گەشاوەیە تێکۆشانی جەماوەری خەڵکی ئێران

عبدالرحمن رسول
بەڕاماڵینی دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی ئاخوندی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆکارێکی بەهێز و کاریگەر بۆ گەشەدان و لەدایک بوونی گەشەی شارەستانی و ئازادیخوازی و مەدەنی بوونی نەک کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژ هەڵاتی کوردستان بەڵکو تەواو ناوچەکە دەبوژێتەوە بە بیروباوەڕی ئازادیخوازی و مرۆڤ دۆستی و یەکسانیخوازی. لەبەرئەوەی ئەم جۆرە فاشیزمە خەراپترین و ملهوڕترین جۆری فاشیزمە کە جگە لە گەشەدانی کردەوەی وەحشیگەری ودژە ئینسانی و هەژاری وبێکاری و برسی کردنی گەلانی ئێران هیچ جۆرە سوودێکی نەبووە.
بەهاتنە سەر کاری دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی ئێران ڕاستەوخۆ کاریگەری بەهێزی هەبوو بۆ گەشەدانی ڕەوتی کۆنەخوازی و توندڕەوی و دژە ئینسانی لەناوچەکەدا.
چەندین ڕێکخراو و حیزبی لەژێر ناوی بانگەشەی دینی دامەزران ،ئەم دەسەڵاتە لەپارەی داهاتی گشتی ئێران ساڵانە ومانگانە پارەیەکی زۆری تەرخان کرد بۆ هاوکاری ویارمەتیدانیان.زۆرێک لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم ڕێکخراوانە دەستیان بەچالاکی وبانگەوازیی خۆیانکرد. یەکێک لەو وڵاتانە عێراق و کوردستانە کە دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران زۆر بەئاشکرا یارمەتی و هاوکاری ماددی ومەعنەوی پێشکەشکردنن.
سەرکردەو ڕابەرانی ڕێکخراو و حیزبە ئیسلامی یەکان بەئاشکرا لەلایەن فاشیزمی ئیسلامی ئاخوندی ئێرانەوە هاوکاری ماددی ومەعنەوەی کراون خول و ڕاهێنانی سەربازی و سیاسییان لەئێران لەژێر چاودێری بەرپرسانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بۆکراوەتەوە. هەر ئەمەش وایی کردووە هەمیشە بەناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران ئەم ڕێکخراوە ئیسلامی یانە نیگەران و دڵتەگ تربن لەبەرپرسانی ئێرانیش .
جار جارەش ئەگەر لەسەر هێرش و تۆببارانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر باشووری کوردستان شتێکی جیاواز دەڵێن تەنها بۆ ئەوەیە کە لەڕوکەشادا وا خۆیان دەردەخەن کە هاوخەمن لەزیانەکان بەخەڵکی کوردستان دەنا ئەم هێزە ئیسلامی یانە و هێزەکانی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی پشت وپەنای ڕاگرتنی پایەکانی ئەو جۆرە فاشیزمەن لەناوچەکەدا .
ئەم جۆرە وەفادارییان لەکاتی ناڕەزایەتی یە جەماوەری یە فراوانی یەکانی خەڵکی ئێراندا چاوەڕوانی فەرمانی کۆماری ئیسلامین کە ئەرکدارییان بکات بەفەرمانێک.
بۆیە ئیسلامی یەکان لەگەڵ لافاوی ناڕەزایەتی گشتی خەڵکی ئێراندا دژایەتی خۆیان ناشارنەوە بەرامبەر خەڵکی ناڕازی ئازادیخواز ڕاستەوخۆ لایەنگری و شاباش بۆ خزمەتی فاشیزمی ئیسلامی ئێران لێدەدەن .
بەدرێژایی تەمەنی دەسەڵاتی فاشیزمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەردەوام خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخوازو یەکسانیخوازی بەبێ تاوان لەسێدارەداوە و کۆڵبەرانی زەحمەتکێشی کوشتووە و خەڵکی هەژارو بێکار کردووە بەڵام ئەم ئەم حیزبە ئیسلامییانە بەچەندێڕێکیش کردەوەکانی ئەم دەسەڵاتە وەحشیگەرییەیان مەحکوم وشەرمەزارنەکرد بەڵام ئێستا دێن لەبەرژەوەندی ئەم دەسەڵاتە ملهوڕە دژایەتی خەڵکی ناڕازی ئێران و ڕۆژ هەڵاتی کوردستان پێیان وایە خەڵک تەنها لە دژی لەچک و حیجاب هاتوونەتە مەیدان هەرچەندە خەڵک لەدژی سەرجەم یاسا چەوسێنەرو زۆرە ملێ کاندا هاتونەتە مەیدانی تێکۆشان یەکێک لەیاسا کۆنە خوازو دژە ئینسانی یەکان هەبوونی یاسای بەزۆر سەپاندنی حیجاب ولچکە هەربۆیەش سووتانی لچکە وحیجاب بۆتە سمبوڵێکی ئازادیخوازی ژنان وپیاوانی ئێرانی .
هەر بۆیە کە چەندە سیستەم و حکومەتەکەی ئاخوندی ئیسلامی سووتانی لەچک بەمەترسی ڕووخانی دەسەڵاتەکەی دەزانێت بەڵکو زیاتریش هێزە کۆنەخۆازی دەسەڵاتداری چەوسێنەری بنەماڵەکانی کوردستان و حیزبە ئیسلامی یەکان بەزیانی خۆیانی دەرانن .
لەبەرئەوەی باش دەزانن ئەم تێکۆشانە ئازادیخوازەی خەڵکی ئێران و ڕۆژ هەڵاتی کوردستان بە مەترسی جدی یە بۆ سەرخۆیان و سەرجەم پایەکانی هێزی کۆنەپارێزییان .
خودی ڕێگری کردن لەخۆپیشاندانی خەڵکی ئازادیخوازی شارەکانی باشووری کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی بنەماڵەیی چەوسێنەر بەدیاریکراوی ڕۆژی چوارشەممەی ٢٨-٩-٢٠٢٢ لەشاری سلێمانی ڕاستەوخۆ خزمەت بەسیاسەتی دژەبەشەری فاشیزمی ئیسلامی ئێران دەکات.
نیشانەی ئەوەیەکە ڕاستەوخۆ بەرپرسانی چەوسێنەری بنەماڵەکانی کوردستان دژایەتی شۆڕش وتێکۆشانی ئازادیخوازانەی جەماوەری شارەکانی ئێران و ڕۆژ هەڵاتی کوردستانن. بەمیلیشاکردنی خیابانەکانی شاری سلێمانی لەکاتی بۆمبارانکردنی بنکەوبارەگانی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەناو باشووری کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی فاشیزمی ئاخوندی ئیسلامی ئێرانەوەئەوپەڕی کردەوەی دژە ئینسانی یە .
لەمێژووی دەسەڵاتی دا بەردەوام هێزی دەسەڵاتی فاشیزم پشت دەبەستێت بەهێزە کۆنەخوازو دژەبەشەریبیەکانی هاوشێوەی خۆی بۆمانەوەی لەدەسەڵاتدا،ئەوەی لەباشوری کوردستان لەژێر سایەی دەسەڵاتی بنەماڵەی کوردایەتی چەوسێنەر ڕوودەدات کە بەزۆر خۆپیشاندانی ئازادیخوازانی باشوری کوردستان بۆ پشتیوانی خەڵکی تێکۆشەری ناڕازی ئێران وڕۆژ هەڵاتی کوردستان سەرکوت دەکات و خەڵکی خۆپیشاندەر زیندانی دەکات نیشانەی ئەوەیە کە تەواوی بنەماڵەکانی دەسەڵات وحیزبەکەیان ڕاستەوخۆ خزمەت چی فاشیزمی ئیسلامی ئێرانن و خۆیان بەشێک لەو جۆرە فاشیزمە دەزانن ،هەربۆیەشە لەکاتێکدا بارەگاکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی موشەک باران دەکرێت و خەڵکی بێتاوان دەبێتە قوربانی ئەوانیش وەک بنەماڵەکانی دەسەڵاتی کوردایەتی شارەکانی باشوری کوردستان ملیتاریزە پڕ چەکدار دەکەن و خەڵکی ناڕازی بەفاشیزمی ئیسلامی ئێران ڕاپێچی زیندانەکان دەکەن ، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانن تەمەنی دەسەڵاتی ئاغاکانیان زۆری نەماوە ڕاپێچی زبڵدان بکرێت لەلایەن خەڵکی تێکۆشەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ئەوکات ئەوانیش دیواری دەسەڵاتیان دەڕمێت .
مێژوو شاهیدە کە فاشیزمی کۆماری خوێــنڕێژی ئیســـلامی لە ســاڵی ١٩٧٩ەوە لەدوای شۆڕشی بەهمەن، بە یارمەتی دەوڵەتە زلهێزەکان لەوانە فەرەنســا و ئەمریکا قاچەکانی خۆی لەناو ئێراندا چەقاند و لە ماوەیەکی کەمدا بەزۆر پاش کوشتن و زیندانی و لەسێدارەدانی هەزارەها کەسی ئازادیخوازویەکسانیخواز حوکمی ئیســلامی خۆی دامەزراند.ئا شکراو ڕوونیشە یەکێك لە پایە سەرەکیــیەکانی ئەم رژێمە ئیســلامییە ئاخوندییە دژایەتی کردنی ژنـــان و بەزۆر حیجاب پێکردنیـــانە.بەبێ زۆرە لەملێ و سەرکوت و لەسێدارەدان ئەم ڕژێمە ناتوانێت بەردەوام بێت لەبەرئەوەی بەرگەی هەبوونی ئازادی ناگرێت.
سەرکوتی بەهێزی ئەو فاشیزمە ڕاستەوخۆ و ئاشکرا یە لەخیابان وکوچەکانی شارەکانی ئێران .بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ ساڵانە نزیك ١٠٠ هەزار ژن بە تاوانی بێ حیجابی یان دەرکەوتنی چەند تاڵێك لە قژیـــان لەلایەن دەزگا سەرکوتگەراکانی رژێمەوە دەســتگیر دەکرێن و رەوانەی زیندانەکان دەکرێن.
لەدوایی هاتنە سەردەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی لەئێران لەساڵی ١٩٧٩ ژنانی شاری تاران ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانی هەزارەها کەسیان ئەنجامدا بۆ ڕەدکردنەوەی یاسایی بەزۆر سەپاندنی حیجاب ولچک بەڵام ئەم فاشیزمە بەنەخشە بەرنامەیەکی درێژخایان هەرچی ژن و پیاوی ئازادیخوازویەکسانیخواز هەبوو ڕاپێچی زیندانەکان دەکرد و دۆسی یەی ساختەی بۆساز دەکردن دەستە دەستە لەسێدارەی دەدەن هەر بۆیە بەهەزارەها کەس ئاوارەبوون بەناچاری ئێرانیان بەجێهێشت .
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا کە ڕژێم نەخشەی دژە ئینسانی خۆی بەرامبەر ئازادیخواز ویەکسانیخوازان جێبەجێ دەکرد بەتوندی بەڵام ڕۆژ دوایی ڕۆژ هێزی چینایەتی باشتر ووشیاربۆتەوە وهێزی گەنجان و لاوانی کچان و کوڕان باشتر بەرەو بەئاگایی ئازادیخوازی هەنگاوییان ناوە باشترین بەڵگەش ئەم ناڕەزایەتی یە جەماوەرییەی قۆناغی ئەم ساڵە کە زۆرینەی پێکهاتەی کچان و کوڕانی جوان و گەنج و لاوە .هەربۆیەشە سەرتاپایی بەرپرسانی باڵایی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەژنۆی ئیرادەییان شکاوە . بەپێی زانیاری ناوخۆی شارەکانی ئێران و ڕۆژ هەڵاتی کوردستان کە ڕاپەڕینی ئەمجارەی خەڵکی ئێران کە زۆربەیان گەنجن زیاتر لە ٥٠ شار و شارۆچەکەی ئێرانی لە ٣١ دەڤەر و ناوچەی دا گرتۆتەوە.
هەروەها تا ئەمڕۆ ٥٣ کەس قوربانیی بوون، و نزیکەی ٦٠٣ کەس برینداربوون و بە هەزاران کەسیش دەستبەسەر کراون.
کوژرانی دڕاندانەی ‘ژینا ئەمینی’ هۆکاری سەرەکی نەبووە و نییە بۆ ڕاپەڕینی ئەم خەڵکە. کوژرانی ‘ ژینا’ تەنها بیانوویەکە بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان .ئەم ناڕەزایەتییانە بەرامبەر دەسەڵات و کۆی سیستەمی دژە بەشەری ئێران سەرتاپایی کۆمەڵگای گرتۆتەوە لەڕوویی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی یەوە خەڵک بەکردار یاساکانی ئەم ڕژێمە ڕەد دەکاتەوە بەرامبەری دەوەستێتەوە .
کارە دروستەکە ئەوەیە هەریەکەمان ئەم هێزە تێکوشانە جەماوەرییە بەهێز بکەین بۆئەوەی ببێتە لافاوێک بۆڕاماڵینی ئەم سیستەم ودەسەڵاتە فاشیزمە .هەرجۆرە پەرت کردنێک ودابەشکارێک لەوجۆرە بزوتنەوە جەماوەری دا خزمەت بە فاشیزمی ئیسلامی ئێران دەکات .
جۆری دابەشکاریی یەکان وێڕای ئەوەی کۆنەپرستانەن لەهەمان کاتدا دواتر چەوسانەوە و دژەبەشەری بەجۆرێکی تر ئاراشت دەدەنەوە .بۆنموونە بەرگی نەتەوەیی وناوچەیی و دژەدینی پێدا بکرێت ئەمانە هەڵەیەکی کوشندەیە یان ئاراستە کردنی ناڕەزایەتی و سۆزی خەڵکی کوردستان بەرەو ململانێی جیاواز و دەوڵەتی جیاوازی تر جگەلە فاشیزمی ئیسلامی ئێران .
واتە سەرقاڵ کردنی خەڵکی ناڕازی بۆئەوەی وزەی تێکۆشانیان دابەش بکەن .نموونە لەکاتێکدا موشکباران و تۆببارانی بارەگاکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەکرێت خەڵک دەکرێتە قوربانی وئاوارە دەکرێت لەهەمان کاتدا لەشارەکانی ئێران و ڕۆژ هەڵاتی کوردستان خەڵکی ناڕەزایەتی درێژەپێدەدات و زیندانی ودەکرێت و دەکرێتە قوربانی ئێمە بێین باسی جێبەجێ نەکردنی ماددەی ١٤٠ی حکومەتی عێراق بکەین و باسی هێرشی دەوڵەتی فاشیزمی تورکیا بکەین هەرجەندە فاشیزم جیاوازییان نییە بەڵام خودی باسکردنی لەئێستادا ئاراستەی تێکۆشانەکان دەشێوێنێت و خزمەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات لەلایەکی تریش هەموو لایەک باش دەزانێت کە خەڵکی کوردستان ناتوانێت لەیەک کاتدا شەڕی چوار دەوڵەتی ملهوڕی چەوسێنەربکات کەهەریەکەیان خاوەنی سوپایەکی گەورەیە .
لەساڵی ١٩٩١ هەتا سالی ٢٠٠٠ وێڕایی گەمارۆی ئابووری و سەربازی وبازرگانی بەهاوکاری ڕاستەوخۆی هێزی هەزارەها سەربازی ئەمریکا و بەریتانیا و هێزەکانی تر بەهێزی سەربازی مۆدێرن ئەوجا فاشیزمی بەعس ڕوخا بۆیە هەرجۆرەباسێک لەو جۆرە دەچێتە خزمەتی فاشیزمی ئیسلامی ئێرانەوە .
بەشێک لەحیزبەکان بەناوی سۆزی کوردایەتی چوار پارچەیی جارێکی تر ئاو بەئاشی فاشیزم دا دەکەن .
ڕێگا دروستەکە ئەوەیە کە لەقۆناغی ئێستادا خەڵکی ئازادیخوازی ئێران وڕۆژ هەڵاتی کوردستان گەشەی پێدەدەن خەباتی یەکگرتووانەی جەماوەری یە ،کە ئامانجیان ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی یە لەیاسا وسیستەم ودەسەڵاتی چەوسێنەرو فاشیزمی ئاخوندی ئێران هەرئەمەشە سووتاندنی لچک وەک تێکشکاندنی بتەکانی فاشیزم بۆتە ڕەمزی تێکۆشانی کچان و ژنانی ئازادیخواز.
لەناو خۆی شارەکانی ناوخۆی تورکیا وباکوری کوردستانیش دەتوانن دەست بە تێکۆشانی یەکگرتووانەی جەماوەری بەردەوام بەرن بەئاراستە وئامانجی ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لەجۆری سیستەم ودەسەڵاتی چەوسێنەری فاشیزم .بۆ عێراق وباشووری کوردستانیش بەهەمان شێوەی دەتوانن وەک خوێندنگایەک سەیری ئەم تێکۆشانە جەماوەرییەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن سوود لەتەجروبە و خاڵەبەهێزەکانی ئازادیخوازی یەکانیان وەربگرن .
تێکۆشانی جەماوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران جوانترین وباشترینە جۆری تێکۆشانە لەبەرئەوەنییە زۆرینەی ژنان بەشدارە بەڵکو لەبەرئەوەیە زۆرینەی کە بەشدارە لەوتێکۆشانە بەئاستی ووشیاری بەرزەوە بەگژ هەبوونی یاسا بەزۆر سەپێندراوەکانی چەوسانەوە ونایەکسانیدا دەچنەوە.خودی ئەم جۆرە ووشیارییە جەماوەرییە گرینگی زۆری هەیە نەک بۆ ئێستای تێکۆشان بەڵکو بۆ دوایی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەکۆمەڵگادا .
ئەم جۆرە تێکوشانە بەکردار جیاوازە لە تێکۆشانە جەماوەرییەکانی تر هەرئەمەش نیشانەی هێنانەدی کۆمەڵگایەکی نوێتر وباشتری لێ چاوەڕوان دەکرێت .
لەوانەیە ئەم گورز وڕاچڵەکێنە جەماوەرییە نەتوانێت ڕژێم بڕوخێنێت بەڵام ڕەوتی بزوتنەوەی ئازادیخوازی ویەکسانیخوازی زۆر باشتر لەڕابردوو دەبێتە سونەت وپێگەی جەماوەری خەڵک بەکرداری پیادە کردنی ڕۆژانەیان .
هەرئەمەشە نەک بەرپرسانی فاشیزمی ئاخوندی ئیسلامی ئێران بەڵکو گەجەرو کۆیلە و ئیتڵاعات و جاسوس و هاوکارانیشی لەدەرەوەی ئێرانیشی شەپەرزەو شێواو کردووە ،هەرئەمەشە وایی لە بەشێک لە کۆنەپارێزو کۆیلە وهاوکاران و جاسوسانی لەباشووری کوردستان کردووە کە نەتوانن کەمێک خۆڕاگربن لەدەربڕینی سۆزو وەفادارییان بۆ فاشیزمی ئاخوندی ئیسلامی ئێران بەپەلە پڕوزێ دەستیان بە هاوارو ناڵە ناڵەی بەرگریکردن لەوفاشیزمە دژە ئینسانی یە کردووە.
خودی بەرگری کردن لەئازادی هیچ سنوورێک ناناسێت کاتێک لەچێوارچێوەی مافی مرۆڤایەتی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت .ئەوەی لەئێران وڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوودەدات جوانترین و باشترین جۆری تێکۆشانی ژنانە بۆ هێنانەدی ئازادی لەچوارچێوەی مافی مرۆڤایەتی .هەبوونی لچک وسەرپۆش بەئازادی مافی هەر ژنێکە بەڵام کاتێک لچک وسەرپۆش دەکرێتە زۆرە ملێ وسیاسی زۆر دڕندانەودژە ئینسانی یە.
لە فەڕەنسا و ئەوروپا ئازادانە ژنان وکچان دەتوانن لەچک و حیجاب بپۆشن لەشوێنە گشتی و ناوبازاڕ بەئارەزوو مەندانەیە لەبەرئەوەی دین لەدەوڵەت جیاکراوەتەوە وەک کاری شەخسی وکەسی چاوی لێ دەکرێت بەڵام لەئەفغانسان و ئێران و ڕۆژ هەڵاتی کوردستان زۆرجیاوازە وبە زۆرە ملێ یە نەپۆشینی لەچک وحیجاب سزایی زیندانی و ئەشکەنجەدانی لەسەرەئەمەیە دەسەڵاتی وەحشیکەری و دژە ئینسانی .
پێویسته هەر مرۆڤێک کە باوەڕی بەهەبوونی ئازادی و مافی مرۆڤ هەیە لەبەرامبەری بەزۆر سەپاندنی هەر یاسایەک کە مرۆڤەکان ڕاپێچی چەوسانەوە وئازارو ئەشکەنجە وبێ مافی دەکات بوەستنەوە. بەزۆر سەپاندنی حیجاب و لچکیش واتە ئازاردان وبێ مافی کردن دێت ئەرکی هەر مرۆڤێکە دژایەتی بکات و خاوەن هەڵوێستی ئینسانی بێت .
کەم تەرخەمی یان دژایەتی کردنی تێکۆشەرانی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لەئێران وڕۆژ هەڵاتی کوردستان لەژێر هەر جۆرە بیانوێکدابێت نیشانەی بەرگریکردنە لەکۆنەپارێزی وچەوسانەوە و گەشەدانی ملهوڕی یەکانی دژە ئینسانی یە کەفاشیزمی ئاخوندی ئیسلامی ئێران لەناوچەکەدا ڕابەرایەتی دەکات. پێویستە تێکۆشانی جەماوەری یەکگرتووانە لەبەرامبەری دا بەهێز بکرێت بۆئەوەی لمۆزو ملهوڕی یەکانی دەسەڵاتی وەحشیگەری یەکانی ئەو جۆرە فاشیزمە کۆتایی پێ بێت ،ژنان وپیاوان ئازاد و بەرابەر ویەکسان ژیان بگوزەرێنن.
کە ٤٢ساڵە لەئێران و ڕۆژ هەڵاتی کوردستان فاشیزمی ئیسلامی بەزۆرە ملێ و ملهوڕی یاسا چەوسێنەرو دژە ئینسانییەکانی پیادە دەکات وگەنجان ولاوانی تێکۆشەر لەسێدارەدەدات و کۆڵبەرانی زەحمەتکێش ڕاستەوخۆ دەکوژێت بەڵام هەرگیز نەی توانیووە ئەم سونەت ویاسا دژە بەشەرییانە بکاتە سونەتی جێبەجێ کردنی ئازادانەی خەڵک، ئەمەش نیشانەی گەشەی ئاستی ووشیاری کچان وژنانە وگەشەی ووشیاری پیاوانی ووشیاره کە یاسا زۆرەملێ کان ڕەد دەکەنەوە ئەوەش مافی خۆیانە دەبێت هاوپشتیان بین دڵسۆزانە بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی چەوسێنەر و سەرکوتگەر لەتەواوی ڕۆژ هەڵاتی کوردستان و ئێران.لەدوایی ڕاماڵین خەڵک دەتوانن باشترین بەدیل وئەڵتەرناتیڤی ئینسانی بۆ ئیدارەدانی کۆمەڵگا دەست نیشان بکەن ،خەڵک باشترە لەدوایی ڕوخانی ئەم فاشیزمە خۆیان لەڕێگای شوراکانی خۆیانەوە لەگەڕەک و شوێنی کارکردنیانەوە کۆمەڵگا بەڕێوەبەرن ،حکومەتی شورایی دابمەزرێنن هەر خودی خەڵکیش زۆر بەکراوەیی وئازادانە دەتوانێت چاودێری جۆری ئیدارەدانی شورایی بکات .
٭تێ بی نی:ئەم بابەتە لە بڵاوکراوەی بۆپێشەوەلە ١-١٠-٢٠٢٢بڵاو کراوەتەوە
