بێ ئومێدی تیرۆر بەرهەم دەهێنێ
کاوە نادر قادر
ماوەیەکە میتی تورکی بە چوستی ئەو کاری تیرۆرستی نەگریسی لەباشووری کوردستان، بە تایبەتی لە شاری سلێمانی و زۆنی سەوز ، بێ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
نوقەی لێوە بێ و خۆی لە گورە ببا، میتی تورکی بە ئاشکرا ئەو کارانە بەڕێوە دەبا، لە پار ساڵەوە تا ئێستا حەوت کادیری خەڵکی باکوورو رۆژئاوای کوردستانی شەهید کردوە، لەوانە، چواریان لەناو جەرگەی شاری سلێمانی ئەنجام دراوە :
١_ لە ١٧ی ئەیلولی پارساڵ ، شوکری سەرحەد، خەڵکی باکووری کوردستان لەناو شاری سلێمانی تیرۆرکرا .
٢_ لە ١٩ی ئەیاری ئەوساڵ محەمەد زەکی چەلەبی، خاوەنی ریستۆرانتی دەنیز لەناو شاری سلێمانی لەرێگەی سوار ماتۆرێک لەنزیک ریستۆرانەکەی و لەرێگەی ماڵەوەی تیرۆر کرا.
٣_ لە ٢ی مانگی حوزیرانی ئەوساڵ(٢٠٢٢)، دڵحەز گابار لە چەمچەماڵ تیرۆر کرا.
٤_ لە١٧ی حوزەیرانی رابردوو لەرێگەی دروونەوە، حسێن شبلی ناسراو بە “فەرهاد شبلی “جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی راپەراندنی ناوەندی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی، لەکەلار تیرۆر کرا.
٥_ لە ٢٨ی تەمووزی ئەو ساڵ ، خەدیجە هەزەر ناسراو، بە “بێریڤان زیلان” تیرۆر کرا.
٦_٢٨ی مانگی ئابی ئەوساڵ مامۆستا سوهەیل خورشید ناسراو بە مامۆستا شەماڵ ئەندامی سەرکردایەتی تەڤگەری ئازادی لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە رێگەی چەند کەسێکی سەر بە میت، تیرۆر کرا.
٧_لە٤ی ئۆکتۆبەری ئەوساڵ ، ژنە رۆژنامەوان و چاڵاکوانی بواری ژنان (ناگاهان ئاکاسار) لە گەڕەکی بەختیاری لەبەردەم ماڵەکەی بە یازدە فیشەکی کلاشینکۆف تیرۆر کرا.
لێرەدا دەکرێ لەو کەسانەی کە روبەڕووی تیرۆرەکانی ئەو ماوەیە بونەتەوە، بڵێین:
_هەموویان سەر بە یەک ئاراستەی سیاسین لە کوردستاندا ، کە گومان لەسەر، ئەنجامدانی میتی تورکی ناهێڵیتەوە.
_ بکوژانی ئەو تێکۆشەرانە، وەک بەرزەکەی بانە بزر دەبن و کەسیش دادگایی ناکرێ، تا وای لێهاتووە، هەندێک دەڵێن ” ئەوەندەی میت دەستیان واڵاکراوەتەوە لە سڵیمانی ، ئەوها ناوێرن لە ناو خودی تورکیا ئەنجامی بدەن “.
ئێستا، هەموو کەس گلەیی وگازاندە لەو هێزانە دەکەن کە ئەو تێکۆشەرانە سەر بە ئەوانن، “ئەگەر ئەو شوێنە جێگەی ئارام نییە بۆ کادیر و لێپرسراوانی و ناتوانن بیانپارێزن،بۆچی دەیانێرنە ئەوێندەر”.

ئەوهێزانەش کەوتونەتە بەردەم دوو رێگە، یان:
_ دەبێ وەک ئەو تیرۆرستانە، بکەونە گیانی سیخوڕانی سەر بەمیت لەو ناوچە، کە بەهیچ شێوەیەک لەقازانجی ئسایشی ئەو ناوچەیەو ئەو شارانەدا نییەو نابێ.
_ یاخۆد دەبێ لەو شارەو و ناوچەیە. بکشێنەوەو بۆ میتی چۆل بکەن، ئەو کات، ئەگەری ئەوەش پەیدا دەبێ، هەژموونگەرایی ئێران کێشەی گەورە بۆ ئیدارەی ئەو ناوچەیە پەیدا بکا و سەرئێشەش بۆ خەڵکی ناوچەکەی لێبکەوێتەوە.
هەر چۆنێک بێ، خوێنی تێکۆشەرانی پارچەکانی دیکە لەبەر چاوی یەکێتی بڕژێ کە دەیان نەبەردی نواندوەو باجی زۆریشی لەسەر ئەو هەڵوێستە کوردستتانییە داوە، تا ئێستاش وەک پاڵپشتی هێزە کوردستانییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ناسراوە، کەچی ئەوڕۆ شاری سلێمانی و ناوچەی سەوز ببێتە، شوێنی بەڕێوەچوونی ئەو پێلانە نەگریسانە، پێش ئەوەی پیلانەکە لەسەر ئەو قوربانیانە بێ، ئەوا بەشێک لەو پێلانە لەسەر سەروەری وداهاتووی ئەو حزبەیە .
بە تیرۆرکردنی خەڵکی شۆڕشگیڕی پارچەکانی دیکە، مسۆگەر پیلانەکان و مەبەستەکانی تورکیا، سەرناکەوێ وزۆریش لەسەرانی داگیرکەرانی کوردستان، هەمان بەڵێنیان بە خۆ دابوو کە سەرکوتی کورد بکەن و جارێکی دیکە شۆڕشگێڕان لە چیاکانی کوردستان نەبینەوە،
کەچی پێشەرگە پەیدابۆوەو کوردیش هەر ماو وئەوانیش لە کونە کەمتیار دەرهێنران و بە دەردی خۆیان چوون.
٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢