مەهسا ئەمینی (ژینا)، کچی جیهان
ڕەحمان حسێن زادە
شەرمەزار بێت جەهالەتو جیاکاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی و کورد کاتێک کە تاوانبارانی ئیسلامی ژینای ئازیز، مەهسا ئەمینیان کوشت زۆر لە چرکەساتی یەکەمەوە درەنگانی شەوی هەینی، ٤٠ ڕۆژ بەر لەئێستا توڕەیی خەڵکی ناڕازیو ژنانو نەوەی لاوی ئازا لە تاران لە بەردەم نەخۆشخانەی کەسرایی تاران تەقیەوە.
ڕۆژی دواتر لە گۆڕستانی ئایچی سەقز هەزاران کەس لە کۆبوونەوەیەکی گەورەدا ژینای ئازیزیان بەڕی کرد.
بەم شێوەیە بناغەکانی هاوپشتیی خەباتی خەڵکی خەباتکار لە سەرانسەری ئێراندا چەسپێنرانو ئێستاش بۆ ماوەی چل ڕۆژو شەو لایەنە جۆراوجۆرەکانی ناڕەزاییو مانگرتنەکان و دەستپێشخەرییە شۆڕشگێڕەکانی خەڵک لە سەرانسەری وڵاتدا سەرانی کۆماری ئیسلامیو هەموو جەستەی ئەم دەسەڵاتە دڕندەیەی هێناوەتە لەرزە.
بهڵام دهستپێکردن و درێژهی ناڕهزاییه ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەکان، ناسیۆنالیزمی ئێرانیو ناسیۆنالیزمی کوردی زۆر ترساندووە. هەر لەسەرەتاوە لەبەرانبەر هاودەنگیی فراوانو رادیکاڵو قووڵی ئەو هەڵچوونە شۆڕشگێڕانەی ئێستادا، بە دابەشکاری موزەیەفی مەهسا “کچی ئێران” و “کچی کورد” بیریان لە دروستکردنی دووبەرەکیو رێگریکردن کردەوە.
ئەوان بەهۆی تێڕوانینو سیاسەتو بەرژەوەندی دواکەوتووانەی ناسیۆنالیستیەوە، نایانەوێت قەبوڵی بکەن کە خەڵکی توڕە لە هەموو ئێرانو کوردستانو ئێستا لەتەواوی جیهاندا، بەبێ ئەوەی بچوکترین بایەخ بدەن بە ناساننامەسازی درۆیانەی”ئێرانی یان کورد” ڕاپەڕیون.
نایانەوێت قەبوڵی بکەن کە جەماوەر لە سەروو هەموو شتێکەوە لەوە بەگیانهاتوون کە ئینسانێک لەژێر دەسەڵاتی ڕەشی ئیسلامیو لە بنەڕەتدا لەبەر کچ بوون و ژن بوون، بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیسلامی بە دڕندانەترین شێوە ژیانی لێ سەندراوەتەوە.
ئەم خرۆشانە جیهانییە کە هەموو کۆتو بەندەکانی نەتەوەییو لۆکاڵی ناشتووە، سەرانی ناسیۆنالیزمی ئێرانیو کوردیی ترساندووە، هەربۆیە دووبەرەکی نانەوە لە نێوان ڕیزەکانی خەڵک لە سەرتاسەری ئێرانو کوردستانیان بە پەنابردن بۆ پۆلێنکاریە نەتەوەییەکان خستۆتە بەرنامەی کاری خۆیانەوە.
پڕوپاگەندە و بانگەشەی ڕەوتە ناسیۆنالیستییە کۆنەپەرستەکان بۆ سبەینێ چوارشەممە ٢٦ی ئۆکتۆبەرو بۆ یادکردنەوەی چلەی کۆچی دوایی ژینای ئازیز، لەوانەش بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبە ناسیۆنالیستەکانی کورد نموونەیەکی قێزەونی ئەم دووبەرەکییە دژە ئینسانییەیە .
زاڵبوونی بەرژەوەندییو بیزنسی نەتەوەگەراییو خورافاتی نەتەوەپەرستی بەسەر بیرو کردارەکانیاندا ئەم ڕاستی ناسینە سادەیەی لێ سەندوونەتەوە، کە یادکردنەوەی ژینای ئازیز ئێستا ئیترڕەهەندی جیهانی هەیەو لە ئێرانیش ڕەهەندی زۆر زەقی سەراسەری هەیە.
وەک ڕێزێک بۆ ژینا و ئەو جووڵانەوە مەزنەی کە دەستی پێکردووە، لە جیهانداو هەموو ئێراندا خەڵک ڕابوون و شەقام و پارکەکان و .
تاد بە ناوی ئەوەوە ناودەنێن و بە وێنەی ئەو دەیانڕازێننەوە. ئەوان لەوە تێناگەن کە ئێستا مەهسا ئەمینی (ژینا) سەر بە مرۆڤایەتی و ئازادیخوازی بێ سنوورە لە جیهاندا.
ژینای ئازیز، مەهسای لاو لە ئێستاو لە داهاتوودا کچی جیهانە.
ناو و یادی ئازیزی هەمیشە بەرزو بەڕیزە
٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢