هەڵاوسان و گەندەڵی لەپشت نرخی دۆلارەوە!

0

ئەنوەر نجمەدین

هەمیشە دەسەڵاتداران بە بەغدا و هەولێرەوە، فرمێسکی درۆ بۆ مووچەخۆران دەڕێژن و هاواریانە: نرخی دۆلار بەرزە و نرخی نەوت دائەشکێنێت، بۆیە مووچەمان پێنادرێت. ئەوەتا ئیستا درۆکانیان دەبینن کاتێک خۆیان بەدەستی خۆیان نرخی دۆلار بەرزدەکەنەوە، هۆکارەکەیشی هیچ نییە خستنەگەڕی دینەمۆی گەندەڵی نەبێت بەناوی دژایەتی گەندەڵیەوە، ئیتر ئەمە هەر لە پارە سپی کردنەوەوە تا بە شاردنەوەی پارە دزراوەکان دەگات. پرسەکەیش ئەم ژاوەژاوە گەورەیەی ناوێت لە کاتێکا عێراق مانگانە تەنها ١٧ ملیۆن دۆلار دەخاتەڕوو بۆ فرۆشتن لە بازاڕی ڕەشدا.
ئەو بڕە پارەیەش گرفتی ئێران و ڕووسیا چارەسەر ناکات، بەپێچەوانەوە ئەمریکا سوود لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەبینێت بۆ کڕینی نەوت، ساڵانە ١٠ ملیار دۆلار دەخاتە بانکی ناوەندیی عێراقەوە بۆ کڕینی نەوت. بەمجۆرە، ئەم یاریە هیچ نییە یەکگرتنی دزەکان و گەندەڵەکانی بەغدا و کوردستان نەبێت بۆ دەوڵەمەندبوونێکی زیاتر لەسەر حیسابی هەژارخستنی زیاتری جەماوەری چەوساوە، ئەویش بە هەڵاوسانی نرخی پێداویستیە هەرە گرنگەکانی ژیان و دەرمان و نزمبوونەوەی بەهای نرخی دینار بۆ مووچەخۆران.
کێ لەمە زیانی پێدەگات: گورگەکانی بۆرسە؟
بازرگانە گەورەکانی دارایی؟ بانکۆکراتەکان؟ سووخۆرەکان؟
کرێخۆرەکان؟ سیاسیە مفتەخۆرە درۆزنەکان؟
نەخێر، ئەمەی دەکرێت تەنها لە پێناوی ڕووتاندنەوەی زیاتری جەماوەری چەوساوەدایە. هەردوو دەسەڵاتی یاسادانەر و یاساجێبەجێکەریش لەسەری ڕێکن، چونکە پرسەکە دابەشکردنی قازانجە.
ئەمانە هەموویان لە سێبەری ئۆرۆستۆکراسیەتی داراییدا، هەروەک کۆمپانیای هاوپشک، سامانێکی مفت لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن، ئیتر ئەمە بە بازرگان و بانکۆکرات و جەنەراڵ و وەزیر و بەڕێوەبەر و پەرلەمانتار و محامیەکانیان و میدیاکارانیان و ڕۆشنبیرەپاساودەرەکانیشیانەوە.
سەرباری ئەمەیش هێشتا چینە پرۆلیتاریەکە لە بەرامبەر ئەم ئۆرۆستۆکراسیەتە داراییەدا چاوی ڕەشکەوپێشکە دەکات و ناتوانێت ئەمە بەکردەی چینێکی برجوازی یەکگرتوو ببینێت، بۆیە دروشمە سادەکانیشی هەر لە دەوری گەندەڵی دەسووڕێتەوە.
حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش هەروەک حیزبەکانی دەسەڵات، هەر ئەو هزرە سیاسیە بەهێز دەکەن کە گوایە دەبێت گەندەڵی لەناوببرێت، ئەمەیش بە سەروەری یاسا و دانانی دەستوور و سەقامگیریی.
سەقامگیری کێ؟
سەقامگیری سەرمایەداران و سەپاندنی یاسایان بەسەر چینە چەوساوەکەدا؟ دڵنیابن درەنگ یان زوو، ئەو چینە لە ڕێڕەوی خەباتیدا ئەو ڕاستیە دەبینیت کە هیچ چارەسەرێک نییە گۆڕانکاریی نەبێت لە ژیانیدا، ئەمەیش ڕوونادات بەبێ شۆڕش. ئەوکاتەیش هەمووتان بەیەک چاو سەیر دەکات بەبێ جیاوازی ڕەنگەکانتان.
٢٥ / ١ / ٢٠٢٣

نابۆچەوسانەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.