راگەیاندنی کۆمەڵێ لە رێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان سەبارەت بە مەرگی شلێر رەسوولی
بەیانییەی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان سەبارەت بە گیان لەدەسدانی خاتوو شلێر
ڕەسووڵی و حیماسەی پڕشکۆی خەڵکی مەریوان لە 17ی خەرمانانی 1401ی ک.هـ دا.
“بێگومان ئەگەر خاتوو شلێر ڕەسووڵی، متمانەی تەواوی بە یاساکانی دەسەڵات و فەرهەنگی پیاوسالاریی کۆمەڵگەکەی بۆ بەرگریکردن لە شەرافەت و کەرامەتی خۆی ببوایە لە بەرامبەر ئەو پیاوەی کە دەیەویست بەشێوازێ وەحشیانە دەستدرێژی بکاتە سەری، قەت ناچار نەدەبوو وەها گیانی خۆی بخاتە مەترسییەوه و کەسەی جەنایەتکارەش نەیدەوێرا قەرەی جەنایەتێکی وەها بکەوێ.
” مەرگی خاتوو شلێر، ژنه کوردی قوربانیی توندوتیژی و جەنایەت، بۆ بنەماڵەی، کەسوکار و سەرجەم ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دڵهەژێن و تراژیک بوو. جەنایەتی ناخهەژێنی لەم شێوەیە بۆ کۆمەڵگەکەمان جێی باوەڕ نییە.
وەک ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان وێڕای ئەوەی لە ناخی دڵەوە خۆمان بە هاوخەمی بنەماڵەی شلێر ڕەسووڵی و سەرجەم ژنان و پیاوانی شەرافەتمەندی ئەم کۆمەڵگەیە دەزانین، سپاسی بەشداریی پڕشکۆی سەرجەم خەڵکی مەریوان، ژنانی شۆڕشگێڕ و مافخواز و ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیی مەریوان دەکەین بۆ بەرگریکردن لە مافی ژنانی قوربانی و دەبڕینی ناڕەزایەتی و ئیدانەکردنی ئەم جەنایەتە قیزەوەنە.
بەشداریکردنی ئێوەی ژنان و پیاوانی مافخواز و ئازادیخواز لە 17ی خەرماناندا، حیماسەیەکی دیکەی هەتاهەتایی لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و مەریواندا تۆمار کرد.
گومان لەوەدا نییە کە شلێر ڕەسووڵی وەک هەزاران ژنی دیکەی ستەملێکراوی ئەم کۆمەڵگەیە، پێش ئەوەی لەلایەنی پیاوێکی جەنایەتکار و نەخۆشەوە بکرێتە قوربانی، قوربانیی دەستی یاسا و فەرهەنگی پیاوسالاریی کۆمەڵگەن، تۆقێنەرتر لەم کارەساتە، یەکگرتنەوەی نالەباری هاڵاواردنی جنسیی، نابەرامبەری چینایەتی و نادادپەروەرییە لەم کۆمەڵگەیەدا.
بۆیە وا دەخوازێ کە سەرجەم ژنان و پیاوانی دادخواز، وێڕای هاودەنگی و هاوڕێیەتی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیکراو و سەرجەم قوربانیان، ڕەخنە و بەرپرسیارەتیی سەرەکیی بەرەوڕووی لاوازییەکانی یاساکانی دەسەڵات لە بەرگرینەکردن و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و کۆمەڵگەی پیاوسالاریی بکەنەوە.
بۆ سەرجەم خەڵکی مەریوان ڕوون و ئاشکرایە کە ساڵانێکی زۆرە پەرەپێدانی بە لاتپەروەری و بوونی ئاشکرا و بێ ترس و کۆی بڕێ لاتولووت و چەقۆکێش و ڕێگر، کراوەتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی مەترسیدار بۆ سەر ژیان و گیانی خەڵکانی ئەم شارە.
بێگومان ئەو کەسانە لە بن سێبەری ئەمنیی و بەهۆی گرێدراوییان بە هەندێ شوێن و لایەنەوە، بوێرانە دەسدرێژیی دەکەنە سەر دارستان و ژینگە و سەرچاوە سرووشتییەکانیان و بەگشتیی ژیانی خەڵکانی ئەم شارە، وەک چۆن لەم ئەمساڵدا، کۆمەڵێکیان بەشێوازێ هۆڤیانە دەسدرێژییان کردە سەر کۆبوونەوەی یاسایی و هێمنانەی ئەو مامۆستایانەی بۆ بەرگریکردن لە مافی خۆیان و قوتابیانیان هاتبوونە سەر شەقام. مەخابن ئەمڕۆکەش زۆربەی ئەو لە ژێر سێبەری یاسای لاواز و بەکەڵکنەهاتوو، درێژە بە تاوانەکانیان دەدەن و تاونەتاوێ لە خەڵکی شۆڕشگێڕی مەریوان دەکەنە قوربانیی ئامانجە گڵاوەکانیان.
بێگومان حیماسەی بەشداریکردنی هەزاران کەسیی خەڵکی مەریوان لە 17ی خەرمانانی 1401 دا، هاوکات لەگەڵ دەربڕینی داشداریکردن لە خاتوو شلێر ڕەسووڵی و ژنانی قوربانیی دەسدرێژی و سەرجەم قوربانییانی دیکە لە مەریوان و کوردستان، بەگشتیی هەڵگری پەیامێکی جیدییە بۆ سەرجەم دامودەزگاکانی دەسەڵات کە چیتر لە هەمبەر پشتگوێخستنی ئەرکی سەرەکیی خۆیان واتە بەرگریکردن لە مافە ڕەوا و ڕێگەپێدراوەکانی شارۆمەنداندا، هیچ شێوازە کەمکارییەکیان لێ قەبووڵ ناکرێت و بە هەموو شێوازێ ڕووبەڕوویان دەبینەوە و هەر وەها ئەم بەشدارییە پڕشکۆ و مێژووییە، هۆشدارێکی جیدییە بۆ سەر دیاردەی لاتپەروەری و پاراستنی ژمارەیەکی کەم لە بەرانبەر نەبوونی ئەمنییەتی شارۆمەندانەوە.
بەم پێیە ئەرکی مێژوویی سەرجەم خەڵکەکەمان، ڕێکخراوە مافخواز و ئازادیخوازەکان دەخوازێ کە لە هەمبەر بوونی هاڵاواردن و نائەمنیی بۆ سەر ژنان و سەرجەم شارۆمەنداندا کەڵک لە سەرجەم ئیمکان و تواناکانی هەڵسوکەوتە مەدەنییەکان وەرگرن.
_ ئەنجومەنی فەرهەنگی
_ئەدەبیی مەریوان
_ناوەندی زانستی
_فەرهەنگی ڕۆنان
_ئەنجومەنی سەوزی چیا
_ناوەندی فەرهەنگی هونەریی ڤەژین
_ئەنجومەنی فەرهەنگی
_ ئەدەبیی ڕۆجیار
_ئەنجومەنی بەرگریی مادە هۆشبەرەکان (ژیانەوه)
_ناوەندی سڵامەتی ژین
_ئەنجومەنی شانۆی مەریوان