یەکەم دانیشتنی دادگا لە کەیسی شنیار ئەنوەر و مەسرور بارزانی کۆتایهات

0
دوێنێ 7ـی نیسانی 2023 دادگای فیدڕاڵی ڕۆژهەڵاتی ئەلێکزاندریا لە ویلایەتی ڤێرجینیا یەکەم دانیشتنی دادبینی بۆ کەیسی شنیار ئەنوەر و مەسرور بارزانی بەڕێوەچوو. مەسرور بارزانی لە ڕێگەی تیمێکی 10 کەسییەوە لە دادگای فیدڕاڵی ئەمەریکا لە ڤیرجینیا کەوتە بەرگریکردن لە خۆی، کە تیمەکەی پێکهاتبوون لە 10 پارێزەر و نوێنەرێکی نوسینگەی حکومەتی هەرێم، کە لە دانیشتنەکە بەشداربوو. لە سەرەتای دانیشتنەکەوە و پاش خوێندنەوەی کەیسەکە دادوەر تۆماس سیڵبی ئیلیس داوای لە پارێزەرانی مەسرور بارزانی کرد کە داواکانیان بخەنەڕوو، پاشان تەنها یەک پارێزەر لە کۆی ئەو 10 پارێزەرەی کاریان بۆ مەسرور بارزانی دەکرد، وەڵامی دادوەری دایەوە و داوای پارێزبەندیان بۆ بارزانی کرد وەک بەرپرسێکی عێراقی، هەروەها داوایانکرد کە سکاڵاکەی شنیار ئەنوەر پێویستە ئاڕاستەی حوکمەتی هەرێم بکرێت نەک خودی مەسرور بارزانی. پارێزەرەکانی مەسرور بارزانی ئەوەشیان بە دادوەر وت، “کە کێشەی شنیار ئەنوەر و مەسرور بارزانی، کێشەی ململانێی سیاسی نێوان دوولایەنە کە بریتین لە (شنیار ئەنوەر و مەسرور بارزانی)”.
دوای وەرگرتنی وتەی پارێزەرانی بارزانی، دادوەر بانگهێشتی پارێزەری شنیار ئەنوەر (جۆن ڕاوڵی) کرد بۆ پێشکەشکردنی وتەی خۆی، لە وتەکانیدا پارێزەری شنیار ئەنوەر وتی: “سکاڵاکارەکەم چالاکوانە و هاوڵاتیی ئەمەریکییە و کار بۆ پرسی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین دەکات، نەک کێشەی سیاسی هەبێت”.
پارێزەری شنیار ئەنوەر وتیشی: “مەسرور بارزانی خاوەنی ئیقامەی هەمیشەیی ئەمەریکا (گرین کارد)ە و موڵکی هەیە لە ڤیرجینیا لە ناوچەی مەکڵین کە ئەمانەی بە پارەی خەڵکی کوردستان کڕیوە”، لەبەرامبەردا پارێزەرەکانی مەسرور بارزانی ڕەتیان نەکردوە کە (بارزانی خاوەنی (گرین کارد)ە و موڵکی هەیە لە ڤیرجینیا). بڕیاری دادوەر: دوای گوێگرتن لە وتەی هەردوولا، دادوەر بەردەوامی بە کەیسەکە دا، وتی، “ئەم کەیسە کەیسێکی سەرنجڕاکێشە و لە ماوەی چەند هەفتەی ئایندە بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر دەدەم”.
Leave A Reply

Your email address will not be published.