ژن، ژیان و ئازادی!
عەلی مەولود
کاتژمێر ٤ی ئەم ئێوارەی چوارشەممە خۆپیشاندانێکی پشتیوانی بۆ خەڵکی راپەڕیوی ئێران لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستە بەر لەکاتی دیاریکراو ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوان و پەرۆشانی ئازادی و یەکسانی کۆبوونەوە، بەڵام هێزە ئەمنیەکان پێش دەستپێکردن، هەڕەشەی ئەوەیان کرد لەماوەی ٥ خولەکدا شوێنەکە چۆڵ بکرێت، ئامادەبووان رازی نەبوون و بەدەنگی بەرز درووشمی ( ژن، ژیان، ئازادی و ئێوە قەت بە تەنیا نین .. ئێمە پشتیوانتانین و …)
وترانەوەو لەبەرامبەردا بە گازی فرمێسکڕێژ و بە لێدان و راوەدوونان و دەستبەسەرکردن، چەندجار بڵاوە بە گردبوونەوەکە کراو توندترو دڵسۆزانەتر لە ئیتڵاعات و هێزەئەمنیەکانی ئێران هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران. ئەوە لەجیاتی ئەوەی بەرامبەر دەستدرێژیەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەڵوێست دەربڕن.
کۆماری ئیسلامی ئێران دەیان ساڵە وەک رژێمێکی ستەمکار خۆی بەسەر گەلانی ئیراندا سەپاندووەو ژیانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتووری ئەوانی گەمارۆداوە، ئەو رژێمە نەک هەر لەناوخۆی ئێران بەڵکو لەناوچەکەو تەنانەت لە ئاستی جیهانیش مەکۆی توندڕەوی و نائارامی و بیری دواکەوتووەو بووە بە دومەڵێکی ژانآوەر، تازەترین تاوانێک کە ئەنجامی داوە بۆردوومانکردنی بارەگای هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵاتە لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، هاوکات لەگەڵ سەرکوت و رەشەکوژی و رەشبگیری خەڵکی نارازی و راپەڕیوی ئێران کە دوابەدوای تیرۆری ئاشکرای ژینا ئەمینی، بەرامبەر سیاسەتەکانی ئەو رژێمە تێکۆشان و بەرەنگاری دەکەن.
دیوی ناوەوەی ئەم کردەوانەی کۆماری ئیسلامی و هاودەستەکانی، ترس و هەترەشچوونە لە ئازادی ژن.
نەبوونی ئازادی ژن کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵگا رۆژهەڵاتیەکانەو بەوهۆیەوە ئازادی ژن پێویستیەکی گرنگ و ئەڵقەی سەرەکی گۆڕانکاریەکی مەزنە و کاریگەری لەسەر هەموو پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان دادەنێت، هەر ئەمەش گەلانی ئێرانی بەچین و توێژە جیاوازەکانەوە خستۆتە سەر ڕێی خەباتێکی شۆڕشگێرانەو بەشداری (چەندایەتی و چۆنایەتی) ژنانی هێناوەتە سەر شانۆی سیاسی و هەرلەبەر ئەوەش تەواوی دەسەڵاتداران لێیدەترسن و لەبەرامبەریدا گیانسەختی دەکەن.
ئازادی ژن پرسێکی سەربەخۆیەو بەشێک یان پاشکۆی هیچ پرۆسەیەکی سیاسی دیکە نیە، نەمەسەلەیەکی دیموکراتیکەو نەجێندەری کە بەکۆمەڵێک داخوازی بگاتە ئاکام، وەکچۆن لەسەدەی نۆزدەو بیست پرسی چینایەتی کرێکاران و جوڵانەوەکانیان بوونە هەوێنی گۆڕانکاریەکی مەزن لە ئەوروپاو خۆرئاوا، پرسی ژن و جوڵانەوەکانیشی دەبنە هۆکاری گۆڕانکاری مەزن لە رۆژهەڵات، پێویستە سۆسیالیستەکان و ئازادیخوازان پشتیوانی هاوشێوەی لێ بکەن و ئاوێزانی بن و بیکەن بە بنەماو تەوەرێکی سیاسەت بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگای نوێی ئازادو دوور لە ستەم.
درووشمی ژن، ژیان، ئازادی، کە لەسەر زاری پیاوان و ژنانی ئازادیخوازو خەباتکارەو گەواهی بۆ پێشەنگایەتی ژنان دەدات، پەیامی جوڵانەوەیەکی نوێخوازە، کە بووەتە هەوێنی یەکخستنی ریزێکی بەرین لە هەڵسوڕاوان و بەرەنگارانی دژی ستەمکاری و لەتواناشیدا هەیە سەربکەوێت و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و شێوەی ژیانیش بگۆڕێت و سەرەنجام ببێتە سەرچاوەو هۆکاری گۆڕانی سیستەم و دەسەڵاتیش.
