دەستدرێژی و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ڕیسوا و شەرمەزار دەکەین

0
بەداخێکی گرانەوە، ئەمڕۆ چوار شەممە، ڕێکەوتی ٢٨-٩-٢٠٢٢، کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی دڕندانە، لە ڕێی فڕندە و تۆپخانەی دوور هاوێژەوە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج،
بەو هۆیەوە ژمارەیەک ژن و منداڵ و خەڵکی لاشەڕ گیانیان سپارد و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، لەم پێوەندەدا ئێمە وەک چەند لایەنێکی سیاسی کوردستان زۆر بەتووندی ئەو تاوانانەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕیسوا و شەرمەزار دەکەین،
لەهەمان کاتدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕای گشتی جیهانیان دەکەین کە ئەو تاوانانەی کۆماری ئیسلامی ئیران ڕیسوا بکەن و لە ڕێی ڕایەڵەکانی دیبلۆماسییەوە باڵوێزەکانی ئێران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکانیان بکەن،
پەیامی نیگەرانی و ناڕەزایی خۆیان بە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕابگەیەنن و ئەو تاوانانە ڕیسوا و شەرمەزار بکەن.
ئێمە لەکاتێکدا داخباری خۆمان بۆ لە دەستچوونی جانگۆرییان ڕادەگەیەنین و هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەکانیان دەردەبڕین، لەهەمان کاتدا سڵاو بۆ گیانی جانگۆرییانی ئەو بۆردومانانە دەنێرین و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
دەستدرێژی و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نەک هەر بە تەنیا پێشهاتێکی ترسناک و پێشێلکردنێکی سەروەری هەرێمی کوردستان و وڵاتی عێراقە، بەڵکو لەژێرپێنانی یاساکانی نێودەوڵەتیشە، بۆیە دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەدەنگ بێ و ڕێ لە کوشتنی خەڵکی سڤیل و لاشەڕی کوردستان بگرێ.
ڕاستییەکەی ماوەی دە ڕۆژ زیاترە کە خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تاو ئێش و ئازارەکانی خۆیان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، ڕێپێوان و خۆپێشاندان بەڕێوە دەبەن و دروشمی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێنەوە، لەو پێوەندەدا دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە جیاتی ئەوەی بیر لە چارەسەری گشتی بکەنەوە و بە پیر داخوازییەکانی خەڵکی وڵاتەکەیانەوە بچن، کەچی پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدەن،
ژن و منداڵ و خەڵکی ئاوارە، بە پاساوی ئۆپۆزیسیۆنبوون شەلاری خوێن دەکەن و دەست لە تەڕ و وشک ناپارێزن. ئەو دەستدرێژی و پەلاماردانانە تاوانی رەشەکوژین، دەبێ لەلایەن کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان و ناوچەکە و تێکڕای وڵاتانی جیهان لە قاو بدرێن. گیانی جانگۆرییان شاد بێ.
نەفرەت و ڕووڕەشی بۆ مرۆڤکوژان.
١-حزبی ڕزگاریی کوردستان
٢- پارتی سەربەستی کوردستان
٣-پارتی سەربەخۆیی کورستان
٤-بزووتنەوەی نوێبوونی کوردستان
٥-کڵپەی نیشتمانیی کوردستان
٦-پارتی ناوەندی کوردستان
٧- ڕێکخراوی پێشەنگی گەلی کوردستان
٢٨-٩-٢٠٢٢
Leave A Reply

Your email address will not be published.