قۆرغکاری یان گەشەی ئازادی

0
ئاوات (عبدالرحمن رسول)
قۆرغکاری واتە بەزۆرە ملێ دەست بەسەرداگرتن و چەوسانەوە دێت،ئەمەش لەڕوویی قۆرغکاری ئابووری وسیاسی و دەسەڵاتدارێتی بەزۆرەملێ وە کۆمەڵگا لەبەریەک هەڵدەوەشێنێت ،سەرجەم بەشەکانی کۆمەڵگا بەگژیەکتری دادەدات و تووشی داڕووخان و هەرس هێنانی بواری ئیداری وئابووری و کۆمەڵایەتی دەکات ،کەبەتەواوی بەردەوام گیانی نوێبوونەوە و نەشونمایی شارەستانی و پێشکەوتنخوازی و ئاشتیخوازی لەناودەبات .
بەردەوام گەشەی زانست و زانیاری و پەروەردەی ئینسانی لەناو ناخی کۆمەڵگا و جوڵە کۆمەڵایەتی و کەسی یەکان و خانەوادەکان دادەبڕێت و لەجێگەیدا چمانەوە و لاوازی ئیرادەی ئینسانی و بێ نرخ بوونی مرۆڤایەتی بۆ هەر مرۆڤ لەناو ناخ ودەروونی و جوڵەی ڕۆژانەی کۆمەڵایەتی دەکوژێت .
کەبەجۆرێک هەناسەی هاوکاری و هەروەزکاریش بکاتە کەرەستەیەک بۆ بەکاڵاکردن کە بە جۆرێک بەبەرگی سیاسی و حیزبی دای دەپۆشرێت کەدواجار خەڵک ئەم جۆرە هەنگاوەش وەک دژ بەخۆیان و بێ ئیرادەی ئینسانیان سەیری بکەن ئەمەش بەوەی کە ، دەسەڵاتی ملهوڕی زۆرە ملێ بەئامانجی تێکشکاندنی ئێرادەی ئینسانی لەڕێگای دەستەوگرووپ وڕێکخراوەکانییەوە ئەوهەنگاوانە دەنێت .
کە دەچێت ناڕاستەوخۆ ڕێکخراو گرووپی خێرخوازی دادەمەزرێنێت یان حیزبێک ئەو هەنگاوە دەنێت کە دواجار وێنەی کەسی هەژار ونەخۆش دەبێتە کەرەستەیەکی بازرگانیکردن وەک ڕیکلامێک بۆ ناوبانگ و ناساندنی کەسی سەرمایەدار و کەسی حیزبی وڕێکخراوی ئامانج دار .
هێزی دەسەڵاتی زۆرەملێ بەفێڵ ودرۆ وساختەچێتی و سەرکوت درێژە بەمانەوەی لەدەسەڵات دەدات. هەربۆیە یەکەم هەنگاو دەست دەبات بەژقۆرغکاری و دەست بەسەرداگرتنی زۆرەملێی بەرهەمە ئابوورییەکانی ژێر زەوی وسەرزەوی بۆ بەرپرسانی دەسەڵاتێک پایەکانی لەژێر گەندەڵی ودزی وچەوسانەوە دامەزراوە.
ئەگەر ئێران و کوردستان و عێراق بەنموونە وەربگرین دەبینین هەریەکەیان خاوەنی زۆرترین لەداهاتی بەرهەمی ژێرزەوی وەک نەوت و غازوبەرهەمی سەرزەوی وەک ناوچەی کەشەوەرزی وکشتوکاڵی وشوێنەری و گەشتوکوزارییە ئەگەر دەسەڵاتێکی مەدەنی وپێشکەوتنخوازی هەبووایە ئێستا لەوڵاتانی جیاوازی جیهانەوە بۆ گەشت و بەسەر بردنی پشووەکانیان خەڵکی وڵاتان سەردانی دەکردن و لەناوچە شوێنەوارییەکان وگەشتوگوزارییەکان دەمایەوە . بەڵام لەجیاتی ئەم وێنەیە ئێمە دەبینین لاوان و گەنجان لەبەربێکاری وسەرکوت وچەوسانەوە کۆمەڵگاکەیان بەجێ دەهێڵن و کۆچ دەکەن بۆ دوورترین وڵات لەکاتێکدا زۆر باش دەزانن ڕێگایی سەفەرییان پڕ لەمەترسی یە ئەگەری بوونەقوربانیان هەیە .
جگەلەمەش سەرۆک و بەرپرسە سیاسی یەکانی حیزبی دەسەڵاتدار و حیزبەکانی ناو دەسەڵات وحیزبەکانی هاوپەیمانیان ئەوانیش لەوپەڕی ژیانی خۆشگوزەرانی و خاوەنی پارە وداهاتی زۆر و کۆمپانیا و خانو و ئوتێل وئەپارتمان وبینا زۆرن لەوڵاتان ،جگە لەمانەش بەناوی پاراستنی پیرۆزی نیشتمانی وئاینی یەوە نیشتمان وئاینیشیان کردۆتە کەرەستەیەکی بازرگانی وڕیکلامی هێزی مانەوەیان لەدەسەڵات بۆ درێژەدانی دزی وچەوسانەوەی زیاتر .
لەکاتێکدا هەرخۆیان نیشتمان و ئایینەکانی خەڵک دەسووتێنن بە پێشوازی هێزی فاشیزمەکان و فتوایی مەلاکان کەبەناوی یەکێتی زانایان و یان وەزارەتی ئاینی بڵاو دەکەنەوە کە گرینگی بەو بابەتانە دەدەن کە خۆیان وەک دەسەڵات ئامانجیانە کۆمەڵگا بەرەو چمانەوەی زیاتر و هەژاری وبێکاری زیاتر بەرن .
لەکاتێکدا گەنجان ولاوان لەبەر چەوسانەوە وسەرکوت وبێکاری ئاوارە دەبن لەجیاتی چارەسەری بێکاری بکرێت کار بۆ گەنجان ولاوان دابین بکرێت و گەشە بەئازادی و ئارامی کۆمەڵایەتی بدرێت ئەوان دێن فتوا بۆ هەبوونی چەند ژنە بۆ پیاوێک دەدەن وبانگەشەی بۆ دەکەن لەکەناڵەکانی ڕاگەیاند یان دژایەتی هەرهەنگاو و جوڵەیەکی ئازادیخوازی دەکەن بەمەش خۆیان بانگەشە دەکەن بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی وپێکەوەژیانی خەڵک جیاوازن لەهەڵسوکەوتی کەلتورو سوونەتی کۆمەڵایەتی وفەرهەنگی ڕۆژانەیان .
لەبەرئەوە هەبوونی گەشەی ئازادی ڕاستەقینە پێگەی دەسەڵاتی چەوسێنەر هەرس پێدێنێت و کۆمەڵگا بەرگی کۆنەخوازی و چمانەوە دادەماڵێت ،دەست دەکات بەگەشەی تێکۆشانی جەماوەری یەکگرتووانە بۆ هێنانەدی ژیانێکی باشتر. هەموو دەسەڵاتە چەوسێنەرەکان لەیەک خاڵدا لەیەک دەچن کە هەرگیز هاوڕایی گەشەی ئازادی ڕادەربڕینی بێ مەرجی سیاسیدنیین مەگەر ناچار بکرێن لەلایەن زۆرینەی خەڵکەوە.
هەرئەمەشە کە وادەکات لەهەر دەوڵەتێکی ناوچەکە کە خەڵک لەبەرامبەر نایەکسانی وچەوسانەوە و سەرکوت هاتە دەنگ وان (دەسەڵاتی چەوسێنەری بنەماڵەیی بارزانی وتاڵەبانی ) وەک دەسەڵات هەرگیز بێ لایەن وبێ دەنگ نابن چونکە بناغەی دەسەڵاتیان بەهاوکاری دەسەڵاتی فاشیزمەکانی ناوچەکە دامەزراوە و ماوەتەوە لەدەسەڵات. هەر بۆیە بەرگری لەمانەوەی دەسەڵاتی فاشیزمی ئەو دەوڵەتە دەکەن .هەرئەمەش کە دەبینین دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان زۆر لەخەمی دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی ئێراندان و بەهەموو هێزوتوانایانەوە پشتیوانی لەمانەوەی دەکەن .
بێ شەرمنانە گەورەتیرۆریستەکانی ئەو ڕژێمە بەقارەمان و سەرکردەی شۆڕشگێڕ ناودەبەن بەڵام هەرگیز باسی قوربانی کراوانی تێکۆشەرانی ئازادیخوازی سەرخیابان وشەقامەکان و ناو زیندانەکانی ئێران ناکان .هۆکاری ئەمەیە سەرۆکی حیزب لەجیاتی حکومەت بڕیار دەدات و هانی مەلاکانی ئیسلامی دەدات کە بەئازادانە بانگەشەی خۆیان بکەن لەدژی ئازادی و مافەکانی ژنان و ڕەوتی ئازادیخوازی ویەکسانیخوازی .
سەرۆکی حیزبەکانی دەسەڵات و حیزبەکانی هاوپەیمان ونزیک لەودەسەڵاتە چەوسێنەرە ململانێی ئەوە دەکەن کە کامیان زۆرترین ڕیکلام چی و جنێودەرو فتوادەری زیاتر لەدژی مافەکانی ژن و خەڵکی ئازادیخوازی ویەکسانیخوازی لەخۆی کۆبکاتەوە هەتاوەکو دڵسۆزی خۆی بۆ بەرەی فاشیزمی وکۆنەپەرست ودژە ئینسانی بسەلمێنێت.
لەکوردستان ئەم حیزبانەی دەسەڵات و حیزبەکانی هاوپەیمانیان ململانێیان بۆ پەرەپێدانی بازرگانی و قۆرغکاری زیاتر دەکەن لەپێناوەشدا دەست دەبەن بۆ هاوکاری وگەشەی کۆنەخوازی ودژە ئینسانی بەرەو نەمانی هێزی ئازادیخوازی و پێشکەتنخوازی کۆمەڵایەتی شاباش لێدەدەن بەحیسابی کێشکردنی هەستی خەڵکی سادە بەڵام نازانن ئەم هەنگاوەیان لەئفلاسی سیاسی یەوە و خەڵکی زۆرینە لەفێڵ و درۆکانیان باشتر تێگەیشتووە ئەمەش وادەکات بەدەست بەتاڵی دەستکەوتی سیاسی بمێننەوە.ئەم ڕێگای ئەم زاڵمانەی کوردستان پێدا دەڕۆن پێشتر حیزبی بەعسی فاشیزمی عێراقی بەسەرۆکایەتی سەدام حسێنی هاوڕێیان پێدا ڕۆیشت بەڵام نەی توانی بەردوام بێت خرایە زبڵدانی مێژۆوە هەروەها کۆی دەسەڵاتی فاشیزم و دیکتاتورەکان هەمان نەخشەڕێگایان جێبەجێکرد لەکۆتایی مەترسی ڕووخانیان بەڵام خۆشبەختانە لەلایەن خەڵکی وڵاتەکەیانەوە خرانە زبڵدانی مێژۆوە و شەرمەزاروڕیسوا کران .بەدڵنییایی ئەم دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی ئێرانیش لەڕێگای کۆتایی بەرەوڕووخان و خرانە زبڵدانەوە نیزیک بۆتەوە هاکە گوێ بیستی بانگەوازی سەرکەوتنی شۆڕش وڕاپەرینی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووین کە تەواوی سیستەم ودەسەڵاتی ئیسلامییان خستە زبڵدانەوە .
بانگەوازێکی ڕێگا چارە:
کاتێک لایەنی پارێزەرانی دەسەڵاتی چەوسێنەر درێژە بەقۆرغارییەکانی ئابووری و بوارەکانی تری کۆمەڵگا دەدەن ، پێویستە هێزی دژە قۆرغاری بێتە مەیدان بۆ هەڵوەشان و ڕێگریکردن لەقۆرغاری زۆرەملێ بەسەر تەواوی بەشەکانی کۆمەڵگا. بەرگریکردن لەگەشەی ئازادی و هێنانەدی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی وەڵامی قۆرغارییەکان بدرێتەوە .ئێمەی ئازادیخوازان دەبێت بێ دەنگ و بێ هەنگاوی چالاکی زیندوویی جەماوەری نەبین ،لەبەرئەوەی پڕشوبڵاوی ئازادیخوازان زیاتر ڕەوتی پێشکەوتنخوازی و ئازادیخوازی تێکدەشکێنێت و خەڵک بێ ئیرادە ولاواز دەکات .
ئەرکە دروستەکە ئەوەیە کە هێزی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی کۆمەڵگا خۆی ڕێکخراوبکات لەبزوتنەوەی جەماوەریدا کە بەنەخشەڕێگایی کرداری هەنگاوبنێت بۆ تێکۆشانی هاوپشتی و یەکگرتووانە بۆ بەریگریکردن لەهەبوون وگەشەدانی ئازادی ڕادەربڕینی بێ مەرجی سیاسی وبەرگریکردن لەمافەکانی مرۆڤ و هێنانەدی ژیانێکی باشتر.
بۆئەم هەنگاوە سەرەتا پێویستە ڕاشکاوانە بەدەنگ بانگەوازی هاوپشتی تێکۆشانی ئازادیخوانەوە بێن و بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دیاریکردن و نەخشە ڕێگای کرداری تێکۆشانی باشترو چالاکی گشتی و جەماوەری بەردەوام ئەنجام بدرێت .
هەر کەسێک دڵی بۆ هەبوونی ئازادی و ژیانێکی باشتری مەدەنی لێدەدات ئەرکی ئەوەیە کە هەنگاوی کرداری بنێت لەقۆناغی نووسین و قسەکردن بچێتە بواری چالاکی جەماوەری بۆئەمەش پێویسته هێزوچالاکی یەکان لەچوارچێوەی بزوتنەوەیەکی جەماوەری ئازادیخوازی ڕێکخراوبکرێن .بەنەخشەڕێگایی زیندووی چالاکی مەدەنی وئازادیخوازی بەرگری لەگەشەدانی ئازادی و کرانەوەی کۆمەڵگای کوردستان بکرێت بەرەو هێنانەدی ژیانێکی نوێ ترو باشتر.
تێ بی نی :ئەم بابەتە لەڕۆژنامەوبڵاوکراوەی بۆپێشەوە لە ١٥/١/٢٠٢٣بڵاوکراوەتەوە
Leave A Reply

Your email address will not be published.