ڕوخانی فاشیزمی ئێران بەندە بە گەشەی هاوخەباتی یەوە

0
عبدالرحمن رسول
هەموو ڕژێمە سەرکوتگەرەکان لەزۆر شێوازو کرداردا هاوشێوەن، بەتایبەت لەکاتی سەرە مەرگیاندا، کە پەنا بۆ هەموو کردەوەیەکی دژە ئینسانی دەبەن.
بەمەش پێیان وایە ئەنجامدانی کوشتن و کۆمەڵکوژی و بڵاوکردنەوەی ترس تەمەنی دەسەڵاتیان درێژدەکاتەوە بۆ ماوەیەک، وێڕایی ئەوەی هەموو ڕژێمە فاشیستەکان لەسەرە مەرگیاندا کاری کۆمەڵکوژی و دژەئینسانیان لەدژی خەڵکی کۆمەڵگەکەیان ئەنجامداوە، بەڵام هێزی یەکگرتووانەی تێکۆشانی جەماوەری هەرەس وشکستی بەسوپاو هێزی دەسەڵاتداری فاشیزم هێناوە. کەوایە ئەوەی فاشیزم لێی دەترسێت تەنها خەباتی یەکگرتووانەی جەماوەری خەڵکی ناڕازییە.
هەربۆیەش لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتیانەوە هەتا کۆتایی ڕۆژییان دژایەتی ڕێکخراوبوونی جەماوەری ڕێکخراوەکانی بەشەکانی کۆمەڵگە، وەک کرێکاران و مامۆستایان و خوێندکاران و بەشەکانی کۆمەڵگە دەکەن و سەرکوتیان دەکەن. هەموو ڕژێمە دیکتاتۆرەکان و فاشیستەکان یەک جۆرن لەناوەڕۆکیاندا، جیاوازییان نییە لەنێوانی ئێرانی وعێراقی و توکیایی و کوردستانی، لەهەر وڵات وکۆمەڵگە و شارێک هێزی فاشیزم هەبوو ئەو ناوچەیە وێران دەکات و سەرجەم جیاوازییەکان دەخنکێت‌و لەسێدارە دەدات.
جیاوازی فاشیزم و ئازادیخوازی ئەوەیە لەدەسەڵاتی فاشیزمدا لەجۆری دیکتاتۆرێکی ملهوڕانەی سەربازی حوکوم دەکات وجیاوازییەکان لەناودەبات لەژێر بیانوی پێویستی پەرستنی بتەکانی بنەماڵه و بتەکانی سەرۆک، وێنەیەکی سەرۆک بە زۆرەملێ دەکرێتە پیرۆزیی و کڕنۆشی لەبەردەم دەبرێت، سەرۆک و باوک وباپیری سەرۆک و کوڕو نەوەکانی سەرۆک بەزۆرە ملێ دەکرێنە کەڵەگا و میراتگری هەموو کۆمەڵگە و ئەپەرسترێن و کڕنۆشیان لەبەردەم بەزۆر دەبرێت.
بەڵام لەژێر دەسەڵاتی ئازادیخوازی دا هیچ کەسێک پیرۆز نییەو هەموو مرۆڤەکان مافی خۆیانە ڕەخنە بگرن و جیاوازیی خۆیان بەیان بکەن بەئاشکرا، لەژێر ئەم سیستەم و دەسەڵاته ئازادیخوازییەدا جیاوازییەکان ئاراسته دەکرێن بۆ نوێ بوونەوەی کۆمەڵگە و هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر.
کەوایە لەهەر شوێن و کۆمەڵگە جیاوازییەکان لەسێدارەدران و خەڵک ترسێندرا لەگوتنی ڕەخنە و نووسینی ڕەخنەکان و بڵاوکردنەوەی جیاوازییەکان، ئەوا ئەو جۆرە دەسەڵاته فاشیزم کەشە پێدەدات، هەتا بمێنێت کۆمەڵگە زیاتر وێران دەکات و نوێ بوونەوە دەکوژێت. لەئێران بەدرێژایی چەندەها ساڵە ڕژێمێک لەسەر دەسەڵاتە کە نوێ بوونەوە و ئازادیی و جیاوازییەکان دەکوژێت لەپێناوی مانەوەی دەسەڵاتە دژە ئینسانی یەکەیدا.
ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەدرێژایی تەمەنی هەموو هەوڵێکی دژە ئینسانی داوە بۆ ئەوەی بزوتنەوەی جەماوەری بەرەو ڕێکخراوبون ئاراستە نەبێت. هەربۆیە لەئێستا کەدەبینێت هێزی ناڕازی خەڵک بەجۆرێک هەماهەنکارو هاوخەباتکارە لەخیابانەکان لەسەراسەری ئێران و کوردستاندا بۆ هاتنەسەر خیابان وبەرزکردنەوەی دروشمی ئینسانی و دروشمی مەرگ و ڕوخان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمانە سادە و ساکار نییە، بەڵکو لەناخی کۆمەڵگەوە سەرچاوەی گرتووە .
ئەم جۆرە تێکۆشانە جەماوەرییە کە توانیوێتی هێزی ئەژنۆکانی بەرپرسانی ڕژێم بەرەو لەرزین و ترسی ڕوخانیان بەرێت هەرئەمەش وایی کردووە کە هێزەکانی چەکدارییان ڕادەسپێرن بۆ کرانەوەی دەستیان بۆ ئەنجامدانی سەرکوت و کوشتن بە مەرجێک پاشەکشەبکەن بەڕەوتی جەماوەری تێکۆشانە جەماوەرییەکان. ئەگەرچی خۆشیان دەزانن ئەوان ناتوانن هەربەردەوام بن لە سەرکوت و ملهوڕییەکانیان، بەڵام سڵیش ناکەنەوە لەهیج کردەوەیەکی دڕندانەوە و دژە ئینسانی. ئەی چۆن دەتواندرێت ئەم تێکۆشانە جەماوەرییە سەرکەوتووبێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە تەنها ئەوەیەکە گەشە بدرێت بە هەنگاوەکانی هاوخەباتی یەکگرتووانەی سەراسەری ئێران و کوردستان.
ئەوە ڕاستییەکەیە کە سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە گرەوی یەکگرتووانەو هاوهەنگاوی و هاوئاهەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی سەرانسەری جەماوەری تەواوی شارەکانی ئێراندایە. ئەگەر شیکردنەوە بۆ پەرچەکردار و پلانەکانی ڕژێمی سەرکوتگەری فاشیزمی ئیسلامی بکەین، ئەوەمان باشتر بۆدەسەلمێندرێت کە شکستهێنان بەدەسەڵاتی فاشیزم لەئێران و ڕۆژ هەڵاتی کوردستان و سەرکەوتنی بەرەی خەڵکی ئازادیخوازو ناڕازی بەندە بەگەشەدانی یەکگرتووانە و هاوپشتی دڵسۆزانە.
نەخشەڕێگای پەرچەکداری ڕژێمی فاشیزم بەندە بە هەوڵدان بۆلەتکردن و پەرتەوازەکردنی ئەو هێزە گەورەی ناڕازییەی جەماوەری لەئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەربۆیە زۆر بێ ڕوحمانە لەکوردستان دژایەتی هەر جوڵەو خۆپیشاندانێکی جەماوەری دەکات و ڕاستەوخۆ خەڵک دەکوژێت. ئامانجی ڕژێم ئەوەیە پەرچە کرداری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەئاراستەی جیاوازی ملبنێ، بۆئەوەی بیانوی سەرکوتی زیاتر بە هێزە ملهوڕەکانی دەسەڵات بدات و بڵێت ئەوا ناڕەزایەتی خەڵکی ڕۆژ هەڵاتی کوردستان داوایی پارچە پارچەکردنی خاکی ئێران دەکەن، ئێمە مافی ئەوەمان هەیە سەرکوتیان بکەین. هەربۆیەش لەشکرکێشی ڕژێمی ئیسلامی بە تانک و چەکی نیوە قورس بۆسەر مەهاباد، جوانڕۆ، پیرانشار، بۆکان و کامیاران لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو پاش سوخەنڕانییەکی تووڕەی خامنەیی ڕوویدا کە وتبووی “ئاژاوەی ئەشرار دەبێ کۆبکرێتەوە”.
هەڵبەت پێش ئەویش وتەبێژی فاشیزمی دەوڵەتی ڕەئیسیی قاتڵ، کوشتار و ڕشتنی خوێنی خەڵکی وەک ئاوی خواردنەوە وەسف کردبوو و وتبووی ” ئەگەر خامنەیی ئیجازە بدات گولـلەی جەنگی بەکار بێنین، بە تەق و تۆق واتە بە کۆمەڵکوژی. جۆرێک خەڵک دەترسێینن کە نەوێرن لە ماڵ بێنە دەر “هەرچەندە بەرێژیی تەمەنی دەسەڵاتی فاشیزمی مەلاکان بۆیەک ڕۆژیش دەستی هەڵنەگرتووە لەسەرکوت و کوشتن و ئازاردانی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بەڵام ئەم جارەیان هەموو هێزیان لەدژی خەڵک بەکاردەهێنن. وەڵامی دروست ئەوەیە هێزی ناڕازی شەقام بەرەو یەکگرتوویی ڕێکخراوەیی باشتر هەنگاوبنێت، هەتا ڕوخانی بەتەواوی دەسەڵاتی فاشیزم نەوەستێت. گرینگی ئەم ناڕەزایەتی و تێکۆشانەش ئەوەیە کە لەئێستادا بۆتە بزوتنەوەیەکی جەماوەری سەراسەری بۆ ڕەتکردنەوەو لابردنی ئەودەسەڵات و سستەمە دژە ئینسانییە. مێژوویی تێکۆشانی مرۆڤایەتی ئەوەی سەلماندووە کە کاتێک‌ هێزی ناڕەزایەتی بۆ گۆڕانکاری باشتر بووە بزووتنەوەیەکی جەماوەری هیچ هێزێک ناتوانێت بیوەستێنێت.
هەر بۆیە زۆر پێویسته هەموو ئەوانەی لایەنگری ڕوخانی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانن دڵسۆزانە لەخەمی گەشەدان‌و بەرەوپێشبردنی بزوتنەوەی جەماوەری دابێت بەئاراستەی گەشەدانی یەکگرتووانە و هاوخەباتی و هەماهەنکاری سەراسەری خەڵکی ئێران و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بەهیچ شێوەیەک ناکرێت ئەم جۆرە ناڕەزایەتییانە دابەش بکرێت بەسەر جۆری ناوچەگەری و جۆری نەتەوەکان، هەر چەندە بەشێک لەحیزب وڕێکخراوە ناسێۆنالیست و نەتەوەپەرستەکان بەردەوام بەو ئاراستەیە کارییان کردووە کە دابەشکاری لە ڕێڕەوی تێکۆشانە جەماوەرییەکاندا بە ئاراستەی نەتەوایەتی و ناوچەگەرێتیدا بکەن، بەڵام خۆشبەختانە سەرجەم هەوڵەکانیان شکستیهێناوەو سەرکەوتوو نەبووە.
نەخشە ڕێگای دروست ئەوەیە هێزی ناڕەزایەتییەکان لەسەرجەم شارەکانی ئێران و کوردستان بەهێزکرێت و هەماهەنکاری و هاوکاری لەسەری گەشەی پێبدرێت. کاتێک لەهەموو شارەکان خەڵک بەیەکەوە هاتنە خیابان و دروشمیان بۆ ڕوخانی ئەو فاشیزمە دڕندەیە بەرزکردەوە ئەوکات ڕژێم ناچار دەبێت هێزی سوپاکەی دابەش بکات بەسەر شارەکاندا ناتوانێت خەڵک بەزۆر سەرکوت بکات، بەڵام تەنها ناوچەیەک و چەند شارێک ناڕەزایەتی هەبێت ڕژێم هێزی سەربازی زۆرتر کۆدەکاتەوە زووتر خەڵک سەرکوت دەکات.
لەوەش پێویسترو گرینگتر ئەوەیە لەوڵاتانی ناوچەکە خەڵک بۆ پشتیوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران بێنە سەر خیابەکانیان داوای نەمانی ئەو ڕژێمە بکەن.
هەموو فشارەکان بەهێزبکرێن بۆسەر دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی ئێران. هەڵەیەکی کوشندەیە کاتێک پشتیوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران دابپۆشرێت بەدروشمە حیزبی و قەومییەکان، چونکە کاریگەری نەرێنی دەبێت کە ڕوحی هەماهەنکاری سەراسەری ئێران و کوردستان دەکوژێت و دابەشی دەکات پێویسته هەموو ئاراستەکان گرینگی بەئاراستەی گەشەدانی بزوتنەوەیی جەماوەری سەراسەری بێت. بەم نەخشەڕێگایە ئیرادەی درێژەدان و بەردەوامیتێکۆشانی یەکگرتووانەی جەماوەری بەزیندوویی دەمێنێتەوە لەهەمانکاتیشدا ئیرادەی دەسەڵاتی فاشیزم تێکدەشکێنێت.
تێ بی نی \\ ئەم بابەتە لەبڵاوکراوەی بۆپێشەوە لە ١\١٢\٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە
Leave A Reply

Your email address will not be published.