کەی مردوو زیندوو دەبێتەوە؟
وەلید محەمەد
زۆر دەگمەنن ئەو چیڕۆکانەی کە باس لە زیندووبوونەوە لە دوای مردن دەکەن و نەمان بیستووە کەسێک زیندوو بۆببێتەوە.
بێگومان زیندووبوونەوەی ڕێکخراوە سیاسییە نێژراوەکانیش هەمان چارەنووسی مرۆڤیان هەیە کە دەمرن زیندوو نابنەوە، بەڵام ئێستا بانگەشەی زیندووکردنەوەی ڕێکخراوی مردوو دەکرێ کە زیاتر لە ١٠ ساڵە مردووە، هەموومان دەزانین کە چەندین ڕێکخراو لە هەل و مەرجێکی تایبەتدا دامەزران.
چەند ڕێکخراوێک ھەلیان قۆزتەوە و سواری شەپۆلی ناڕازیانی گەل بوون، زۆر بە ئاسانی توانیان ژمارەیەکی زۆر لە کورسیەکانی پەرلەمان مسۆگەر بکەن، ئیدی شاگەشکە بوبوون، پێیان وابوو کە ئیدی حکومەتی خەڵک دادەمەزرێنن،
بەڵام بەداخەوە هەر زوو ئەوانەی بە دەنگی خەڵک گەیشتبوونە پەرلەمان، پشتیان لە خەڵک کرد و بەدوای داخوازی خەڵکەوە نەڕۆیشتن، هەر زوو هەندێکیان سەنگەریان بۆ ناو لایەنە دەستەڵاتدارەکان گواستەوە، هەندێکی دیکەش بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن پەلەیان بوو، باکیان بە گلەیی و نارەزایی خەڵک نەبوو، سەرئەنجام بە ئاواتی خۆیان گەیشتن و ژیانی داهاتووی خۆیان مسۆگەر کرد.
بە هۆی ئەوەی کە سەرکردایەتیەکەی لەگەڵ خەڵک ڕاستگۆ نەبوون، بیریان لە بەرژەوەندی خەڵک نەدەکردەوە و تەنیا لە خەمی بەرژەوەندی خۆیاندابوون، ئیدی بە ھێواشی و لەسەرەخۆ بەرەو پوکانەوە ڕۆیشت، هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن لە کورتی دا،
تا لە دوایین هەڵبژاردن مایەپووچ بوون، کێشەکەیان بەوەشەوە نەوەستا هەریەکە و لە لای خۆیەوە، خۆی بە دەمڕاست و لێزان و سیاسەتمەدار پێشاندا و تۆمەتی شکستی خستە ملی هاوڕێیانی خۆی، دواتر بۆ چەندین گروپ و ئاراستەی جیاواز و بچووک دابەش بوون و هەریەکەشیان لە ئاشێک لێدەکات، کەچی ئێستا جارێکی تر بانگەوازی خۆ ڕێکخستنەوە و ئاشتبوونەوە دەکەن و دەیانەوێ وەکو جاری پێشوو دەنگی خەڵکی بێزار و ناڕازی کوردستان ببەن و خۆیانی پێ دەوڵەمەند بکەن. دواتر دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆتان بکەن،
کە ئایا لەگەڵ کێ ئاشت دەبنەوە؟ لەگەڵ خەڵکی ناڕازی کە لەبەر ئێوە سزا دران؟ ئایا ئەوان دەیانەوێ لەگەڵ هاوڕێیانی خۆیان ئاشتەوایی بکەن کە ئێستا هەریەکەیان ئامێرێکی جیاوازی مۆزیک دەژەنێ؟ بەڵێ من پێم وانیە کە ئیدی بەم بانگەوازە بتوانن خەڵکی ناڕازی کە ئێوەی لەسەر ناڕاستی سزا داوە، ئاشت بکەنەوە،
هەروەها زۆریش زەحمەتە کە بتوانن کۆنە هاوڕێ هاوێربووەکانتان بگێڕنەوە و بەکاریان بهێننەوە. ڕاستییەکەی ئەم پەندە کوردییەی کە دەڵێ :”بەدوای کڵاوی بابردوو مەکەون”. لەسەر ئێوە جێبەجێ دەبێ و ئیدی واز لە گەمەی فریودان و هەڵخەڵەتاندن بهێنن.