کێ دەتوانێ قسە لە سەر هێڵی هەژاری بکات ؟

0

ڕزگار عومەر

 

قسە کردن لەسەر هێڵی هەژاری بەر لەوەی دەرخستنی تێگەیشتنی دروست و نادروست بێت بریتیە لە ” ساغ ” بوونەوەو یەکلابوونەوەیەکی چینایەتی لەم ووڵات و شوێنەی کە قسەی تیا دەکەیت.

بریتیە لە تێگەیشتن لەو میکانیزمە ناڕەواو پڕ لە زوڵمانەی کە دیاری دەکات کێ لە هێڵی هەژاریە، بۆ نموونە پەنا دەبیتە بەر کام پێوەر ؟

 

پێوەری بانکی نێودەوڵەتی ؟ پێوەری فەرمی ووڵاتەکەی خۆت عێراق، یان پێوەرێك لە دەرەوەی پێوەرە پڕ لە زوڵمی چینایەتی و نادادی کۆمەڵایەتی .

ئەم پایزە ؛ واتا پایزی ئەمساڵ ” بانکی نێو دەوڵەتی ” لە پیوەری تازەکراوی خۆیدا؛ بڕی داهاتی ڕۆژانەی بەرز دەکاتەوە بۆ 2.15$ دوو دۆلارو پانزە سەنت بۆ دیاریکردنی ئەوەی کێ لە هێڵی هەژاریە، واتا تۆ ئەگەر تۆ داهاتی مانگانەت 64.5$ لە شەست و چوار دۆلار و پەنجا سەنت بێت لە لای بانکی نێو دەوڵەتی تۆ هەژار نیت!!!

ئینجا بزانە بانکی نێودەوڵەتی چ بەهانەو چ شەرعیەتێك دەداتە ئەو سیستەمە نادادیە جیهانیە!

حکومەتی عێراقی لە بانکی نێودەوڵەتی دڵی باشترە! پێوەری داهاتی ڕۆژانەی دیاریکردووە بە 3.2$ لە ڕۆژێکا کە بە دیناری عێراقی دەکاتە 4,750 چوار هەزار و حەوت سەدو پەنجا دیناری عێراقی, واتا ئەگەر تۆی عێراقی داهاتی مانگانەت لە 142,500 دینارێ زیاتر بوو ئیتر تۆ لە هێڵی هەژاری نیت !!

بەم پێودانگەش و بەم داتا تازانەی عێراق کە لە کۆتایی مانگی ڕابردوو بڵاوکرایەوە ٩ ملیۆن هاوڵاتی عێراقی لە ژێر هێڵی هەژاریدان!!

دێینەوە سەر داتاکانی ئەم دادەیە ئەم ئەندام پەرلەمانە؛ لە یەکەم ساتدا ئاهێكت دێتەوە بەرو دەڵێ ی ئەم دادەیە بە ڕوحمترە لە بانکی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراقی چونکە ئەو بڕەی ئەو دایناوە زۆرترە لە هەردووکیان!

ڕاستیەکەی سەرەڕای جیاوازی پێوەرەکەی بانکی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق و ئەم دادەیە هەموومان وەك ڕۆژی ڕوون لێمان دیارە کە ئەو بڕە پارەیە دادە دیاریکردووە چەند نامەنتیقە لە ڕووی ئابوریەوە (بەرز بوونی هەموو نرخەکانی بژێوی هەر لە خواردن تا کارەبا) چەند نادادە لە ڕووی چینایەتیەوە!

جارێ ئەو پێوەرە بانکی نێودەوڵەتی تەنیا ڕسواکردن و شەرمەزارکردنی گەرەکە، ئەوەی حکومەتی عێراقی دووجار، ئەوەی دادە بە کەڵکی شەرمەزارکردنیش نایەت، چونکە ئەو ڕێژەیە ئەو دایناوە لە ڕووکەشدا باشتر خۆ دەنوێنێ بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەمان عەقڵ و میتۆدی بانکی نێو دەوڵەتیە .

دیاریکردنی هێڵی هەژاری ئەگەر بێتوو بە دەستی کۆمەڵگا خۆی بێت دەبێت ؛

یەکەم / دیاریکردنی هێڵی هەژاری بۆ لە بەین بردنی هەژاری بێت، نەك بۆ بە داتا کردنێکی دابڕاوی زوڵمی کۆمەڵایەتی و هێشتنەوەی وەکو خۆی.

دووەم/ دیاریکردنی هێڵی هەژاری میکانیزمەکەی نابێت لەسەر ” هێشتنەوەی ژیانی مەمرەو مەژی چینەکانی خوارەوە” بنیات نرابێت، بەڵکو لەسەر بنەمای داهاتی گشتی ووڵات ، نرخەکانی بژێوی ، ڕیفۆرمی ژیانی کۆمەڵایەتی بنیات نرابێت.

ڕەنگە دادەو بانکی نێودەوڵەتی ئەم دوو کۆنسێپتەی سەرەوە بە زیادەڕەوی بزانن ، بەڵام ئەم نادادیە جیهانی و خۆماڵیە، ڕۆژێك دێت بە داتا وەڵام نادرێتەوە، بەڵکو بە توندوتیژیەکی زۆر خوێناوی وەڵام دەدرێتەوە، ئەو دەمی ئەو ووشەیەی کە هەمووان حاشایان لێکردوەو کەس خۆی ناکا بە خاوەن پەیدا دەبێتەوە، ڕۆژێك دێت ئاگرێكی کۆمەڵایەتی یان هەمووان بە خۆشیەوە دەسوتێنێ یان دەیکا بەم ووشەیە دەمێکە دونیا خۆی لێدەپارێزی ” شۆڕش” !

ئەو دەمی ڕەنگە قسەکەی ئەو شاعیرە بێتە دی کە دەڵێ ” یان هەموومان یان هیچمان”

Leave A Reply

Your email address will not be published.