ئازادی دەستبەجێ بۆ عەلی سیاسی

0
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە (٢٥-٤-٢٠٢٣)، لە شاری هەولێر، هێزێکی چەکدار هەڵیکوتاوەتەوە سەر ماڵی (عەلی مەحمود) ناسراو بە (عەلی سیاسی)، هەڵسوڕاوی سیاسی چەپ و چالاکوانی بواری ئەنفال و جینۆساید و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە کوردستانی عێڕاق.
لەم هەڵمەتەدا، هێزە چەکدارەکە ئەم چالاکوانەیان فڕاندووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان بردووە، هەروەها بە شێوەیەکی زۆر ناشارستانیانەش ناوماڵەکەیان بەسەریەکدا شێواندووە و کەلوپەلەکانیان تێکوپێک شکاندووە.
(عەلی مەحمود)، ڕووخسارێکی خۆشەویست و ناسراوی چەپ و ئازادیخوازی ناڕەزایەتیـیە جەماوەریـیەکانی کوردستانە و لە ڕێکخەران و ڕابەرانی چەندین خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان بووە بۆ بەدەستهێانی مافەکانیان، و هەروەها لەو چالاکوانانەیە کە لە هەوڵدایە ئەو سەرۆک جاشانە دادگایی بکرێن، کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا بەشداربوون لە هەڵمەتی کۆمەڵکوژی ئەنفالی ئەو ڕژێمە شۆفێنست و فاشیستەدا، و ئێستا لە لایەن حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتدارییەوە؛ (پارتی) و (یەکێتی)، داڵدەدراون و بوون بە خاوەن ئیمتیازی گەورە، لە حاڵەتێکدا کەسوکاری ئەنفالکراوەکان بێماف و بێ خزمەتگوزاری ژیانێکی کولەمەرگی بەسەر دەبەن.
لەم ساڵانەی دواییدا، گرتن و زیندانی کردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان و هەڵسوڕاوانی سیاسی لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدارەوە، بەتایبەت حزبی دەسەڵاتداری زۆنی (زەرد) پەرەی سەندووە و ئەم کردووە قێزەونەش لە بەردەوامی ئەم سەرکوتگەرییانەدایە و ئامانج لێی خوڵقاندنی کەشێکی سیاسی تۆقێنەرە بۆ چاوترساندنی خەڵک و ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕەزایەتییە بەرحەقەکانی جەماوەر.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی، لە کاتێکدا بەتوندی سەرکۆنەی فڕاندنی ئەم چالاکوانە سیاسیـیە چەپ و ئازادیخوازە دەکات، و خوازیاری ئازادکردنی دەستبەجێـیەتی، لە هەمانکاتیشدا ڕایدەگەێنێت کە سەلامەتی ژیان و تەندروستی ئەو لە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەکانی ئەو شارە و حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمەکەدایە.
بەدڵنییاییەوە ئەم ملهوڕی و عەنجەهییەتەی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی هەردوو حزبی دەسەڵات، نابێ هەروا ئاسان تێپەڕێت و دەبێ ڕیسوا بکرێت لە لایەن ئازادیخوازانەوە، بەڵام دانانی سنورێک بۆ ئەم ئیستیبدادە سیاسییە لە هەرێمی کوردستاندا، پەیوەستە بە هاتنەمەیدانی جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخوازەوە، بەڕیزێکی یەکگرتووانەوە و بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستیـیەوە.
ئازادی دەستبەجێ بۆ عەلی سیاسی
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
٢٥-٤-٢٠٢٣
Leave A Reply

Your email address will not be published.