رۆژهەڵاتی کوردستان ئازادییەکەی بە خوێن دەنوسرێتەوە !

0

کاوە نادر قادر

بە هەموو پێوەرەکان بێ، راپەڕینی ئەوجارەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەپێناو ئازادی بۆ خۆ دیتنەوەیە لەفەزایەکی مۆدێرندا، راپەڕینێکە بەسەر جێبەجێکردنی شەرعیەتی ولایتی فەقیەی شیعەگەراییدا،(لەچک سوتاندن ولەسەرکردنەوەی مێزەری ئاخوندەکان وپڕچبڕین ولەبەرکردنی جلی مۆدە تەنورەی کورت) وسرودی ئەی شەهیدانی سەرمینبەری مزگەتەکان )گەواهین بۆ بۆچوونەکانمان.
ئەو راپەڕینە لە چوار راپەڕینەکانی دیکەی بەو ناوەڕۆکە جودا دەکاتەوە، مۆرکی کلاسیکییەتی فڕێداوەو ئافراندنی نوێ بۆ ناوەڕۆکی ئازادی بەژن و گەنج و بە دروشمی (ژن ژیان ئازادی)، لەسەر گۆڕستانی سەقز بۆ ژنە شەهیدێکی کوردستانی”ژینا ئەمینی” دەستی پێکرد و” تا ئێستا ٦٧ شەهیدی لێکەوتەوە، لەوانە ٧ شەهیدی ژنن لە ٥٦ شارو شارۆچکەی رۆژهەڵاتی کوردستاندا”. یانی ئەو راپەڕینە:
_ رەهەندێکی معریفیشی هەیە بۆ بەمۆدێرن کردنی کۆمەڵگە وعەقڵێکی هۆشمەندانە بە لەپێناو ئازادی ژنبوون شایستە بە خۆیان ودژ بە بیرباوەڕی دواکەوتووی سیستەمێکی سیوکراتی، ئەو راپەڕینەیە لەهەرشوێنێكەوە بۆی هەڵكەوێ بەهەموو جۆرەکان چالاكیی دەنوێنێ.بەردەوامییەكەی توانا زاتییەکان وەردەگرێت.
_ چەخماخەی ئەو راپەڕینە لەرۆژهەڵاتی کوردستان لێدراو گڕی لەتاران وبلوجستان وشیمالی ئێران بەرداو پشتیوانی خۆیان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاندو بۆ ئازادییە گشتییەکان و خۆسەری، هاتنە مەیدان وترس وتوندوتیژی وکوشتن لەبەدەستهێنانی ناوەڕۆکی ئازادی پەشیمان نەکردنەوە، بەو جۆرەی كەوێستگەكانی ئەو سەرهەڵدانە لێیانی دەخوازێت.
ئەوەی لێرەدا گرنگە بگوترێ :
_ئەو راپەڕینەی کە٩٠ تێپەڕاند ئەوەی سەلماند کەرژێمی کۆماری ئیسلامی توانای خۆچاککردن وبەجێگەیاندنی داخوازی ومافەکانی گەلانی ئێرانی نییە وهەر لەپەت وسێدارەو توندوتیژی چارەسەر دەبێنێتەوە.
_ بەهاندان وهاوکاری چینی میللی وروسیا ئەو راپەڕینەش سەرکووت بکاتەوە، تازە ئەو دەورانە رۆیشت کۆماری ئیسلامی بگەڕێتەوە پێش راپەڕین.
_ هەیبەتی کۆماری ئیسلامی وزەبرو زەنگەی کە بەکاری دەهێنا بۆ ملکەچکردنی خەڵکی، گوزەشت وئەو ترسەی رەواندەوە.
_ لەگەڵ ئەوەی گەرمی گوڕی وبەهێزی سەرهەڵدانەکان لەشارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت دوای هێرشەکانی ئیران بۆ سەر بارەگای پارتە رۆژهەڵاتییەکان لە باشووری کوردستان وپشتیوانی مێدیاکانی رۆژئاواییەکان، کاریگەری زیاتری بەسەر ناوچەکانی ئێراندا، دەستڕۆیشتوانی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی لەئێران لەوە دەترسن ئەو شەپۆڵە ناڕەزایەتییە ببێتە هۆکاری لەبەر یەک هەڵوەشاندنەوەی هێزە فەرمییەکانی ئێران(سوپا، پاسداران ، پەسیج، ئیتلاعات، ئیدارە….)بەتایبەتی بەکارهێنانی توندوتێژی وچەک، ناڕەزاتییەکانی پێ کپ نەکرا بە پێچەوانەوە گەرمترو بەهێزترو بەرفراوانتری دەکات.
بۆیە ئەو٤٤ساڵەی چاندنی ترس لەلایەن رژیم، بە بەرخودان وئیرادەی خۆڕاگری وڵاتپارێزانی رۆژهەڵاتیانی کوردستان بێ چارە مایتەوە و ئەو ترسە لەدڵی سەرانی کۆماری ئیسلامی چەقاندووە کە هەندێ هێزی دەوڵەت لەمەودوا رێگە نەدەن “هاوڵاتیان بەهەوەنتە وبەو شێوازە بکوژرێن” لێکترازانی هێزێک یاخۆد بەشێک لەو هێزانە، ئەو کات سەرهەڵدان دەچێتە قۆناخێکی دیکە.
کێشەی ژنان و گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان چارەسەر نەکرێت،راپەڕین بەردەوام دەبێت.بەپێی ئامارێکی سەنتەری نەتەوەیی عەرەبی”٦٠% کۆمەڵگەی ئێران، ئەو خەڵکانەن کە تەمنیان٣٠ ساڵ و لە خوارەوە ترە و تەنیا رژێمی کۆماری ئیسلامیان دیتیە”و هەر نامۆبوون بە پەراویزی ژیان وبێ مافی وەک هاوڵاتی گوزەریان کردووە لەو وڵاتەو” و لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بە دونیای مۆدێرن ئاشناییان پەیدا کردووە.
ئاسان نییە بەرزەفت بکرێ کۆمەڵگەیەکی ئێرانی “٤٠ ملیۆن کەسی(نیوەی دانیشتوان) بێکارن و نزیکەی ٢٠ملیۆن(چوارەگێک) کرێچین یان لەخانووی بێ تاپۆن،لە٣٠ساڵەی رابردوودا ١٧ کەرەتی جاران ئەو جۆرە هاوڵاتیانە، زیادیان کردووە، پشکی شیری ئەو ئامارانەش بەر کورد کەوتییە.
ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران بە گشتی وڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی توندتر بووە وڕژیمی خستۆتە ناو تونێلێکی داخراوەوە، ناتوانێ بە ئاسانی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، دروشمی خۆپیشاندەرانی کوردستانیش ببێتە”تا کورد هەبێ کوردستان دەمێنت”، لە کاتێکدا لەناو رۆژهەڵاتییەکان گیانی ئێرانچێتی لەوەو پێش زۆر بوو، کەچی لەو ناڕەزاتیانە هەست بە خۆگرێدان بەکوردستانیەت زاڵترە.
١٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢
Leave A Reply

Your email address will not be published.