ئارایشتدانەوەی تیرۆر بەرهەمی دەسەڵاتە

0
ئاوات (عبدالرحمن رسول )
هەبوونی تیرۆر واتە نەبوونی ئارامی ژیان و لەناو بردنی جوانی یەکانی ژیان کە ئازادی بیرکردنەوە و ڕەخنە و تێڕوانینی جیاوازە. لەهەر کۆمەڵگایەک تیرۆر هەبوو هەبوونی مافی مرۆڤ وئازادی سیاسی و ڕادەربڕین و مەدەنی بوونی کۆمەڵگا دەکەوێتە مەترسی یەوە چونکە جوڵەکانی بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتن و بۆچوونە جیاوازو بیروڕا جیاوازەکان تووشی شەڵەژان دەبن بەهۆی گومان لەوەی کە ئەوانیش تووشی فشار و ئەگەری لەناوبردن دەبن بەهۆی بۆچوون و ڕەخنە جیاوازەکانیانەوە .
ئەوانەی پەنا بۆ ئەنجامدانی تیرۆر دەبن کە خاوەن هەر جۆرە بیروباوەڕو دین و نەتەوە و بۆچوونێک بن ئەوا لەئەنجامی ئیفلاسی فکری و بیرکردنەوەو ڕوکودی سیاسی وفکریان کە لەئاست بیرکردنەوە وهزرە پێشکەوتنخوازو مرۆڤ دۆست و ئازادیخوازو یەکسانیخوازەکاندا بێ وەڵامن لەڕویی فکری ئیداری و سیاسی یەوە لەبێ توانی وهیچ لەباران نەبوویی و بێ وەڵامن بەرامبەر پرسیارە وبۆچوونە نوێ کان و جیهانی شارەستانی و مرۆڤی سەردەمی شارەستانی وئازادیخوازی دا .ئەوانەی تیرۆر ئەنجام دەدەن هەرگیز توانای گونجاندن و دیالۆگ و گوێ گرتنیان نییە بۆیە بۆ ڕوبەڕووبوونەوە تەنها بەتیرۆر وکوشتن وەڵامی ڕەخنە و چالاکی یە ئازادیخواز ومرۆڤ دۆستەکان کە لەخۆیان جیاوازن دەدەنەوە.
لەهەر کۆمەڵکایەکیش تیرۆر و کوشتن وکوشتنی ژنان وپیاوان چەند بارە بۆوە ئەمەش بەواتایی ئەوەیە کە جۆرێک دەسەڵاتێک هەیە کە خۆی پێکهاتەکەی هاوکارو یارمەتی دەری گەشەدان و ئاراشتدانەوەی تیرۆرە . ئەگەر نەتوانێت لەماوەیەکی کەمدا ئەو جۆرە کوشتن و تیرۆرانە بوەستێنێت ئەوا سەرجەم پێکهاتەی ئیدارەداری و دەسەڵاتداری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەو دەبێتە بەشێکە لە هاوکارو یارمەتی دانی گەشەی تیرۆر .
لەم قۆناغەدا ڕۆڵی خەڵکی ئازایخوازوسیکۆلارو مرۆڤ دۆست وکۆمۆنیست دێتە گۆڕێ کەپێویست دەکات بەئەرکی دروستی خۆیان هەستن . ئەویش ڕوبەڕوبوونەوەیە لەدژی کۆی پێکهێنەرە فکری و بیرکردنەوە وبۆچوون و تێڕوانینەکانە کەهۆکاری ئەنجامدەری تیرۆر و کوشتنەکانی ژنان و پیاوانن وکە یارمەتی و پشتیوانن لەئاراشتدانەوەی ئەنجامدانی تیرۆر .
کە لەژێر ئەم تێڕوانینەی سەرەوە کەمێک بیر لە پێکهاتەی ئیدارەدان و دەسەڵاتدارێتی کوردستان بکەین بەڵام بەبێ ئەوەی لایەنگری وکاریگەری هیچ جۆرە ئایدیا و بۆچوون وتێڕوانینێکی حیزبێکی سیاسی دیاریکراو لەزەهەنێت و بیرکردنەماندا داگیربکات لەسەر بابەتی بیرکردنەوە کە هەبوونی چەند بارەی تیرۆرە لەکوردستانە !
دەرئەنجام دەگەینە ئەو ئەنجامەی لە باشووری کوردستان بەدیاریکراوی کۆی سیستەم و دەسەڵاتدارانی بەشێکی بەهێزی ئەنجام دەرو هێزی ئاراشتدانەوەی پێکهاتەکانی گەشەی تیرۆرن لەکوردستاندا ،لەوەش کوشندەتر ئەوەیە زۆرینەی پێکهاتەی میدیایی و سیاسی وڕوناکبیری و سیکۆلارو ئازادیخوازو چەپ و کۆمۆنیست وشیوعی لەو چوارچێوەدا بێ هەڵوێست و بێ جوڵەی بەرەنگاری ئاراشتدانەوەکانی تیرۆرن لەکوردستان ئەمەش وایی کردووە لەجیاتی کەم کردنەوەو نەمانی تیرۆر ،خودی تیرۆر ببێتە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر ئارامی و ژیانی کەسانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز لەژنان وپیاوان لەباشووری کوردستان .
ڕۆژ دوایی ڕۆژ ئازادی یەکان زیاتر بەرتەسک دەکرێنەوە لەژێر ناو وبیانوی جیاوازی کوشندەدا.
ئەزیزانی خوێنەر :تکایە! با چیتر ڕوداوە تیرۆریستی یەکان لەچوارچێوەی حیزبێک یان فکروبیرکردنەوەیەکی بەرژەوەندی تایبەتی هەڵسەنگاندن و شی کردنەوەکان ئەنجام نەدرێت کەئەمەش تەنها بۆهاوسۆزی نیشاندان نەبێت ئەگەر ئەم شێوازە هەڵەیە بەردەوامی پێبدرێت هەروەک ڕوداوێکی دیاریکراوی ناخۆشی حیزبێک یان خانەوادەو گروپێک لێکدانەوەی بۆ بکرێت دواجار لەکۆی گشتی دا زیاتر کۆمەڵگا دادەڕوخێت وبەرەو وێرانترو بێ ئومێدی زیاتر ڕاپێچ دەکرێت ئەمەش چەند لەبەرژەوەندی تایبەتی دەسەڵات و تیرۆر و توندڕەوەییە هێندەش زیان بە کۆمەڵگایی کوردستان دەگەیەنێت.
زۆرینەمان لەمێژوویی ژێر دەسەڵاتی سیاسی چەوسێنەرودزوگەندەڵی کوردستان گوێ بیستی هەواڵی تیرۆرکردنی چەندەها هەڵسواویی سیاسی ژن وپیاو و ڕۆژنامەنووس بوون لەمانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ یش گوێ بیستی ژنێکی چالاکوانێکی سیاسی و میدیایی بووین لەشاری سلێمانی و لەشاری هەولێریش ئەفسەرێکی دەزگایی زانیاری تیرۆر کرا ، لەوەش خەراپتر هەموو لایەک نەیان توانی جیاوازتر لە ڕابردوو تیشک بخەنە سەر بابەتی تیرۆر .بەهەمان جۆری ڕووداوە تیرۆر و کۆمەڵکوژی یەکانی ڕابردوو تەنها لەچوارچێوەی کڕوزانەوە و هاوسۆزی و مەحکوم کردن و سەرەخۆشی ئاسایی دا تێپەڕی نەکرد.
بەم جۆرە ڕۆژی ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢زۆر بەداخەوە یەکێک لەژنە چالاکەکان لەبواری میدیایی و سیاسی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی تیرۆرکرا ، بەپێی ئەو زانیارییەکان ئەو ژنە ناوی ( ناگەھان ئاکارسەر )ە ناسراو بووە بە ( ھەڤاڵ زیلان ) و تەمەنی ٤٥ساڵە، خەڵکی شاری کۆنیای باکووری کوردستانە”.
هەروەها لەبواری ڕاگەیاندن وسیاسی دا چالاکی ئەنجامداوە ئەو چالاکوانە بەپێی زانیارییەکان ئەو ژنەی سەر لەبەیانی لەناو گەرەگدا بەر دەستڕێژی گوللە دراوە و گیانی لەدەستداوە . ئاگەهان ئاکارسەر سەرنووسەری گۆڤاری ژنۆلۆجی بووە.
ڕوناکبیران و ڕۆژنامەنووس وچالاکوانی سیاسی و مەدەنی تەنها بەیاننامەو مەحکوم کردن و سەرەخۆشیان دەربڕی هەروەها لایەنگرو بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستانیش لەو چوارچێوە دەرنەچوون .لایەنی دەسەڵات وحکومەتی باشوری کوردستانیش مەحکومی کرد و سەرەخۆشی کرد و هێزەکانی ئەمنی کردە پاڵەوانی ڕووداوەکە کە سەبارەت بەم کردەوە تیرۆرستی یە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەڕوونکردنەوەیەکدا ئەوەی بڵاوکردۆتەوە کە توانرا تۆمەتبارانی ئەم کردەوەيه دەستگیر بکەین و لە ئێستا لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
بەشێک بۆچوونەکانی خرانە ڕوو کوردستانیان بە هەبوونی مۆڵگە و بارەگای میتی دەوڵەتی تورکیا بەهۆکاری ئەم ڕووداوەی زانی .بەشێکی تر باسی هەبوونی مۆڵگە وبارەگای ئیتڵاعات ومیتی دەوڵەتی تورکیا وئێرانی بەهۆکار زانی .
کەوایە سەرجەم تێڕوانین و بۆچوونەکان بەبێ ئەوەی هیچ بەگژداچوونەوەیەک لە تێڕوانین و بۆچوونەکانیان بەرامبەر ئاراشتدانەوە وگەشەی تیرۆر کەبە بەرنامە وپلان ونەخشەڕێگا جێبەجێ دەکرێت بخەن ڕوو وبڵاوی بکەنەوە .
ئەمەش بۆئەوەیە هەریەکەیان لەچوارچێوەی زاڵبوون وکاریگەربوونی بەرژەوەندی فکروبۆچونی تایبەتی و حیزبی یە کە نەتواندراوە بچێتە بازنەی گشتی جەماوەری بەگژداچونەوەی ئایدیا وفکرو بۆچوون وکردەوەی تیرۆریستی کەئەمەش زۆر بەداخەوە ئەو بۆچوونە دەسەلمێنێت کە دەبێت چاوەڕوانی ڕووداوی تیرۆرکردنی ئازیزانی سیاسی ئازادیخوازو یەکسانیخوازبین.
هاوڕێ یانی خوێنەر لەساڵی ١٩٩١ وە بۆ ساڵی ٢٠٠٠ چەندین کەس تیرۆر کران هەر لەساڵی ١٩٩١ چەندین هەڵسوڕاوی سیاسی بزوتنەوەی شورایی تیرۆر کران ، دواتر یەکێک لەگەنجە شاعیر و دڵسۆزەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بەناوی بەکر علی لەناوەڕاستی شاری سلێمانی تیرۆر کرا ، لەناوچەی ئاکرێ ئارام وڕێناس و لەشاری هەولێریش چەندین هەڵسوڕاویی سیاسی لەوانە شاپور عبدالقادر و قابیل عادل بەفتوایی مەلاکان تیرۆر کران دواتریش هەمان ئەو مەلایانەی کە فتواکانیاندا لەجیاتی دادگایی کردنیان لەلایەن دەسەڵاتەوە خەڵات کران و بوونە ئەندام پەڕلەمانی کوردستان وعێراق هەروەها لەساڵی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٢٢ چەندەها کاری تیرۆڕیستی ئەنجامدراوە لەوانە تیرۆرکردنی پێنچ کادیری کۆمۆنیستی کرێکاری لەناوشاری سلێمانی لەلایەن چەکدارانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە کە دەسەڵاتداری کوردستان بوو ،تیرۆرکردنی زیاتر لە ٣٠٠ هەڵسوڕاوی سیاسی حیزبەکانی ئێرانی و ڕۆژ هەڵاتی کوردستان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کوردایەتی بنەماڵەکانی تاڵەبانی و بازرانی دا تیرۆر کران .
ئەگەر لەهەر کۆمەڵگایەکی تری جیهاندا کە کەمێک ووشیاری هەستکردن بەرپرسیارێتی ئەمە ڕوویی بدابایە بەدڵنییایی دەبووە خەمی گشتی کۆمەڵگا لەڕوویی تێکۆشانی یەکگرتووانەی جەماوەی ئازادیخوازی لەدژی ئاکارو کردەوە و فکری تیرۆریستی دا ،بەڵام لە باشووری کوردستان زۆر بەئاسانی و سادەیی ،کردەوەی تیرۆریستی بۆتە نۆرماڵ و ئاسایی کۆی کۆمەڵگا هەر بۆیەشە ساڵ لەدوایی ساڵ زیاتر کاری تیرۆریستی لەباشووری کوردستان درێژەی هەیە بەڵام پەیام و سەرنج و بۆچوونەکانیش بەهەمان جۆرو شێواز درێژەی هەیە کە شێوازو جۆری کڕوزانەوە و هاوسۆزی و مەحکوم کردنە. هیچ کۆمەڵگایەکیش بەتەنها مەحکوم کردن و سەرەخۆشی نیشاندان ناگۆڕێت بەرەو باشترو نوێتر .
٭ نەخشە ڕێگای تێکشکاندنی تیرۆر
ئەگەر بمانەوێت تیرۆر کۆتایی پێ بێت پێویسته دژایەتی تیڕۆر و فکرو بیرکردنەوەی تیرۆر و توندڕەوەی ببێتە خەمی کرداری کۆی گشتی کۆمەڵگایی باشووری کوردستان ،ئەمەش یەکەمین هەنگاو لە تێکۆشانی ڕادیکاڵانەی کەسانی کۆمۆنیست و شیوعی و سیکۆلارو ئازادیخوازو یەکسانیخوازەوە دەبێت هەنگاوی کرداری بۆ بندرێت کە خۆیان دابماڵن لەتەنها دەرکردنی بەیاننامە و سەرەخۆشی و مەحکوم کردنی ڕووداو و کردەوە تیرۆریستی یەکان واتە بە دەسته دەسته و کۆمەڵ کۆمەڵ خۆیان لەناو بزووتنەوەیەکی بەهێزی جەماوەری دا ڕێکخراوبکەن بە هەبوونی پڕۆژەی ئینسانی بەگژداچوونەوەی کردەوە و فکری تیرۆیستی و توندڕەوی کە دوور بێت لە زاڵبوونی ئایدیا و فکری حیزبێکی دیاریکراو و جەقبەستوو کە جەماوەری ناڕازی پەرت بکات بەڵکو زیاتر ئاراستەکان و هەنگاوەکان بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆروتوندەڕەوی بێت .
کۆمۆنیست و شیوعی و سیکۆلارو ئازادیخواران ئەگەر ئەم هەنگاوە کردارییە نەهاون و جێبەجێ نەکەن ئەوا ئەوانیش بەناڕاستەو خۆ دەبنە بەشێک لە وێران کردنی کۆمەڵگا بەدەستی فکرو بیروباوەڕی تیرۆریستی و توندڕەوەی .
لێرەوە دەمەوێت ئەوە بڵێم زۆر بەڕاشکاوی حیزبە شیوعی و کۆمۆنیستەکان لەتێکۆشانی شۆڕشگێڕانەی بزووتنەوەی چینایەتی کرێکاری و بزووتنەوەی جەماوەری دا زۆر داوەشاون بەجۆرێک گیریان خواردووە لەناو گۆشەگیری مەکتەبی کەتەنها گرینگی بە بەیاننامە و نووسینی حیزبی و گرووپی دەدەن هەر بۆیە دەتوانم بڵێم هەر وەک بتێک حیزب و ڕێکخراوەکەیان دەپەرست کە به جۆرێک چماونەتەوە کە هەریەکەیان توانایی خەیاڵات و بیرکردنەوەی نوێگەری و تازەگەرییان نییە بۆ هێنانەکایەوە هەنگاوی بزوتنەوەی جەماوەری چینایەتی هەرئەمەش وایی کردووە کەنەتوانن هەنگاوی جەماوەری بنێن بەیەکەوە بۆ بەگژداچوونەوەی بیروباوەڕی تیرۆریستی و توندڕەوی و هەروەها نەتوانن هەنگاوی ڕادیکاڵانە بنێن بۆ ڕێکخراوکردنی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی یەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش لەباشووری کوردستان کە هەریەکەیان بەجۆرێک داوەشاوە لە کاری شۆڕشگێڕی جەماوەری وایی لێهاتووە هەروەک خەڵکی ئاسایی چاوەڕوانی قەدەرو یانسیبی گۆڕانکاری یەکانی ناوچەکە و کۆمەڵگا دەکات.
ئەمەش دەر ئەنجامی نەبوونی ڕابەرانێکی دڵسۆزو خاوەن ئیرادەی کاری شۆڕشگێڕی بۆ تێکۆشانی مەیدانی جەماوەری لەناو سەرردایەتی و کۆمیتەی ناوەندی‌ و مەکتەبی سیاسی هەریەکەیان کە ناوی خۆیان ناوە حیزب وڕێکخراوی کۆمۆنیستی وشیوعی لەباشووری کوردستان وعێراق.
ڕێگا چارەی کۆتایی ئەوەیە جەماوەری خەڵک ووشیارانە بێتە مەیدان بۆ بەگژداچوونەوەی کرداری لەدژی کردەوەی تیرۆریستی و بیروباوەڕوفکری توندڕەوەی و چەوسانەوەی کۆمەڵگا ئەمەش بە هەنگاونان بە ڕێکخراوبوون لەناو بزووتنەوەی جەماوەری یەکگرتوانەی چینایەتی خۆیاندا .
٭ تێ بی نی ئەم بابەتە لە ١٥-١٠-٢٠٢٢ لەبڵاوکراوەی بۆپێشەوە بڵاوکراوەتەوە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.