هەم ھاوڕێ بابی شیوعیین

0
وتی: ببوورە دانیشتنەکەم لێ تێک دایت ، وا بزانم شتت ئەنوسی؟ وتم : کێشە نیە ھەر ئەم ویست چەند سەرە دێڕێک تۆمار بکەم .
وتی: شتێکی باش ئەکەیت ئەگەر ئەم بارودۆخە نالەبارەی ئەم ڕۆژە سەختانەی خەباتمان تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لە بیرمان نەچنەوە ھەرچەندە بڕوا ناکەم ھاوڕێیەک ھەبێ لە ناومانا ئەوەی بینیویەتی و تیا ژیا بێت لەم چەند ڕۆژەدا لە بیری بکات ئەگەر لە لاپەرەکانیشماندا نەنووسرێتەوە چونکە برینێکی سەختە بە جەستمانەوە و ساڕێژ بوونی محالە، ئەوەی بینمان لە سینماشدا ھێشتا بەرھەم نەھاتووە .
چەند ڕستەیەکی تری وت، ئەوەندە بێزار و تاسا بوو ووشەکان نەئەبستران ،کوردی و عەرەبی تێکەڵ بوو، دووکەڵی جگەرەکەی و ھەناسەی ووشەکانی بێ سەرو شوێن ئەکردن.
لە من وا بوو ھەر خۆم بێزار و بێچارەم کاتێ ئەم ھاوڕێیەم بینی خۆمم زۆر باش ھاتە پێش چاو.
سەری بەرز ئەکردەوەو دووکەڵی ئەنارد بەرەو ئاسمان و ئەیدا بە بادا
ڕووی وەرگەڕا بە زەردەخەنەیەکەوە وتی :
ئەوە جەرگ و دڵمە ئەسووتێ و ڕۆحیشم ئەبێتە دووکەڵ جەستەم بە جێ دەھێڵێ.، بێ دەنگ بوو و ھەناسەیەکی دووکەڵاوی ھەڵکێشاو ئینجا وتی: خۆ خۆم و دووکەڵەکەم بێزارمان نەکردوویت.
شەوی ڕابووردوو نەمتوانی بخەوم بۆیە وا زوو ھەڵسام و شوێنەکەم جێھێشت. بینیم مقھاکەی ھاوڕێیان گەرمە چووم لەوێ لەگەڵیان دانیشتم ، باسی شتی زۆرمان کرد.
ئەمڕۆ ئەو لاپەڕەیەت با بۆ قسەکانی من بێت ئەگەر حەز ئەکەیت، با منیش ببمە سەرە دێڕێک لە دەفتەرەکەتا نەوەکو ڕۆژێک نەمێنم و شەھید ببم لە بیر بچمەوە.
سەرم بەرز کردەوە و سەیرم کرد و لە دڵی خۆمدا وتم دیارە ڕووداوی تریش لە ڕێگاماندایە وا خۆی بۆ ئامادە کردوە .
وتی: لات سەیر نەبێ ھاوری، ئێمە لە نێوان ژیان و مەرگ داین ،کێ ئەزانێ چیمان بەسەر دێ لەوانەیە ئەمە دوا ھەوارمان بێت.
وتم چی بنووسم؟
ئەزانی ئەکبر ھەڵەی سیاسی ئەم حزبەی ئێمە دائما ھاوپەیمانیەتیە لەگەڵ لایەنی ناحەز کە ھەتا سەر ئێسقان ڕقیان لە ڕێبازی حزبە، ھەر زوو تاوانەکانیانمان لە بیر ئەچێتەوە وئەیان خەینە سەر رەفەیەکی زۆر بەرز بۆ ئەوەی تۆزی بیر چوونەوە دایانپۆشێ و کەس دەستی نەگاتێ نەوەکو ھاوپەیمانەکەمان لێ زوویر ببێت. باسی ھەڵە زەقەکانی عەسکەری ناکەم چونکە ئازار بەخشن.
دوێنێ جەبھەکەی بەعسیان ناو نا بوو وەتەنی بەڵام جەبھە جەبھەی حەرەس قەومی بوو.ھەرچیمان ھەبوو ئاشکرامان کرد و خستمانە بەر دەست ھەتیوەکانی حەرەس قەومی١٩٦٣ ،تۆزێ بێدەنگ بوو ، پرسی بە کوردی بە جەبھە ئەڵێن چی؟ وتم: بەرە.
سێھەمین جگەری دەرھێنا و دایگیرسان وتی: ھاوڕێکەت زۆری پێ چوو، وتم : دێتەوە ئەو لەسەرخۆیە و پەلە ناکات وەکو من نیە ،من ھەمیشە پەلەمە.
لێم پرسی بنووسم ئەمانە قسەی کێن ، ئەی نابێ ناوی تۆی لەسەر بێت.
پێکەنی ، باش بوو پێکەنینەکەشیم بینی، ئەگەر ژیام و نەمردم دەفتەرەکەم نەفەوتا بمەوێ بیخوێنمەوە بۆ دوای سەرکەوتن بڵێم چی؟
بابی شیوعیین.
سەیرێکم کرد ئەبینم زۆر بە جدیەتی .
بڵێین جی حزبایەتی وای لێ کردووین ناو و ژیانی ڕاستەقینەی خۆمانمان خەریکە لەبیر ئەچێتەوە، ناوم زۆرە بە پێی کات و شوێن و بار و دۆخەکە ئەو کەسانەی دەیان بینم دەگۆڕێ ھەر وەکو شیوعیەکانی تر دە کێشە نیە بنووسە بابی شیوعیین و حزب سەلامەت بێت. واللە بابی شیوعیین حلو .
تریسکە بە لار و لانجە گەیشتە لامان
سڵاوی کرد و ئەویش لێی دانیشت وتی: جەوەکەتان خۆشە بێ من باسی چی ئەکەن؟
جارێ واز بێنە لێمان تێک مەدە.
بابی شیوعین ئەگەر بار و دۆخەکە ئاوا بڕوا ھەموو ھاوڕێیان یەک لە دوای یە شەھید دەبن لکن باوەڕی ئێمە بە حزب و سەرکەوتن ھەر بەھێز تر ئەبێ. بەس وەکو جاران بە خێرایی ھەڵناسینەوە. بەعس توانی لە قاعیدە حزب بدات نەک لە قیادە، جاران سەرکردەکانمان لە سەنگەری پێشەوە بوون و گیانیان بەخت ئەکرد ، ھێزی حزبمان لە جەماوەرەکەیدا بوو ھەر زوو برینەکانمان ساڕێژ ئەکرد و بە ھێز و توانای پۆڵاینەوە دەگەڕاینەوە میدان .بەڵام ئێستا بەعس و دوژمنەکانمان باڵەکانی حزب دەشکێنن . ئەبوایە ھوشیار بووینایە کاتی بەرە بەڵام بەداخەوە بە ھەندێ شت ھەڵخەڵاتایین…
دێمەوە لاتان
سێڵوێ ئایاری ١٩٨٣
مەھاباد ھەورامی
Leave A Reply

Your email address will not be published.