” پەیوەندیکردن” (مرۆڤی ئێستا بوونەوەرێکی بەفیڕۆدەرە، بە تەنها بە فیڕۆدەری کاڵا و شمەک نییە بەڵکو بەفیڕۆدەر و سەرفکەری بەها پیرۆزەکانی ژیان و پەیوەندییەکانیشە)

0
ئاڤان جاف
هەروەک چۆن گەردوون و سروشت و بوون و نەبوون پێکەوە پەیوەستن بەهەمان شێوە ماهیەتی بوونی مرۆڤ و پەیوەندیکردنیش پێکەوە پەیوەستن. لە یاسای مرۆڤایەتیدا هەر لە ئەزەلەوە بۆ هەتاهەتاییە، ئامادەیی و شوێن و جێگەی مرۆڤ تێیدا بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی یە، واتا پەیوەندیگرتن پێویستییەکی بنەڕەتی و بەردەوامیە، مرۆڤ و مرۆڤبوون گرێدراوی بوونی پەیوەندیەکی هزرگەری هاوسەنگ و پەسەندی متمانەپێکراوی کاریگەر و خوازراوە.
هەیبەت و قورسایی پەیوەندیی و پەیوەندیگرتن لەسەر بنەمای عەقڵ و ویژدان و پێوەری ئەخلاقی دروست کاردەکات کە بەرهەمدارترین دیاری و گەورەترین دەستکەوتی پڕ بەها و مانای خزمەت و پشتیوانی مەعنەوییە.
پیرۆزترین و ڕاستترین و درێژخایانترین و کاریگەرترین پەیوەندیگرتن، ئەو پەیوەندییەیە کە بە بوونی کەسێکی دروست و شیاو و باوەڕپێکراو بە ئاکار و کردەوەی ئینسانی سەرکەوتووانە و ڕاستگۆیانە لە تاقیکردنەوە و ئەزموونەکانی ژیان دەرچووبێت و وانە و پەندی وەرگرتبێت، ئەم کەسانە دەبنە کەسێکی ڕۆحیی و گیانی بەردەوام ڕاگرتن و زیندوومانەوەی پەیوەندیەکان، دوور لە خۆپەسەندی و خۆپەرستی و بەرژەوەندخوازی، دوور لە نمایش و زمان لووسی، دوور لە دووروویی و ڕیاکاری و کات بەفیڕۆدان، دوور لە گوێگرتنێکی سەرپێی و ڕاگوزەر هەڕەمەکی، ئەم کەسانە دەبنە گوێگرێکی دەربەست و خەمخۆری نهێنی پارێز.
لە پای پیرۆزی هەموو ئەم خەسڵەتە مرۆییانە، دەتوانین ئازادانە و ڕاشکاوانە، ڕاستگۆیانە بە بێ سڵکردنەوە خۆمان بین، دەتوانین قورسایی خەم و کۆست و دەردەدڵ و مەراق و سکاڵای هەموو ئەو چیرۆکە ئازاراویی و کۆڵەوارە هیچ و پووچ و قەڵبانەی کە بە هەموو چەشنە دەرد و ژانێک گەمارۆدراون، هەموو ئەو خەونە پەشۆکاو و ژاکاو و مەحاڵانە، هەموو ئەو خەیاڵ و ئەندێشە بێبەندوبار و پڕووپووچانە هەڵڕێژین و باسییان بکەین، بە ئاکار و هەڵوێستی بەرزەوە بە جەوهەر و حەقیقەتی ئازارەکان بگەین، بە پەرۆشی و گیانی هاوکارییەوە بە نێو ڕۆحی باس و خواسەکاندا ڕۆبچین و شۆڕبینەوە، بتوانین کەم تا زۆر هەموو ئەو وەهم و گومانە بەدفەڕ و ناپەسەندانە بچووکبکەینەوە، هەموو ئەو خەیاڵە نەزۆک و تەزیو و نائومێدکەرانە بەتاڵبکەینەوە، شەکەتی چاڵە پڕ لە خەم و ناسۆرەکانی ناخ و بێزراویی و ئاڵۆزی بۆشاییە قووڵەکانی بیرکردنەوە پڕبکەینەوە، بتوانین شەپۆلە سەرشێتەکانی دەریای شپرزەیی و نیگەرانی و گێژەڵووکە وەڕزکەرەکانی بێ هیوای ئارام بکەینەوە، قەتارەی ئەشکی بێتاقەتی و سەغڵەتیی و شڵەژانی بێ حەوسەڵەییەکان دابمرکێنینەوە، بتوانین تەم و مژی ڕێگە کوێر و تەنگەبەرەکان، تەڵخیی و تاڵی هەناسە ناڕوونەکان کورت بکەینەوە، کە باشترین دەرمان و دەوان بۆ قەرەبووکردنەوەی تەنیایی ڕۆح و ڕێکخستنەوەی هەست و بڕیار و ئەزموونە ناکۆکەکان و وچانێک بە هەموو ناڕەحەتبارییە شەکەت و خەمهێنەرەکان دەدات.
هەناسەی بووژانەوە بە هەموو هەوارە سیس و چرووساوەکانی ڕۆح و هەموو ساتە بێ نازەکاندا دەگەڕێنێتەوە، مەزاجە بێئارام و لە گرێژنە دەرچووەکان ڕێک و ڕاست دەکاتەوە. ئەمەش گەورەترین وزەیە کە ناهێڵێت لە ئازار و شکستدا بمێنیتەوە لە هەمان کاتدا بێدارکردنەوەیەکە لە دەقگرتن بە فۆڕمێکی دووبارەی بیرکردنەوە کە گووڕ و تینی بەردەوامی و جوانبینی ژیانت بۆ دەگەڕێنێتەوە بە هەموو کەموکوڕیەکانیەوە .
چەند نەجیبزادە و ڕەسەن و شکۆمەندن ئەو کەسانە!
چەند داڵدە و پەنایەکی کەم وێنە و دەگمەنن ئەو کەسانە!
Leave A Reply

Your email address will not be published.