پشتیوانیی لە مانگرتنی گشتیی و سەرتاسەریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کورستان دژی کۆماری تیرۆریستی ئیسلامیی ئێران
پێشڕەو موحەمەد

«هیچ بەڵگەیەک لەسەر کولتوور/شارستانێتیی نییە لە هەمانکاتدا بەڵگە نەبێت لەسەر بەربەریزم و وەحشیگەریی» – واڵتەر بنیامین
یەک، ئەوەی ئێوە (کوردی باشوور) بە کولتوور/شارستانێتیی ئێرانیی دەزانن، لە بنەڕەتی خۆیدا کولتوور نییە، بەڵکو فۆرمێکی دەرکەوتەی کولتوورە کە لەسەر داروپەردووی وەحشیگەریی، بەربەریزم و ساختەکاریی دامەزراوە. هیچ خاڵێک لە مێژووی ١٥٠ ساڵی دروستبوونی ئێراندا نییە، پڕ نەبێت لە تاوانی گەورەی دڕندە دژی شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ. ئەگەر ئێوە بەڵگەیەکتان هەبێت لەسەر ئەوەی گوایە جوانە، هەزاران بەڵگە هەن بەربەریزمەکەی پشتڕاست دەکەنەوە.
دوو، بۆ خەڵکی ئێران بەگشتیی بەدەم بانگەوازەکەی مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستانەوە نایەت؟ چونکە ئاگادارن و دەزانن بەرژەوەندیی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانیی و شکۆی دەوڵەتیی «فارسی شیعەگەر» دەکەوێتە مەترسییەوە و ئاگری ڕزگاریخوازیی لە کوردستان بەهێزتر دەکات.
ئێرانییەکان ساڵی ١٩٨٠ بەکۆ دەنگیان بە ڕیفراندۆمەکەی خومەینی دا، تەنها کورد ڕەتیکردەوە، ئەوان ئاگاداری ئەم مێژووە هەن.
سێ، ئەوەی تێبینییم کردووە لەم یەک دوو ڕۆژە، ئەوانەی بەخۆیان دەڵێن «نوخبەی هونەریی و کولتووریی» کڕ کەوتوون و دەستیان بەکڵاوی خۆیانەوە گرتووە با نەیبات، لەبەرئەوەی قووڵ لەو وەهمەدا ڕۆچوون کە ئێران خاوەن شارستانێتییە، مادام ئەوانیش خاوەن شارستانن، کەواتە مافی لەناوبردنی «ناشارستانەکان»یان هەیە.
نووسەرێکی کورد هەبوو دەیگووت «هەموو کورد بمرێت چی لە شارستانێتیی مرۆڤایەتیی کەم دەبێتەوە». دەقاودەق تا ئێستا ئەم زەینییەتە کۆڵۆنیزەکراوە لای ئێمەی باشوورییەکان ئیش دەکات.
چوار، ئەوانەی ئەمڕۆ بەرانبەر بەم تاوانە بێدەنگن، عاشقی «پۆلیسی ئەخلاق»ن. ئەوانەش کە دژی «پۆلیسی ئەخلاق»ن بەڵام بەهەر هۆیەک بێت بێدەنگن، بەیانیی ئەو پۆلیسە بەرۆکی ئێوەش دەگرێت. وەک بێرتۆلت برێشت دەیگووت هونەر/نووسین تەنها ئەو کاتە مانای هەیە کە لە دۆخێکی کۆنکریتیی و دیاریکراودا، چەکێکی کۆنکریتیی و دیایکراو بێت (نەترسانە) تیرەکانی خۆی بهاوێژێت. ئەگەر هونەر/نووسین لەوە تێپەڕی، دەبێتە قسەی نەستەقی بەرئاگردان.
پێنج، ئێوە کە هەمیشە سەری زمان و بنی زمانتان جوێندانە بە ئەردۆغان، ئەوەش بزانن کە ئێران هێندەی تورکیا دەوڵەتێکی فاشیستییە و دژی تۆ ئەوان هەمیشە هاوپەیمانن. کە بەرانبەر ئێران بێدەنگیت، کەواتە بەرانبەر بە تورکیاش بێدەنگ بە.
شەش، پشتیوانییکردن لە خەڵکی ڕاپەڕیو و مانگرتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەرکێکی بەرزی ئەخلاقیی و مێژوویی و مرۆییە، بێدەنگبوونت و دەستگرتن بەکڵاوی خۆتەوە با نەیبات، لە داهاتوودا مێژوو ڕەحمت پێناکات و دەتهاڕێت. مێژوو بخوێننەوە، بۆ ئەوەی لەم قسەیە تێبگەن.
دڵم لای خەڵکی سەقزە، ئەو شارەی زۆرترین هاوڕێم تێیدا هەیە و زۆرترین ساتە خۆشەکانم تێدا بەسەربردوون، لە خەم و خەباتیشدا هاوبەش و هاوخەمی دەبم.
