جێندەر چیە بەسادەیی؟

0

ئەنوەر نەجمەدین

خودی ووشەکە واتای ڕەگەزی نێرینە و مێینەیە/ژن و پیاو، گەرچی جێندەرناسان باس لە ڕەگەزی سێهەم و چواهەمیش دەکەن. ئامانجیش لەم فەلسەفەیە ئەوەیە کە باسەکە لە مێژووییەکەی دابڕن و بیکەنە باسی ژن و پیاو هەتا بتوانن بە ئاسانی نایەکسانی ببەنە بەر سێبەری هزری سیاسی دەوڵەت و لە مەیدانەکەی خۆیی دووربخەنەوە، ئەمە هەروەک ئەوەی گوایە پەیوەندی ژن و پیاو هاوپەیوەست نەبێت بە پەیوەندیی بەرهەمهێنان و دابەش کردنەوە.
بەمجۆرەیش ئایدیایەک دائەتاشن تا بتوانن ئاسانتر بیسەلمێنن گوایە دەستڕاگەیشتن بە پێداویستیە کۆمەڵایەتیەکاندا یان بە کورسیە گەندەڵەکانی دەسەڵاتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ژنیت یان پیاو نەک بۆ ئەوەی چ پێگەیەکی کۆمەڵایەتیت هەیە لەنێو دوو چینە سەرمایەدار و هەژارەکەدا. هەر بۆیە زانستی برجوازیانەی سۆسیۆلۆژیا (کۆمەڵناسی) چارەسەری گرفتی جێندەر لە ڕێکخستنی یاساییدا دەبینێت لەنێوان ژن و پیاودا.
ئەو چارەسەرەیش لەو وەهمە فەلسەفیەوە دەستنیشان دەکات کە گوایە یەکسانی لە مەعریفەوە سەرچاوە دەگرێت و نایەکسانییش لە جەهلەوە، ئەو فەلسەفەیەی لە سوکرات و ئەفلاتوونەوە درێژ دەبێتەوە هەتا فەلسەفەی چەرخی ڕۆشنگەری بە ئێستاشیەوە. بەلای ئەوانەوە خوێندەواریی ژن نایەکسانی جێندەریی کەم دەکاتەوە. ئەمە لە کاتێکا لەم سەد ساڵەی دواییدا، پێبەپێی بەرزبوونەوەی خوێندەواریی ژن، چەوساندنەوەی ژن وەک پیاو زیادی کردووە.
زیاتر لەوەیش ئەمانە پرسەکە دەخەنە باوەشی فێمینیزمەوە و پرسی هەژاری و بێکاریی ژنیش دەکەنە پرسێکی فێمینیستی. دەوڵەت و ڕێکخراوە برجوازیەکانیشی، بۆ بەهێزکردنی ئەو وەهمە سیاسیە، بە ملیارات دۆلار هەڵدەڕێژن بۆ ئەو ڕێکخراوانەی درۆی کەم کردنەوەی هەژاریی ژن و ستەم بەسەر ژندا دەبەستن بە چالاکی فێمێنیستانەوە. بۆیە پرسەکە دەکەنە پرسێکی ئینسانپەروەری و بەزەیی و ویژدان و ئەخلاق.
ئەمە لەکاتێکا هەژاری پێویستیی بوونی سیستمی سەرمایەداریە. ئیتر با فێمینیزم وابناسێنن کە گوایە ئەمە بزووتنەوەیەکە بۆ کۆتاییهێنان بە ستەم دژی ژنان. ئەمانە نایانەوێت ژن لە پێگە کۆمەڵایەتیەکەیدا نیشان بدەن، نایانەوێت باسی ئەو سەدان ژنە ملیاردێرەمان بۆ بکەن کە لە سەرمایەدارە گەورەکانی جیهانن. وە ئیتر هەر بەوجۆرە، لە درێژەی باسە وەهمیەکانیاندا، جێندەریست و فێمینیست ڕایدەگەیەنن: ئەگەر ئافرەت تێگەیشت چەوساوەیە، ئەوا ئیتر ئەتوانێت خۆی لە ستەمی پیاو ڕزگار بکات. ئەم دیدگا کۆمیدیە لەلای سۆشیالیستەکان وەهمێکی برجوازیانەی هەڵخەڵەتێنەرانەیە. ئەمە پرسێکی سیاسی نییە، پرسی پەرلەمان و یاسا نییە،
بەڵکو پرسێکی چینایەتیە و بە سیستمی بەدیل چارەسەر دەکرێت، بە وەرچەرخانێکی شۆڕشگێرانە لەو سیستمەدا کە ناکۆکیە ئینسانیەکان وەک ناکۆکی نەتەوە جیاوازەکان و ئاینە جیاوازەکان و ڕەش و سپی و ژن و پیاو نیشان ئەدات، ئەو ناکۆکیانەی تاکە سەرچاوەی مێژوویی و کۆمەڵایەتییان، جیاوازیی نێوان پرۆلیتاریای ژن و پیاوە لەگەڵ برجوازیەتی ژن و پیاودا.
گرفتی جێندەر نە پاسکیل لێخوڕینە لە ژنانەوە، نە بریاردانە لە ژنانەوە، بەڵکو ئەمە پرسێکی چینایەتیە و تەنها بەو ژیانە هەرەوەزکاریە کۆمۆنیە کۆتایی دێت کە مرۆڤ دەخاتەوە شوێنە ئینسانیەکەی خۆی بە هەردوو ڕەگەزەکەوە، ژن و پیاو.
٢٦ / ١٢ / ٢٠٢٢
Leave A Reply

Your email address will not be published.