ڕاپەرینی ئێران و کاریگەری لەسەر عێراق و کوردستان

0
نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
خرۆشان و ڕاپەرینی خەڵکی ئێران، بەردەوامە. ئاسۆی سەرکەوتنی ئەم ڕاپەرینەو بوونی بە شۆرشێکی کۆمەڵایەتی، یەکێک لە ئەگەرەکانی ناو چەند ئەگەری ترە. ناوەرۆکی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی ئێستای کوردستان و سەراسەری ئێران، چەپییە… خواستەکانی رادیکال و ئینسانین، بەشداربووانی سەرەکی جەماوەری بێبەشی ژیر باری قورسایی دەسەڵاتی ٤٣ ساڵەی، نەنگینی ئیسلامیی سەرمایەیە.
ژنان و لاوان دوانە هێزە بەرینی ئاسۆ لێکهەڵپیکراون، کە بەکردەوە بەو راستییە گەیشتوون، کە لە ژیر سایەی دەسەڵاتی ئیسلامی سەرمایەدا، باسی دەستراگەیشن بە مافە فەردی و مەدەنیەکانی و ئازادییەکان، وەهمە. هیچ بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی پێشرەو و ئینسانی ناتوانێت لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵات و سیستەمە سیاسییە ئیسلامییە کۆنەپەرستەدا، خواستەکانی بەدی بهێنێت…
ناکۆکی بنەرەتی و چارهەڵنەگر، لە نێوان ئازادی و مافە فەردی و مەدەنی و ئینسانی و جیهانداگرەکان و سروشتیەکان، لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی سەرمایە لە ئیراندا، لەپاڵ گرانی و برسێتی و بیکاری و نەبوونی سەرکوتی هەمەلایەندا، پایەی سەرەکی خرۆشان و راپەرینی ئێستاو شۆرشی داهاتووە. کە روخاندنی رژێم بە لەڕیگای ئەم ڕاپەرین و خرۆشانە جەماوەرییەوە، دەسپێکی شۆرش و چوونی کۆمەڵگەی ئیرانە بۆ ناو ململانێیەکی فراوانتر لەسەر ئایندەی ئەم شۆرشە و ئەڵتەرناتیفەکان. روخاندنی جمهوری ئیسلامی بەڵگە نەویستە، بەڵام سەرکەوتنی شۆرش حەتمی نییە و تەنها ئەگەرێکە، شۆرش و ململانێی واقعی و جەنگی چینایەتی لە ئاستە هەر باڵاکەی خۆیدا بەدوای روخاندنی ئەم ڕژێمەدا دەست پێدەکات. لە پرۆسیسی روخاندنی جمهوری ئیسلامیدا، بەشی زۆری حزبە سیاسیەکان و هەرەزۆری جەماوەر و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو ژنان و لاوان و خوێندکاران و مامۆستاو خانەنشینان و کرێکاران، بەشداری دەکەن، بەڵام لە شۆرشدا بەپلەی یەکەم کرێکارانن کە مۆتۆر و رابەری سەرکەوتنی شۆرشیان لەسەر شانە و ئەوان هیزی هەرە گەورە و یەکلاکەرەوەن.
دیارە روخاندنی جمهوری ئیسلامی، لەهەموو حاڵەتێکدا، ئاڵوگۆرێکی گەورەو بنەرەتی لەسەر ئاستی ئیران و ناوچەکەو دنیا بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئاڵوگۆڕێک کە ناتوانێت کۆمەڵگەی ئیران بەرەوە دواوە و جێگای رێگای شۆرش، بەرەوخوار ببات. شانسی هیچ هێزێکی کۆنەپەست و ئیسلام سیاسی لەهیچ ئاستێكدا بۆ جیگرتنەوەی دەسەڵاتی دارماوی جمهوری ئیسلامی، نییە. بە پێچەوانەوە هیزە کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان و بزوتنەوەکانی هاوشانیان و ئیسلامی سیاسی و دەستەو تاقمەکانیان، چ لەناوخۆی ئیران و چ لەناوچەکەو ئاستی دنیادا پاشەکشە پێدەکات و هێز بە بزوتنەوە ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازەکان دەبەخشێت، بەتایبەتیش بە هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان.
جمهوری ئیسلامی رەمزو سەرچاوەی پێگرتنی دەیان رەوتی هەسار پچڕاو و مایە هێز بەخشین بەدەیان و سەدان هێزی ئیسلامی سیاسی و پاڵپشتی هەزاران باندی ئینسان کوژی لە گۆشەو کەنارەکانی دنیا کردووە، بۆتە مایەی زاڵکردنی بەزۆری زوربەی هەرەزۆری نەریت و شێوەکانی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی لەئاستی دنیادا و بەتایبەتیش لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا. وە پاشەوپاش گەڕانەوەیەکی گەورەی بەسەر کۆمەڵگەکانی ئەو وڵاتانەدا هێناوە.
دەستێوردانەکانی لە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکدا هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ نائارام کردن و زاڵکردنی کەشی پشێوی و نائەمنی و قوڵکردنەوەی تەفرەقەی مەزهەبی و تایفی. لەوانەش زیاتر داوای بەش و بەرەسمت ناساندنی رۆڵی خۆی لەو وڵاتانەدا وەکو واقعیەتیك بەدەستەوە گرتووەو خوازیاری ئەوە بوو دنیا ئەو دەستێوەردان و ملهوریەی بۆ بەفەرمی بناسێت… لەوەها واقعیەتێکدا، روخانی جمهوری ئیسلامی هەموو ئەو رۆڵەی وێرانکارییەی ئیران کۆتایی پێدەهێنێت و لەبەین دەبات. دیارە بەو ئەندازەیەش هیزە ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازەکان دەرفەتی کار و چالاکیان بۆ دەرەخسێت و کەشی خەبات و تیکۆشانی بۆ زامنتر دەبێت و بزوتنەوە کۆمەلایەتیەکانی وەکو ژنان و لاوان و مەدی ئازادیخوازی، جێگای نەریت و شێوازە داسەپاوەکانی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی دەگرنەوە.
لەناو ئەو کاریگەریانەدا کە بەروخاندنی جمهوری ئیسلامی لە ئاستی دنیاو ناوچەکە روودەدات، عێراق و کوردستان، زۆرترین شانس و زۆرترین لێکەوتەی ئیجابی بەردەکەێت. ئەگەر دەستێوردانی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی لە بەشیکی زۆری وڵاتانی دنیا و ڕۆژەهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە لە رێگای ناراستەوخۆ و بەوەکالەت سپیردراوە بە گروپ و رەوتە سیاسییەکانی وابەستە بەخۆی و دروستکراوی خۆی، ئەوا لە عێراق و کوردستاندا، جمهوری ئیسلامی بەجیا لە هێزو گروپەکانی سەربەخۆی، راستەوخۆ بۆتە هیزێکی هەمیشە ئامادەو بەشدار لە دۆخ و پرۆسیسی سیاسیدا. ئێران لایەنی هەرە براوەی جەنگ و ملهوری ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا بووە، بەتایبەتیش لە عێراقدا قەڵەمرەوی سیاسی لەژێر هەژموون و بریاری راستەخۆی ئیراندا چووتە پێشەوە.
هیچ حکومەت بەبێ رۆڵی ئیران و باڵادەستی ئەو لە عێراقدا پێک نەهاتووە، هاوکات هیچ میلیشیایەکی سیاسی دەرەوەی حکومەت، بەشێوە ئیسلامیەکەی چ شیعی و چ سونی نییە، ئیران لە پشتیان نەبووبێت و ئیران بەبەردەوامی هاوکاری نەکردبن. بەتایبەتیش ئیسلامی سیاسی شیعی و میلیشیاکانیان.
لە کوردستانیشدا بەهەمان شێوە باڵادەستی سیاسەت و دەستێورەردان و تەنانەت داسەپاندی هەژموونی بەسەر تەلاری ریکخراوەیی حزبەکاندا، لەکەس شاراوە نییە. جیا لەوانەش لەلایەکەوە بۆ نیشاندانی هەژموونی خۆی لەبەرامبەر رەقیبە ناوچەیەکانی و لەلایەکی تریشەوە بۆ گواستنەوەی ئەزمە ناوخۆییەکانی و گوشار دروسکردنی زیاتر بۆ ملکەچ پێکردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، لە لەشکرکێشی، بۆردومانی ناوچە سنوریەکان، تیرۆر و بڵاوپیکردنی تۆرە ئینسان کوژەکان و تیرۆری کادر و هەڵسوڕوانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی درێغی، نەکردووە.
ئیسلامی سیاسی شیعی و ئیسلامی سیاسی لە کوردستان، هەمیشە ئیران لە پشتیان بووەو هێزی پێبەخشیوون، دەسەڵاتی سیاسیشی لەسەر ئاستی عیراق و کوردستاندا، بەچەندین ڕێگاوە وابەستەی سیاسەتەکانی خۆی کردووە. بۆیە بەشێکی هەرە سەرەکی لە نائەمنی، پشێوی، جەنگی ناوخۆ، شەری میلیشیاکان…
ئێران لایەنێکی سەرەکی بووە. هەموو ئەمانە بەجیا لەوەی دۆخی سیاسی عێراق و کوردستانی شلۆق، نائارام، ناسەقامگیر… کردووە، هاوکات کەشی کۆنەپەرستی ئیسلامی بەسەر ژیانی کۆمەلایەتی و کەلتوری و فەرهەنگی خەڵکی عێراق و کوردستاندا سەپاندووە و دەسەڵاتی سیاسی ناچار کردووە هێندەی تر پابەندی نەریت و ریسا ئیسلامیەکان ببن و بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵی بکەن و وەکو بڕیار بەسەر کۆمەڵگەدا دای بسەپێنن، هیچ گۆشەو لایەنێکی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کەلتوری، هیچ بوارێک لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا نەماوەتەوە ئیسلام و ئیسلامی سیاسی و سەلەفیەکان بە پشتیوانی دەسەڵاتی سیاسی دەستێوەردانی تیدا نەکەن و وەزارەتی ئەوقاف، وەکو نوکە رمی ئیسلامیزم، نەکەنە بەڵای سەر ژیانی خەڵکی مەدەنی کوردستان. لەو نێوەدا ژنان و لاوان و مافە فەردی و مەدەنی و ئازادییەکانیان… قوربانیانی دەستەی یەکەمی ئەم هەژموونی و دەستیوەردانەی ئیرانن بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا.
کۆنەپەرستی ئیسلامی، هێز گەلی ئیسلامی، حجابی ئیسلامی، نەریتی ئیسلامی، زاڵکردنی نەریتی شێوە ژیانی ئیسلامی بەسەر شێوازی شاری و شارستانی ژیانی خەڵکی کوردستاندا، بەجیا لەکۆنەپەرست بوونی دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کورد، لەبنەرەتدا ئاکامی دەستێوردانی ئیران و هاوکاری دەسەڵات و هیزە ئیسلامیەکانی سەربەخۆی بووە.
بەم شێوەیە کاریگەری دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی بەسەر عێراق و کوردستاندا راستەوخۆ و بەشێوەی سیستماتیک چۆتە پێشەوە. بۆیە روخانی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی کۆمەڵگەی عێراق و کوردستان دەخاتە بەردەم دەورەیەکی نوێ، کەشێکی نوێ، شیوە ژیانێکی نوێ، دۆخێکی نەک تەواو جیاواز، بەڵکو پێچەوانە بە دۆخی پێشوو… خۆ ئەگەر ئەم ڕاپەرینە بگات بەشۆرش و لە سەردەمی شۆرشدا، کۆمۆنیزم و چەپ هیزەکانی بۆرژوای و هێزەکانی دژە شۆرش و نەخشەو پلانەکانیان بخاتە کەنار، و بلۆکی چەپ و کۆمۆنیزم سەرکەوتوبێت، کاریگەرییەکانی زۆر زیاتر لەوە دەبێت کە تەنها بەروخاندنی جمهوری ئیسلامی پێک دێت. تا ئێستا بەهۆی ناوەرۆکی شۆرشگێرانەی بزوتنەوەکە، دروشم و خواستەکانی، هێزەکانی بەشدار لە ڕاپەرین و خەسڵەتە چینایەتیەکەی شانسی سەرکەوتنی چەپ و کۆمۆنیزم، یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکانی دوای روخاندنی دەسەڵاتی سەرمایەیە لە ئێراندایە.
لە عێراق و کوردستاندا چەپ و کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی زۆرترین سود لە روخانی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی دەبینێت، چونکە بەروخانی ئەو رژێمە، کۆسپ گەلێکی زۆر خود بەخود لە ژێر کاریگەری روخاندنی جمهوری ئیسلامیدا، دەکەونە کەنار و لەبەین دەچن. ئەگەر جیایی دین لە دەوڵەت و یاساو رێساو پەروەردە، یەکسانی ژن و پیاو، مافە فەردی و مەدەنیەکان، پوکانەوە و داکوژانی وەلانانی کەشی ئیسلامی سیاسی و کۆنەپەرستی بەسەر کۆمەڵگەدا، بەناچار بۆتە بەشیک لە کارنامەو خەباتی کۆمۆنیستەکان و چەپەکان بەوێنەی کۆسپی بەردەم خەباتی چینایەتی و شۆرشی کرێکاریی، ئەوا ئەم کۆسپانە لەبەین دەچن و کەش بۆ خەبات و تیکۆشانی کۆمۆنیستەکان هێزە ئازادیخوازەکان ئاوەڵا دەبێت.
خەباتی چینایەتی لە دۆخێکی گونجاوتردا دەچێتە پێشەوە و توخمەکانی هەلومەرجی شۆرشگێرانە، زامنتر دەبن. ئەوەی چەپ و کۆمۆنیست و هێزە ئازادیخوازەکان، چەندیین ساڵیان لە خەبات و قوربانیدان بۆ بۆ پاشەکشەکردن بە ئیسلام و ئیسلامی سیاسی و بۆ زامنبوونی مافە فەردی و مەدەنیەکان و فەرهەم بوونی ئازادییەکان و کەشی سیاسی لەبار پێویستە، ئەوا ئەو ئەرک و تیکۆشان و قوربانیدانە، لە ژێر کاریگەری راپەرینی ئیران و روخانی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامیدا، پێداویستی سەرەکی خۆی لەدەست دەدات و کۆمەڵگە بەهەموو لایەنەکانیەوە دەباتە فازێکی ترەوە. و ئەرکی تر لە دۆخێکی لەبارتر و شیاوتردا دەخاتە سەر شانی چەپ و کۆمۆنیستەکان.
هەر ئەو راستیانەشە وای کردووە دنیای ئازادیخوازی و پێشکەوتنخوازی، ئوردوی جیهانی ئومێدوار بە ژیانێکی باشتر و ئارام تر و پێشکەوتوتر، بەچاوی ئومێدەوە بڕوانە بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی ئیران و پشتیوانی هەمەلایەنەی بکەن.
تێبینی \ئەم بابەتە لە بڵاوکراوەی بۆپێشەوە بڵاوکراوەتەوە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.