنیای کردۆتە دۆزەخ بۆ چینی کرێکار… یەکی ئایاری هەموو ساڵێک رۆژی ناوتن و رەتکردنەوەی ستەم و بێمافی هەزار سەری سەرمایەدارییە لەلایەن چینی کرێکارەوە… رۆژی نەفرەت و تورەیی چینێکە، کە ئەگەر رێکخراو و یەکگرتوو بێت، ئەگەر دەست بداتە راگرتنی چەرخەکانی بەرهەم هینان، دنیای سەرەوخواری ئیستا، رادەگرێت و هەڵدەگێرێتەوە.
یەکی ئایار ئەگەر بۆ هەموو چینی کریکار… لەسەراسەری دنیادا هەڵگری پەیامێکی هاوبەشی جیهانی بێت دژی نیزامی سەرمایەداری… ئەوا تایبەتمەندی ستەمی تایبەتی هەر وڵات و دەوڵەت و جغرافیایەک، بەدژی ستەم و بێمافییە تایبەتیەکانی هەرکام لەو وڵات و دەوڵەتانە…
بەشیکە لەهەمان پەیامی سەراسەری چینی کریکار بە رووی سەرمایەداریدا… چینی کریکار لە کوردستاندا وەکو بەشیک لە ئۆردووە جیهانیەی چینی کرێکار… پێویستە لە یەکی ئایاردا، یەکگرتوانەو رێکخراو بێنە مەیدان…
چەرخەکانی بەرهەمهێنان و سەرچاوەکانی کەڵەکەی داهات… لە شوێنی کاریاندا رابگرن. شوێنی کارو سەکۆ کۆبونەوەی ئاکسیۆنە ئایارییەکان بکەنە شوینێک بۆ نیشاندانی توانایی خەباتکارانەو گۆرەپانێک بۆ بریاردان لەسەر ریكخراوبوون و پیکهێنانی رێکخراوەی سەربەخۆی خۆیان و بەیانی داواو داخوازییە رەواکانیان. لە زیادکردنی موچەوە، بۆ بە هەمیشەیی کردنی کاری گرێ بەست، بیمەی بیمەی بێکاری شیاو بۆ بێکاران و هێنانی یاسای کاری پێشرەوی کرێکاریی کە سەرجەم ماف و داخوازییەکانی چینی کرێکار، لەخۆ بگریت…
یەکی کرێکار… رۆژێکی تایبەتە کە دەتوانێت ئاست و توانایی چینی کریکار و ئاستی رێکخراوبوونی ئەو چینە نیشان بدات، یان بکاتە شوێنێک بۆ بریاردان و رێکخراوبوون و هینانە گۆڕی داواو داخوازییەکانیان…
رابەران و هەڵسوراوانی چەپ و کۆمۆنیستی چینی کریکار و ڕێکخراوەکانی ئەو چینە، پێویستە هاوکات لەگەڵ هاوچینەکانیان لە دنیادا، لە ئێستاوە خۆیان بۆ پێشوازی لەیەکی ئایار ئامادە بکەن و یەکی ئایار بکەنە رۆژێک بۆ رۆژی ناوتنی گشتی و ڕێکخراو و رۆژێک بۆهێنانە مەیدانی داخوازییە سەرەکی و مافە پایماڵکراوەکانیان…
بژی یەکی ئایار…
رۆژی نەفرەت و نارەزایەتی بەدژی نیزامی سەرمایەداری…

Leave A Reply

Your email address will not be published.