گۆرانی میللی کرێکاریی

0
نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
چی نەما پێمان نەکەن لەبەر تەماحی خۆیان
سووک و ڕیسوایان کردین هەتاکو کرا بۆیان
هێند ڕەزا قورس و قەڵپن گشت بە تاک و بە کۆیان
مەحاڵە ساڕێژ ببێ دەرد و زامی بە سۆیان
هاکا کەوتە بەر گٶێیان فیغان و باوکەڕۆیان
کار دەکەین ڕەنج دەدەین
ئێمەین خاوەنی دونیا
ژیانمان چاڵی مەرگە و
خۆشمان هاین وا لە بنیا
کارگوزار بم فەرمانبەر پیشەوەر یان مامۆستا
کەوتووینەتە بەر هێرش هەم بە چەپ و بە ڕاستا
گەر بایکۆتی کار بکەین دەڵێن دونیا ڕاوەستا
ئێمەیان لا نەزانە و خۆشیان شارەزا و وەستا
گەر جوان لێی ورد بیتەوە خاڵین لە عەقڵ و هەستا
کار دەکەین ڕەنج دەدەین
ئێمەین خاوەنی دونیا
ژیانمان چاڵی مەرگە و
خۆشمان هاین وا لە بنیا
ناڕازی و ڕادیکاڵین ڕووخانیان ئەرکی سەرشان
هیچ ساتێ ناگوزەرێ بە بێ هەوڵ و تێکۆشان
لە خەباتی سوورماندا کەس نییە شان بدا لە شان
ئێمە ڕاپەڕینمان کرد بۆرژوا دەستی خۆی وەشان
کۆیلەتیمان تۆخ بۆوە لە بن دەست مەلا و قەشان
کار دەکەین ڕەنج دەدەین
ئێمەین خاوەنی دونیا
ژیانمان چاڵی مەرگە و
خۆشمان هاین وا لە بنیا
تاقە ڕێیەک کە دڵت پێی خۆش بێ لەم دنیایە
هەر ڕێی مارکس – لینینە کەوا ئومێدی تیایە
ئەم ڕێیە زۆر پیرۆزە و هەتا بڵێی جیایە
دژ بە ستەم و زۆرە دژ بە فیتنە و ڕیایە
هەر بژی چینی کرێکار ئاڵات لە لووتکەی چیایە
کار دەکەین ڕەنج دەدەین
ئێمەین خاوەنی دونیا
ژیانمان چاڵی مەرگە و
خۆشمان هاین وا لە بنیا
جەنگاوەری دلێری ڕێی چینی کرێکارین
دەجەنگین هەتا ماوین دژ بە سەرمایەدارین
دنیای جەنگ و کۆیلەتی تێک دەدەین لێی بێزارین
بۆ مافی زەوتکراومان هەتا بڵێی بەکارین
شەڕێکە و یەخەی گرتووین دێینە دەست و ناچارین
کار دەکەین ڕەنج دەدەین
ئێمەین خاوەنی دونیا
ژیانمان چاڵی مەرگە و
خۆشمان هاین وا لە بنیا
ڕۆژێ دێ ڕادەماڵین تەخت و سەرای فیرعەون
دنیایەک بنیاد دەنێین بێ وێنە بێ لە کەون
دێتە دی سەرجەم خولیا و هیوا وئاوات و خەون
ئازادی سەرتاپای ژین یەکانگیر کا وەک تەون
چاویان بە خۆر هەڵنایە شەمشەمەکوێرەی شەون
کار دەکەین ڕەنج دەدەین
ئێمەین خاوەنی دونیا
ژیانمان چاڵی مەرگە و
خۆشمان هاین وا لە بنیا
منداڵی سەرمایەدار بە ڕابواردن سەرقاڵە
نیعمەتی دنیا بۆ ئەو ئێمەش دەممان بۆی ئاڵە
بۆ هەر هەوڵێک کە دەیدەین بەردەممان کەند و چاڵە
خەباتمان بە بێ ژنان وەکو باڵندەی تاک باڵە
گەر دەست بە شۆڕش نەکەین ڕزگاربوونمان مەحاڵە
کار دەکەین ڕەنج دەدەین
ئێمەین خاوەنی دونیا
ژیانمان چاڵی مەرگە و
خۆشمان هاین وا لە بنیا
سەرەتای تشرینی دووەمی ٢٠١٦
تێبینی : زۆربەی جار گۆرانییە میللییەکان، ئەوانەی تەژین لە ڕق و بێزاری و نەفرەت خۆڕسکانە لەلایەن گۆرانیبێژە میللییەکانەوە دادەنرێن و ڕێکدەخرێن و دەوترێنەوە، هەندێجاریش شاعیری میللی یان نووسەرێک ئەو کارە ئەنجام دەدات. من ئەم تەجرەبەیەم وەک یەکەم تەجرەبەی گۆرانی ناڕەزایی چینایەتی نووسیوە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.