کوشتنی سەگەکان نامرۆڤانەیە !

0
ئاوات (عبدالرحمن رسول)
هەبوونی مافی سەگ و گیانداروباڵندەکان بەشێکە لەهەبوونی کۆمەڵگایەکی مرۆڤایەتی و پێشکەوتنخوازوشارەستانی .لەوانەیە بۆچوونێک هەبێت بڵێت ، بۆچی گرینگی بە مافی ئاژەڵ و سەگەکان دەدەیت پێویست ناکات .
هەروەها بگوترێت لەکۆمەڵگای کوردستاندا حیساب بۆ مافی مرۆڤەکان ناکرێت و کەرامەت و هەستی ئینسانیان وردوخاش دەکرێت هەرگیز ئەم بۆچوونەش سوودی نابێت کە باس لەپاراستنی مافی ئاژەڵ و سەگەکان بکرێت .
بەڵام ئەمە پێچەوانەکەی ڕاسترە لەبەرئەوەی ئەگەر نەتوانین کێشە وگرفتە بچوکەکان بە نەخشە ڕێگایەکی ئینسانی چارەسەر بکەین چۆن دەتوانین هەنگاو بۆچارەسەری کێشە وگرفتە گەورەکان بنێین . هەروەک دەگوترێت باشترە مافە بچووکەکان فەرامۆش نەکەین چونکە بە فرامۆش کردن و پشتگوێ خستنێک ئەگەرچی زۆر بچووکیش بێت دواتر کاریگەری نەرێنی وخەراپی دەبێت ،هەرئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە لەماف و کێشە گەورەکانیش پشت گوێ خستن و خۆدزینەوە ڕوو بدات دواتر ئەوانیش بەئاسایی وسادەیی دەبێت لەلای زۆرینە هەروەک ئێستا کە دەبیندرێت بەردەوام ژن کوشتن و خۆکوژی و مرۆڤ کوژی وتیرۆر لەباشووری کوردستان درێژەی هەیە بەڵام نابێتە هۆکاری ئەوەی کە ناڕەزایەتی گشتی سەراسەری بێتە کایەوە لەدژی کردەوە دژە ئینسانی یەکان .
ئێمە ئەگەر گرینگی بەماف و ژیانی ئاژەڵەکان وباڵندەکان بدەین ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەرێنی دەبێت بۆ زیاتر کاریگەربوونی بۆچوونە مرۆڤایەتی وئازادیخوازەکان بۆ ئاراستەکردنی کۆمەڵگا بەرەو کۆمەڵگایەکی باشتر .
لەهەر کومەڵگایەکدا کە مرۆڤەکان گرینگی بە پاراستنی ژیان بەگشتی بدەن بۆ ئەو مەبەستەش پێکەوە هاوکاربن لەوەی هیچ مرۆڤ و زیندەوەرو باڵندە وگیاندارێک بەهۆی برسێتی ونەبوونی خواردنەوە مەترسی گیان لەدەستدانی نەبێت ، هەروەها گرینگی دڵسۆزانە بە کاری بەیەکەوەیی لەجۆری هاوپشتی و هەروەزکاری بدرێت بۆ ساڕێژبوونی برینەکان و چارەسەری گرفت وکێشەکان ئەو کات هەر هەنگاوێکی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی ومرۆڤایەتی کەلەلایەن خەڵکی ناڕازی بندرێت کاریگەری زۆر ئەرێنی و سوودبەخشی دەبێت .
لەباشووری کوردستان لەئێستادا بەبەرنامە کاری لەسەر دەکرێت کە گیانی هاوپشتی و هاوکاری وهەرەوەزکاری مرۆڤەکان بۆژیانێکی باشتر بکوژن و پاشکەشەی پێبکرێت .هەربۆیە زۆر بەداخەوە کە دیمەنی زۆر دژە ئینسانی لەکوشتنی ژن وکچ و پیاو ومرۆڤەکان و سەگەکانیش دەبینین بەردەوام ڕۆژانە درێژەی هەیە .
زۆر بەداخەوە دیمەنی کوشتنی هەریەکێک لەمرۆڤ و ئاژەڵ و زیندەوەرەکان زۆر بەئازارە ،ئەو دیمەنە زۆر بەئازاروناخ هەژێنە .ئەوپەڕی کردەوەی دڕندانە ودژە مرۆڤایەتی یە ،بەڕاستی ئەم مرۆڤانە بەهیچ شێوەیەک ویژدان و هیچ هەستێکی مرۆڤایەتییان نییە .بەنەفرەت بن لەبەرئەوەی ئەم سەگانە دەکوژن . هەموو زیندەوەروگیاندارو باڵندەیەک مافی ئەوەی هەیە کە بژی و یارمەتی بدرێت بۆئەوەی بژی ،کە یارمەتیشی نادرێت بەڵام ناکرێت ڕێگا بدرێت بکوژرێت لەژێر هیچ بیانوێکدا..
Leave A Reply

Your email address will not be published.