بەیاننامەیەک لە سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان

0
ئێمە وەک سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، بە توندى ئیدانە و سەرکۆنەى هێرشکردنە سەر پارێزەرى ڕاوێژکارى “محەمەد یابە سۆفى” دەکەین کە ڕۆژى هەینى ڕێکەوتى ١٤/٤/ ٢٠٢٣، لە لایەن تاقمە کەسێکەوە و بە بیانووى نایاسایی هێرشى کرایە سەر و پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکى جەستەیی و ڕۆحی و شکاندنى سەر و ڕووخسارى، وەک سووکایەتى سەریشى دەتاشرێت.
پارێزەرى ڕاوێژکار “محەمەد یابە سۆفى” کە یەکێکە لە ئەندامانى سەندیکاکەمان، تا ئێستا و تەنیا لە پێناو پاراستنى مافە یاسایی و ئینسانییەکانى بریکاردار کارى پیشەیی خۆى ئەنجام داوە و داکۆکى لە مافى بریکاردار کردووە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا و بە پێى ماددەى ٢٢ى یاساى پارێزەرایەتى،
“هێرشکردنە سەر پارێزەر وەک هێرشکردنە سەر دادوەر”ـە و وەک پێشێلکردن و دەستدرێژیکردنە سەر دامودەزگا یاساییەکانى هەرێمى کوردستان هەژمار دەکرێت. پێویستە دەزگا دادوەری و ئەمنییەکان،
بە زووترین کات ئەنجامدەرانى ئەم تاوانە دەستگیر بکەن و ڕێکاریی یاساییان بەرامبەر بگرنە بەر بۆ ئەوەى ڕێگە بگیردرێت لە تاوانى هاوشێوە.
ئێمەش وەک سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، لە پاڵ پارێزەرى سکاڵاکار، سکاڵاى خۆمان لە دژى ئەنجامدەرانى ئەم تاوانە تۆمار دەکەین و گشت ڕێکارە یاساییەکان دەگرینە بەر.
سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان
١٥/٤/ ٢٠٢٣
Leave A Reply

Your email address will not be published.