راگەیاندراوێك لە كۆمەڵەی كۆمپانیاكانی بواری گەشتیاری – لقی سلێمانی

بەداخەوە بۆ دووەمین جارە، لە لایەن توركیاوە، بڕیاری داخستنی گەشتەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ توركیا دەدرێت و تەنانەت تێپەڕبوونی سەرجەم ئەو گەشتانەش بە ئاسمانی توركیادا قەدەغە دەكرێن كە لە نێوان فڕۆكەخانەی سلێمانی و فڕۆكەخانەكانی دونیا دەكرێن.
ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە سەرجەم ئەو گەشتە ئاسمانییانەی كە بە ئاسمانی توركیادا تێدەپەڕن، لە فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە بگوازرێنەوە بۆ فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكانی هەولێر و بەغدا.
ئێمە وەك لقی سلێمانیی كۆمەڵەی كۆمپانیاكانی گەشتیاری، لە هەموو ڕووێكەوە لەم بڕیارە زەرەرمەندین و بە تەواوی ئیدانەی دەكەین. هاوكات گلەیی خۆمان لە دەسەڵاتی ئیداری و سیاسیی هەرێمی كوردستان بە گشتی و شاری سلێمانی بە تایبەتی دەكەین و بە ڕەوای نازانین كە لە پێناو هاوكاریكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەژێر ناوی كوردایەتییەوە بەرژەوەندی و سەرچاوەی بژێوی و ژیانی ئێمە بخەنە مەترسییەوە كە بەداخەوە ئەم هاوكاریكردنەش لەبەر خاتری كورد و كوردستان نییە و لەپێناو جێبەجێكردنی ئەجێندای هەندێك وڵاتی هەرێمییە كە بەداخەوە لە كۆتاییدا هەم لە زەرەری سلێمانی و هەم لە زەرەری رۆژئاوای كوردستانیشە. لێرەوە داوا لە دەسەڵاتی سیاسیی باڵادەستی سلێمانی و خودی بافڵ تاڵەبانی دەكەین، چیتر گرەو لەسەر قووت و بەرژەوەندیی ئێمەی خاوەن كۆمپانیاكانی گەشتیاری نەكات كە سەدان خێزانی سلێمانی لەسەر ئەم بوارە دەژین و كۆتایی بە پێدانی پاساو بە وڵاتان بهێنێت بۆ ئەوەی لەوە زیاتر سلێمانی پەراوێز نەخرێت و لەسەر نەخشەی گەشتیاریی جیهان نەسڕێتەوە. هەروەها داواش لە پارتی كرێكارانی كوردستان دەكەین، بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرێت و رەچاوی ئەو میواندارییە بكات كە ساڵەهای ساڵە لێی دەكرێت. هەر لەم بۆنەیەوە داوا لە وڵاتی توركیا دەكەین، چاوێك بە بڕیارەكەیدا بخشێنێتەوە و لەبەر هەڵەی حزبێك و سەرۆكێكی گەنج كە هێشتا لە مەترسیداریی هەندێك جموجۆڵ شارەزا نەبووە، سزای شارێكی گەورەی وەك سلێمانی نەدات.
لەگەڵ ڕێزدا كۆمەڵەی كۆمپانیاكانی بواری گەشتیاری – لقی سلێمانی
6ی 3ی 2023