ناکرێت و نابێت !

0
زاهیر باهیر
ناکرێت و نابیت شتە بچوکەکان بە هەند وەرنەگرین و ڕەتیان نەکەینەوە. هەموو شتێکی گەورە بنەمایەکی بچوکی هەیە ، هەموو شتێکی گەورە لە لەسەر زەمنیەی شتە بچوکەکان تێستی بۆ کراوە و بۆ دەکرێت ، زانراوە و دەزانرێت کە قەبوڵ دەکرێت یاخود ناکرێت.
هەموو سوکایەتییەکی گەورە بە هەر کەس دەکرێت لە سوکایەتی بچوکەوە دەستی پێکردوە ، زەوتکردنی ئازادییە گەورەکان لە زەوتکردنی ئازادییە بچوکەنانەوە دەستیپێکردوە و دەکات .
لێسەندنەوەی مافە گەورەکانمان لە قەدەخەکردنی مافە بچوکەکانمانە دەستی پیكردووە ، هەر خاڵ و ڕوداوی گەورەیە لە خاڵ و ڕووداوی گچکەوە دەستپێدەکات، مەیل و حەز و پێداویستییە گەورەکان لە بچوکەکانەوە نکوڵی لێکراوە، هەموو پرس و کێشە گەورەکان لە خۆیانەوە هەڵنەتۆقیون و گەوەرە نەبوون، بەڵکو بە پرۆسەی بچووکی و گچکەییدا ڕۆیشتون و گەورە بوون.
زۆربەی کات ژنێك کە لاقەی جنسی دەکرێت یاخود دەکوژرێت پێشتر تەحەڕوشی پێکراوە ، پێشتر سوکایەتی پێکراوە ، پێشتر دەستی بۆ هێنراوە بە هۆیەك لە هۆیەکان قەبوڵ کراوە . کرێکارێک ، کارمەندێك کە قەبوڵی لێسەندنەوەی مافێکی بچوکی کرد ، لەوێدا ناوەستێ و هەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ زەوتکردنی مافە گەورەکانی.
لەبەر ئەوە هەر کات شتە بچوکەکان قەبوڵ کران، ئەوە خۆشکردنی زەمینەی قەبوڵکردنی شتە گەوەرەکانە ، بۆیە زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە و جوداخوازیی و تانە و تەشەرەکان و ئەوانی دیکە دەبێت هەر لە هەنگاوی یەکەمدا ڕووبوڕوویان ببینەوە، بییانوەستێنن پێش ئەوەی گەورەبن. کە گەورە بوون ڕاوەستانیان ستەم و گران بێت .
Leave A Reply

Your email address will not be published.