چۆن کاک ئەحمەدی وێنەگر و رۆژنامەنوسی N R T گیانی لەدەستدا و ساتی پێش گیانلەدەستدانی چی وتووە و چی کردووە ؟
*هونەر ئەحسان
ئەوەی من باسی ئەکەم لەزاری ئەو کەسانەوەیە کە لەگەڵیدا بوون ئەو شەو و رۆژە هیچ کاتێک هێندەی ئەمجارە کاک ئەحمەد لە خەمی بەرنامەکەیدا نەبووە، وەک هەموو جارەکانی تر کاک ئەحمەد تەلەفۆن بۆ گروپی شاخەوانییەکە دەکات و پێیان دەڵێت دەبێت بەرنامە تۆمار بکەین، ئەوانیش ئەڵێن ئاخر لەبەر رەمەزان زەحمەتە بکرێت، بەڵام کاک ئەحمەد هەر سور دەبێت و دەڵێت بە شەو بەرنامەکە تۆمار ئەکەین. بەرێ دەکەون و رۆژوەکەیان لە رێگای بەرەو سەرکەوتن بە شاخی پیرەمەگرون دەشکێنن و لەوێ نان ئامادە دەکەن و نانی ئێوارە دەخۆن.
دواتر وردە وردە سەردەکەون بەرەو لوتکەی شاخەکە تا کاتژمێر ١٢:٣٠ ی شەو لەسەر لوتکەی شاخەکە دەمێننەوە بۆ ئەنجامدانی کارەکەیان. لەکاتی گەرانەوەیاندا کاک ئەحمەد لە ستافەکە جیادەبێتەوە و دەیەویت بەزووی بگاتە لای سەیارەکەی بۆ ئەوەی بگەریتەوە و پارشێو بکات، چونکە خۆی وتوویەتی پارشێو ئەبێت بکەم.
وەک ئەو کەسانەی لەگەڵیدا بوون باسی دەکەن تەنانەت بە کاک ئەحمەدیان وتووە ئێستا شەوە و تاریکە با پارشێو لێرە بکەین و کە دنیا رووناک بوەوە ئینجا برۆینە خوارەوە، بەڵام کاک ئەحمەد سور بووە لەسەر گەرانەوەیان.
ئیتر کاک ئەحمەد بە جیا گەراوەتەوە و ستافەکەش بەجیا گەراونەتەوە، بەڵام کاتێک گەراونەتەوە لای خوارەوەی شاخەکە کاک ئەحمەدی لێ نەبووە و زۆر بەدوایدا گەراون، بەڵام نەیاندۆزیوەتەوە، بۆیە ستافەکە بەرەوە شاخەکە گەراونەتەوە و لە دۆڵێکدا هاواریان کردووە و بانگی کاک ئەحمەدیان کردووە.
لەوکاتەدا کاک ئەحمەد وەڵامی داوەتەوە و وتوویەتی من لێرەم بەڵام رێگاکەم لێ تێکچووە و بە ستافەکەی وتووە خەمتان نەبێت و ئێوە برۆن و منیش وا ئەگەرێمەوە، ئیتر ستافەکەش خەمیان نەماوە، بەڵام دوای ماوەیەک هەر کاک ئەحمەد نەگەراوەتەوە خوارەوە و بێ دەنگ بووە.
جارێکی تر ستافەکە بەدوایدا رۆشتوون، بەڵام ئەمجارە کاک ئەحمەدیان دۆزیوەتەوە لە شوێنێکی شاخەکە کەوتوەتە خوارەوە و ئەو شوێنەی لێ بەربوەتەوە و نزیکەی ٣٠ مەتر بەرزە و دنیا رووناک بوەتەوە کاتێک تەرمەکە دۆزراوەتەوە، تەرمەکەشی بەسەر دەما بووە و ئەو کاتەشی کە چونەتە سەر تەرمەکە گیانی لەدەستدا بوو.
جانتا و کامێراکە و پێداویستییەکانیشی لەناو جانتاکەیدا بووە کە لە پێشەوەی خۆی هەڵیگرتبوو.
لەبەر سەختی شوێنەکە و نەبونی شوێنی گونجاو بۆ نشتنەوە هەلیکۆپتەر بە زەحمەت تەرمەکەیان گواستوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. ئەم وێنانەی بڵاومکردوەتەوە ئەو شەو و رۆژە بووە و چەند کاتژمێرێک بەر لەرووداوەکە بووە.
ئەوانەی لەگەڵیدا بوون دەڵێن هیچ کاتێک هێندەی ئەمجارە دەم بەخەندە و وێنە و قسەی خۆشی نەکردووە ئەوەندە دڵخۆش بووە و کە تەواو جیاواز بووە لە جارەکانی پێشووی مۆبایلەکەشی هەر لەشەوەوە شەحنی نەماوە و کوژابوەوە من ٨ ساڵە لە نزیکەوە کاک ئەحمەدم ناسیووە و زۆر کارمان پێکەوە کردووە کەسێکی جدی و شارەزا بوو لە ئیشەکەی خۆی و قەت کەسێکی بەرژەوەندی خواز نەبووە و کەسێکی حەق بێژ و قسە لە روو بووە ئەو قسەیەشم پێشتر بە خۆی وتووە ماڵئاوا هاورێ و هاوپیشەم کاک ئەحمەد گیان.