ڕاگەیاندنی هاوبەش بەبۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار

0
بژی هاوپشتیی کرێکاری دژبە نیزامی سەرمایەداری!
ئەمساڵ ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار لە بارودۆخێکدا بەرز ڕادەگرین کە ڕژیمی پرتووکاو و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی، لە جەرگەی قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایەداریدا لەگەڵ قەیرانی توندی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ناوخۆیی و ئایدیۆلۆژیک بەرەوڕووە و لە لاوازترین پێگەی جیهانی، ناوچەیی و ناوخۆییدایە لەماوەی گشت تەمەنیدا.
ڕکوودی ئابووری لە زۆربەی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و لە بازاڕ، دابەزینی و بێ بەهابوونی نرخی ڕیاڵ بەرانبەر بە دۆلار و باقیی دراوەکان، هەڵاوسانی بەرینی سەرووی ٥٠ لەسەد، هێڵی هەژاری و تێچووی سەبەدی بژێوی بۆ بنەماڵە کرێکارییەکان گەیاندووەتە سەرووی ٢٠ ملیۆن تمەن لە مانگدا.
ئەمەش لە حاڵێکدایە کە “شۆرای باڵای کار”ی دژەکرێکاریی ڕژیم لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانی بۆ ئەمساڵ نزیکەی ٥ ملیۆن تمەن دیاری کردووە. ناوەندە کرێکارییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەمە بەمانای “مەرگی تەدریجی و بڕینی یەکجاریی بژێو و ژیانی کرێکارانە”. بەڵام کرێکاران سەرەڕای هەڕەشە و داسەپاندنی کەشوهەوای توندی سەرکوت لەلایەن دامودەزگای ئەمنیەتی و سیخوڕیی ڕژیم، بە پەرەپێدانی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی خۆیان بەرەنگاری ئەم هێرشە بێشەرمانەیەی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران بوونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەمساڵ ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە ئێران لە بارودۆخێکدا دەگاتێ کە بزووتنەوەیەکی بەرینی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری بە پێشەنگایەتیی ژنان لەئارادایە و گشت دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیی کردووەتە ئامانج.
ئەم بزووتنەوەیە کە چەخماخەکەی بە قەتڵی حکوومەتیی “ژینا ئەمینی” لێدرا و ئێستا چووەتە ناو هەشتەمین مانگەوە، تەقینەوەی تووڕەیی و نەفرەتی پەنگخواردووی زیاتر لە چوار دەیەی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیدەی ئێران لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نیشان دەدات.
لەو جێگەوە کە ڕژیمی ئیفلاسهێنانوی ئیسلامی توانای وڵامدانەوە و وەدیهێنانی خواست و داخوازیی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەی نییە، لە بەرەنگاربوونەوەشیدا زەبوون و داماو بووە. درێژەی ئەم بزووتنەوەیە هاوسەنگیی هێزی کۆمەڵایەتیی بە قازانجی خەباتی کرێکاران و جەماوەری خەڵک لە باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیشدا گۆڕیوە.
بە هەمووی ئەمانەوە لەو جێگەوە کە کرێکاران بە هۆکاری قابیلی دەرک هێستا نەیانتوانیوە وەک چینێکی یەکگرتوو و ڕێکخراو بەم بزووتنەوەیە پەیوەست بن، ڕژیم هەتا ئێستا توانیویەتی دەسەڵاتەکەی لەسەر پێ ڕابگرێ. بەشداری نەکردنی چینی کرێکاری ڕێکخراو و سازماندراو بە مانگرتنی سەرانسەرییەوە یەکێک خاڵە لاوازییە ئەساسییەکانی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە لە گەیشتن بە سەرکەوتندا.
ئەمساڵ ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە کوردستانی شۆڕشگێڕیش لە بارودۆخێکدا بەرز ڕادەگرین کە کرێکاران و هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی سۆسیالیستی ناو بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە بەهرەمەندبوون لە ئەزموون و سوننەتی شۆڕشگێڕانەی چوار دەیەی ڕابردووی خۆیان لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی ئەوەڵی مانگی مەی، لە هەوڵی ئەوەدان ئەمساڵیش ڕۆژی ڕەزمی چینایەتیی خۆیان بەشێوازی جۆراوجۆر و گونجاو لە شەقام و مەیدانەکانی شارەکان بەڕێوەبەرن.
هەڵوێستی ڕوونی چینایەتیی کرێکارانی کوردستان لە ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژی جیهانیی کرێکار و بەشدارییان لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و مانگرتنە کرێکارییەکان لە شوێنی کار و ژیان، بە داخوازیی واقعی و پێشکەوتووەوە، بەستێنی گەشەی بزووتنەوەی سۆسالیستیی لە کۆمەڵگای کوردستاندا فەراهەم کردووە. ئەم واقعییەتە ڕۆڵ و پێگەی چینی کرێکاری ڕێکخراوی لە بزووتنەوەی جەماوەری و لە ئاڵوگۆڕی سیاسی و خەباتکارانە لە کوردستانیش بەرجەستە کردووە. لەم ڕووەوە لە کوردستان شایەدی پێکهاتن و سازماندانی خێرای کۆمیتەکانی لاوانی شۆڕشگێڕی مەحەلات لە جەرەیانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری “ژینا”دا بووین کە ئەمە خۆی بوو بە هێمایەکی خەباتکارانە بۆ ڕێکخستنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە باقیی شوێنەکانی ئێرانیش.
هاوڕێیان و تێکۆشەرانی کۆمۆنیست لە کوردستان!
با بەبۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار دیسان دووپاتی بکەینەوە کە لە بارودۆخی پڕ لە ئاڵوگۆڕی ئێستای ئێراندا کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەهۆی پێشڕەوی و گەشەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری کەوتووەتە هەڵدێرەوە، ئەحزاب و ڕەوتە ناسیۆنالیست و فیدرالیستەکان لە هەوڵی ئەوەدان کە بە هاوکاری و هاوپەیمانی و بە پشتیوانیی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لەپێناو بەرژەوەندەکانیان بەلاڕێدا بەرن و لەم پێناوەدا لە قەبووڵکردنی هیچ شەرمەزارییەک تەنانەت هاوپەیمانی لەگەڵ ڕەوتە دژەشۆڕشەکان دەریغیان نەکردووە. لە وەها هەلومەرجێکدا ئەرکی قورسمان لەسەر شانە. پێویستە بە پێکهێنان و سازماندانی خۆمان و بە دەخاڵەتی چالاکمان لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕی سیاسی بۆ تێپەڕین لە حکوومەتی ئیسلامی، لە بەرژەوەندی چینایەتیمان دیفاع بکەین و ئیجازە بە کەس نەدەین بۆ جارێکی تر بەرهەمی ڕەنج و کار و خەباتمان ، هەموو ئەو هەزینانەی کە لەماوەی چوار دەیەدا لە گیان و ماڵ و ژیانمان داومانە بەتاڵان بەرن.
لە وەها بارودۆخێکدا پەرەپێدان و تەبلیغی سیاسەتی سۆسیالیستی و ئاڵتێرناتیڤی حکوومەتی شۆرایی لە کوردستان زیاتر لە هەموو کاتێک هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتیی پەیدا کردووە و زامنی سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری و پارێزەری ماف و بەرژەوەندی چینایەتیمانە لەپێناو بەهرەمەندبوون لە ژیانێکی شیاوی ئینسان.
ئێمە واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە بەبۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژ و هێمای هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی هەموو کرێکاران و ئەو ئینسانە خەباتکارانەی کە لە نەبەردی چینایەتیی کرێکاراندا دژبە نیزامی ستەمکاری سەرمایەداری گیانیان بەختکرد، سەمیمانەترین پیرۆزباییمان ئاراستەی هەموو کرێکاران دەکەین. با لە ئەوەڵی مانگی مەیدا خوازیاری ئازادیی هەموو کرێکارانی زیندانی و زیندانیانی سیاسی بین. لەسەر هاوپشتی و هاوهەنگاویی بزووتنەوەی کرێکاری لەگەڵ باقیی بزووتنەوە ڕادیکاڵەکان پێداگری بکەین. لە کرێکاران و هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە کرێکارییەکان داواکارین کە بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی گەورە و میتینگی کرێکاری و بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە شارەکان بەرز ڕابگرن.
بەهیوای نەمانی نیزامی زاڵمانەی سەرمایەداری بەدەستی پڕتوانای کرێکار و دامەزراندنی دەسەڵاتی سۆسیالیستیی کرێکاران لە سەرانسەری جیهان.
بژی ئەوەڵی مانگی مەی
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست
خاکەلێوەی ١٤٠٢
ئاوریلی
٢٠٢٣
Leave A Reply

Your email address will not be published.