چەند سەرنجێکم لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیدا

0
یەکێک لە بنەماکانی دێموکراتی، ئازادی ڕادەربڕینە بێ سانسۆر، دیارە ئەوەی قەڵەم بە دەست بێت ڕۆژنامەنوس نیە، ڕۆژنامەنوسان بە چەندان سیفەت و فاکتەر و جیاکاریەوە پێناسە دەکرێن و دەناسرێنەوە.
جێگای داخە بۆ ڕۆژنامەوانانی هەق بێژ و بوێری کورد زیندانی کردن و کوشتن و بریندار کردن و نان بڕینیانە لەلایەن دەسەڵاتە ترسنۆک و حکومەتە فاشستە داگیرکەرەکان بۆتە پێناسە، ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین و بەرتەسک کردنەوەی پرنسیپ و بنەما دێموکراتیەکان!
وەک ئاشکرایە لە باکوور و بەشێکی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژیانی ڕۆژنامەنوسان لە ژێر هەڕەشەی تووند دایە، لە سایەی دیکتاتۆریەتی ئەم حکومەتانەدا زیندانەکان پڕن لە ڕۆژنامەنوسانی کورد و بە سەدانیتر بە جۆرها بیانوو بریندار و تیرۆر دەکرێن و بە سەدانی تر ناچار لە نیشتیمان سەریان هەڵگرتوە و ژیان لە تاراوگە بەسەردەبەن بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان.
لە هەرێمی کوردستانیش حاڵی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی ناچنە ژێر باری حزبەکانی دەسەڵات و داوای گەیاندنی ڕاکانیان بێ سانسۆر دەکەن هیچ جیاوازییەکی نیە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی پارچەکانی تری ژێر دەستی ڕژێمە داگیرکەرەکان.
هەموومان دەزانین چەندەها نموونەی زەق هەیە، لە هەرێم بە گوللە وەڵامی قەڵەمەکانی ڕۆژنامەنوسان دراوەتەوە ، یان بۆ کپکردنی دەنگەکانیان لە زیندانەکان ئاخندراون یان دەسدرێژی کراوەتە سەر کەرامەتیان!
بێگومان زۆرینەی تاوانی کەیسەکانی ڕۆژنامەنووسانی تیرۆر کراو یان زیندانی کراو لە هەرێم دەستی ڕەشی دەسەڵات و بەرپرسە باڵاکانی لە پشتە، هەر بۆیە کەیسەکانیان لە لایەن دەسەڵاتەوە بە داخراوی ماوەتەوە!
لە هەمان کاتدا لە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی هەرێم ، بە سەدان ڕۆژنامەنوسی بێ سەواد بەرهەم هاتووە، قەڵەمە ژەهراویەکانیان بۆ پروپاگاندەی ناشیرین و پەردەپۆش کردنی تابلۆی ڕەشی حکومڕانی هەرێم بە کاردێنن!
ئەوەی جێگای تێبینیە ئەو نوخبەیە لەلایەن دەسەڵاتەوە بە گەرمی پێشوازی دەکرێن و چەندان بە ناو ڕۆژنامەنوسی بێ هەڵوێست لەم هەرێمە بەرجەستە کراوە، ئەو بەناو ڕۆژنامەنوسانە چوونکە سەربەخۆ نین و تەنها وێنایەکن بۆ پێشکەش کردنی ڕووێکی جوان بە دەسەڵاتی دوو ڕووەوە ، نەماندی ڕۆژێک لە سەر شەقامەکان مان بگرن بۆ داواکاری مافی پێشلکراوی ڕۆژنامەنوسان!
لە لایەکی تر بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان بە هۆی سیاسەت و ئاین و داب و نەریتەوە خۆیان سانسۆریان خستۆتە سەر خۆیان، قەڵەمێکی دووسەرەیان گرتۆتە دەست کە پێکهاتوە لە نوکی قەڵەمێک و ڕەشکەرەوەیەک، بە دەستێک ڕاکانیان دەنوسن و بە دەستەکەی تر دەیسڕنەوە کە ئەوە کێشەیێکی گەورەیە!
سەرەڕای ئەمانەش قەڵەمە بوێرەکان رۆڵی خۆیان بە جوانی دەبینن و بەردەوامن لە تێکۆشان بۆ ئاشکرا کردنی گەندەڵی و خیانەت و ریسواکردنی سیاسەتی ناعەدالەتی دەسەڵات و حکومەتە زۆردارەکان.
نەرمین نەجمەدین مامۆ
Leave A Reply

Your email address will not be published.