سیمبولێک ، شیوعیەکان ستەمی لێ دەکەن … !

0

 

چۆن کارێکی نەکردوە بۆ هەتا هەتایە لە بیر بکرێ ، ئاوهاش دەبێ هەتا هەتایە شیوعیەکان هەمو ساڵێ لە 14ی شوباتدا شانازی پێوە بکەن و ئەو داستانە پڕ سەروەریەی ویستی بۆ شیوعیەکان لە مێژوی قارەمانێتیدا تۆماری بکا بکەنە هێمای بەڕەنگاری و بەرخودان و لە بیری نەکەن …
باسی ئاستی رۆشنبیری و پێگەی حزبی ناکەم ، بەڵام دەتوانم بلێم : ئەو لە فەهدو هاورێکانی ، سەلام عادل و هاوڕێکانی کەمتری نەکردوە گەر زیاتری نەکردبێ و بەوپەڕی خۆڕاگری بە گژ جەلادەکاندا چۆتەوە و بە بێمنەتی پێشوازی لە مەرگ کردوە … وای دەبینم سەرانی حزبی شیوعی بۆیە لە ئاستی مەزنێتی ئەو شەرمەزارن ، چونکە لە دەمی ئەنجامدانی کردارە پر لە شۆڕشگئڕیەکەی لە پشتیوانی نەکردن و لە پشتگوێ خستنی کە بونە مایەی شکستی ئەو ( نائب عریفــ ) ـە خەباتکارە لە هەڵگئڕانەوەی کودەتا شومەکەی عارفیەکان ،
شەرمەزاری بەردەم مێژون ، بۆیە چۆن کردویانەتە نەریت لە ناوهێنانی شەهیدان ( فەهد و سەلام عادل و هاوڕێکانیان ) خۆیانی پێوە با دەدەن ، ئاوهاش فەرامۆش کردنی شەهید ( حسن ألسريع ) یان کردۆتە نەریت و وەکو سەرکردەیەکی قارەمان بە زەقی و زیندوێتی ناوی نابەن …
پێموایە سەرانی ئێستاش بە بەرز راگرتنی داستانە کەموێنە و گیانفیداییەکان قەڵس دەبن بۆیە تا ئێستا بە هەمان ڕیتم بەردەوامن لەو ستەمە … کاتی خۆشی ئێمەش ( Jawhar Omar و طالب عثمان ) و من و چەند هاوڕێیەک لە بیری کوشتنی ( صدام حسين ) ی گەورە دیکتاتۆردا بوین لە ساڵی 1990 و چەندین جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و کۆڕ و کۆبونەوەکاندا لە دەرگای ئەو باسەمان داوە ، تا ئێستا حزبی شیوعی نە رۆژنامەنوسێک و نە میدیایەک و نە کادیرێک و نە ئەندامێکی سەرکردایەتی ، نە پرسیویانەتەوە نە بەدواداچونیان کردوە بۆ دەرخستنی ڕاستی و درۆیی ئەو بابەتە تا وەکو پرۆسەیەکی قارەمانێتی شیوعیەکان لە لاپەڕەی میژوی حزبەکە تۆماری بکەن … !
بەڵکو هەمیشە سەرقاڵی خەڵات و پاداشت و میدالیای رێز لێنانن لە نێو خۆیان و ترسنۆکەکانی هاوشێوەیاندا ،
لەگەڵ ئەوپەڕی رێزم بۆ قارەمانەکان کە لە دوای هیچ نەکردەکانەوە کەوتونەتە بیر و بە ناچاری و نادڵی خستونیانەتە بەرنامەی خۆیانەوە و ئاوڕیان لێ داونەتەوە … حەسەن سەریع وەکو خۆی بناسن : لە ساڵی 1937 لە خێزانێکی جوتیاری هەژاری ستەملێکراوی شاری ( سماوە ) هاتۆتە دنیاوە و دەرەبەگەکان تەنانەت ژینی کولەمەرگی نێو قامیشەڵانیان پێ ڕەوا نابینن و دەیانڕەتێنن ، بە ناچاری لە دەوروبەری شاری ( کربلاء ) نیشتەجێ دەبن …
قۆناغی سەرەتایی دەبڕێ و دەست لە خوێندن هەڵدەگرێ و لە پێناوی بژێوی خێزانەکەی ڕو لە کار دەکا و لە دواییدا بە خۆبەخش ( تطوع ) دەچێتە ڕیزی سوپا و لە سەربازگەی ڕەشید و لە فێرگەی بڕینی کانزاکان ( مدرسة قطع ألمعادن ) دەسبەکار دەبێ و لە پاڵ ئەوەشدا هەوڵ دەدا لە قوتابخانەی ئێواران بەردەوامی بە خوێندن بدا … لەبەر ئەوەی لە ڕۆیشتندا گورج ( سریع ) بوە بۆیە نازناوی ( حسن ألسريع ) یان پێوە لکاندوە …
لە دەمی کودەتای شومی 8ی شوباتدا جێگری عەریف ( نائب عريف ) بو ، دڕندەیی بەعسی و نەتەوەپەرستەکانی پێ قوت نەدەدرا ، بە شەهید کردن و ئەشکەنجەدانی هاوڕێیانی حزب تا دەهات ڕقی تۆڵەی شۆڕشگێرانە لە ناخیدا چرۆی دەکرد ، بۆیە بیری لە پەرچە کردارێکی شۆڕشگێڕانە دەکردەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لە پرۆسەیەکی پلان بۆ داڕێژراودا لە 3ی تەموزی هەمان ساڵدا بزوتنەوەیەکی یاخیگەری سەربازی سەرکردایەتی کرد و لە سەربازگەی ڕەشیدەوە دەستی بە جموجۆڵ کرد و بە بە پلەی ئەفسەریەوە هاتە مەیدان و لە پێشدا ئەفسەری ئێشکگری دەسبەسەر کرد و ئینجا پەلاماری بەندیخانەی سەربازگەی دا و تەواوی ئەفسەرە شیوعیەکانی ئازاد کرد و چەکی بەسەردا دابەش کردن … لە کاتژمێر 12 و نیوی دوانیوەشەودا و دوای کۆبونەوەی لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارانیدا ڕاپەڕینی چەکداری ڕاگەیاند و دوژمنی هێنایە لەرزە ، بۆیە هەر زو وەخۆ کەوتن بۆ ئەوەی گەمارۆی بزوتنەوە چەکداریەکەی بدەن ،
بە داخەوە هاوڕێ ( حسن ألسريع ) و چەندین هاوڕێی دەسگیر دەکرێن و شکست بە ڕاپەڕینەکەی دەهێندرێ و پاشان دادگای کارتۆنی بۆ دادەنێن …
جگە لەوەی نەترسانە بە ڕویاندا دەوەستێتەوە و داکۆکیەکی نەبەردانە لە هاوڕێکانی دەکا و لە بەرامبەر جەلادەکاندا بە ئازایەتی دەوەستێتەوە و دەڵێ : ( سوێندەل بێ بە خاک ئەم نیشتمانە لە گڵاویی تاوانبارە نەگریسەکان دەرباز دەکەین ) ،
ئەو تۆمەتانەی ڕوبەرویان ئەنجامدەران دەکرێتەوە دەخاتە ئەستۆی خۆی و دەڵێ : ( بەرپرسی سەرەکی بزوتنەوەکەم و بەرپرسیارێتی ئاکامەکانی هەڵدەگرم ، ئەوانەی لەگەڵمدا بون بێتاوانن و بە زەبر ناچارم کردون چەک هەڵگرن و بێنە ژێر ڕکێفی فەرمانداریم ) … ( شاكر مدحت ألسعود ) ی سەرۆکی دادگا لێی دەپرسێ : بۆچی بەم کارە هەستان … ؟ قارەمانانە پێیگوت : لە وەڵامدانەوەی ستەمی ئێوە و تۆڵەی خوێنی شەهیدانی کودەتای 8ی شوبات …
لێی دەپرسێ : ئایا دەتەوێ ببیتە سەرەککۆمار لە کاتێکدا کە تۆ ( نائب عريف ) ی … ؟ لە وەڵامدا دەڵێ : نەمدەویستت ببمە سەرەککۆمار ، یا ببمە ئەفسەرێکی پلە باڵای سوپا بەڵکو دەمویست حکومەتەکەتان بڕوخێنم و ئیدی هیچم بۆ خۆم نەدەویست جگە لەوەی کە عێراق لە تاقمەکەی ئێوە پاک بکەمەوە …
سەرۆکی دادگا لێی دەپرسی : چۆن ئەستێرەتان لە شانتان بەست ، بۆچی بە ئارەزوی ئێوەیە … ؟ لە وەڵامدا گوتی : ئێمە ئەو پلە بەرزانەمان بۆ مەیسەر کردنی بزاڤەکەمان بەست ، ئەدی چۆن ( عبدألسلام عارف ) لە چاو تروکانێکدا لە ( عقید ) ەوە بو بە ( مشیر ) .. ؟ شاکری سەرۆکی دادگا دەپرسێ : دوای ئەوە چیتان دەکرد … گوتی : هەمو شتیکمان ڕادەستی حزب دەکرد …
ئینجا پرسیەوە : ئەوانەی دەسبەسەرتان کردوبون چیتان لێ بەسەر دەهێنان … حەسەنی شیوعی پێیگوت : دادگاییمان دەکردن … لە کۆتاییدا سەربەرزانە گوێی لە فەرمانی سێدارەکەی گرت بێ ئەوەی پەشیمانیەک لە ڕوخسار و هەڵوێستیدا بنوێنێ …
لە 31ی تەموزی 1963 لە ڕۆژی جێبەجێ کردنی فەرمانی سزای سێدارەکەیدا بە نەعرەتەوە بە گژ جەلادەکانیدا چۆوە و گوتی : زیندان پێگەی مەردایەتی و پێوەند خرخاڵی پێمە و پەتی سێدارەش جۆلانەی شۆڕشگێڕانە …
پاش شەهید بونی ژنەکەی و کچێکی لە دوا جێما …
نوسینی/ھیوا رەش پێشمەرگەی دێرینی حزبی شیوعی
Leave A Reply

Your email address will not be published.