پرچی تۆ چییە ئەی ژن؟

0
28.9.2022 جەمال شەریف
پێشکەشە بە گیانی «ژینا ئەمینی» کە پرچەکانی بوونە هۆی لەرزینی دەسەڵاتی مەلاکان.
پرچی تۆ لە تیشکی خۆرە
شەمشەمەکوێرە بێزار دەکات
ئاوازێکە لە موزیک
گۆرانییەکان بەڕێ دەکات
بۆیە بە دەرکەوتنی
فتواچییان تووڕە دەکات
پرچی تۆ لە توخمی جوانییە
ئیلهام بەخشە بۆ شاعیران
چێژی هونەر و هەستی ئارامیی
ناتەبایە لەگەڵ تاریک پەرستان
چی هێزێکی کاریگەرە،
کە پرچی تۆ دەینوێنێ؟
ئیمانیان پێ لەق دەکات و
عەرشیان بە لەرزە دێنێ
کە تەمەنت هەڵدەکشێ
پرچەکانت سپی دەبن
هێندە پیرۆزن لەلامان
ئامرازی سوێند خواردن دەبن
پرچت بەشێکە لە جوانیت، ئەی ژن
ژنیش سەرچاوەی ژیانمانە
بۆیە هۆکاری ڕق ئەستوور بوونی
تەواوی خێڵی مەرگ دۆستانە
لەکۆتاییدا دەڵێم، هونەرمەند عەتا قەرەداغی لە گۆرانییەکدا زۆر جوان دەڵێ:
«من بەشەرمەوە دێم
ڕۆح سوجدەت بۆ دەبا
من تاڵێ لە زوڵفت نافرۆشم
بە بەهەشتی هەردوو دنیا»
Leave A Reply

Your email address will not be published.