چمانەوەی زیاتر یان هەستانەوەی شۆڕشگێڕانە

0
عبدالرحمن رسول
لەکاتێکدا بەردەوام خەڵکی ناڕازی بەشێوازی جۆراو جۆر لەسەر خیابان و شەقامەکان ناڕەزایەتی بەرامبەر زوڵم و زۆری چەوسانەوە و نایەکسانی ونادادی یەکانی دەسەڵاتدارانی ملهوڕی چەوسێنەر نیشان دەدات لە هەمان کاتدا ئەو حزب و ڕێکخراوانەی بانگەوازی هێنانەدی کۆمەڵگایەکی باشترو بەختیار دەکەن بەڵام لەخەوی قوڵی خەوتنیان بەخەبەرنایەن بۆ ڕێکخستنی جەماوەری ناڕازی لەبزوتنەوەیەکی جەماوەری چینایەتی کە خەڵک بتوانێت دەسەڵات وسیستەمی چەوسێنەر بڕوخێنێت !ودواتر خۆی وەک دەسەڵاتی جەماوەری خەڵک ئیدارەی کۆمەڵگابەڕێوەبەرێت .
کە سەیری کۆمەڵگا بکەین هەر چەند ساڵ جارێک هێزێکی کۆنەخوازو بۆرژوازی و دژە خەڵکی زۆر بەئاسانی سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی یەکانی خەڵکی ناڕازی و هەژارو چەوساوەی کوردستان و عێراق دەبێت .
هەموو جارێکیش حیزب وڕێکخراوە کۆمۆنیست وشیوعی وبەناو چەپەکان خەڵکی ناڕازی بەنا ووشیار لەقەڵەم دەدەن لەکاتێکدا خەڵک قوربانی بەخوێنی خۆی داوە لە بەردەوام بوونی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکانی لەدژی چەوسانەوە ونایەکسانی و جیاوازی یەکانی ئاستی چینایەتی دا !!
هیچ بیانوێک هەڵناگرێت لەکاتێکدا پڕوپاگەندەی سۆسیالیزم و کۆمەڵگایەکی باشتر بکەی وەک حیزب بەڵام دوورە پەرێز بێت لەڕێخستنی جەماوەری ناڕازی لەبزوتنەوەی جەماوەری چینایەتی دا .
لەوانەیە بڵێن ئێمەش بەشداری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی یەکانمان کردووە بەڵام خەڵک حیسابمان بۆناکات و گوێڕایەڵی ئێمە وەک پێشڕەوی تێکۆشانەکان نامان بینێت یان هەمیشە هێزەکانی بۆرژوازی خاوەن پارەن بۆ ئاراستەکردنی جەماوەری یان هێزو دەوڵەتی تر لەپشتیانە .خودی ئەم جۆرەبیانوهێنانەوەیە و هێنانەوەی هەر بیانوێکی تر نیشانەی نەبوونی هەستی ئیرادەی ئینسانی تێکۆشانیانە لەڕێکخستنی جەماوەری لەبزوتنەوەی جەماوەری چینایەتی دا کە توانایی هەبوونی شکاندنی تەلسمی هێزی چمانەوەیان نییە لەبەردەم هێزە بۆرژواو کۆنەخوازوملهوڕەکانیاندا نیە کە بتوانن لەجیاتی چمانەوە بەردەوام هەنگاوی شۆڕشگێڕانەی چینایەتی جەواوەری بنێین و بەرنامە ڕێژی بۆ بەرەوپێشبردنی تێکۆشانە جەماوەریی یەکانی خەڵکی ناڕازی وەک بزوتنەوەیەکی جەماوەری بکەن.
لەعێراق حیزبی شیوعی عێراقی خۆی بە باڵەکانی کۆنەپارێزی وەک سەدر چەندین ساڵە هەڵدەواسێت و ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی کادیرانی وردوخاش وتێکدەشکێنت.
لەکوردستانیش حیزبی شیوعی کوردستان ڕاستەوخۆ دەچمێتەوە لەبەردەم یاساکانی سیستەمی بنەماڵەیی دا و زۆر دڵخۆش وشاگەشەیە بە وەرگرتنی چەند پۆست وپلەیەکی ڕاوێژکاری بۆ سەرۆکی هەرێم و حکومەت یان هەر ئیمتیازێکی تر کە لەکاتێکدا هەمان سستەم ودەسەڵاتی بنەماڵی بەردەوام گەشە بە تێکشکاندنی کەرتە،گشتی یەکان و خزمەتگوزارە گشتی یەکاندەدات و ئیرادەی گەنج و ژن و مرۆڤە بەتەمەن و کرێکارو زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگا وردوخاش دەکات ودەهاڕێت بە کوشتنیان لەنۆرەی وەرگرتنی هەقدەست و یان پێنەدان و دواخستنی هەقدەستەکانی کرێکارو مامۆستا و فەرمانبەران .
ئەم جۆرە چمانەوەی حیزبی شیوعی کوردستان لەسەرەوە بۆ خوارەوە بڵاوبۆتەوە و کاریگەرییەکەی ڕۆژ دوا ڕۆژ نەرێنی و سلبی تر ڕەگ دادەکوتێت..
حیزبەکۆمۆنیستی کرێکاری یەکان لەکوردستان و عێراق (ئەوان لەئێستا لەژێرناوی چەند ڕێکخراو و حیزبێکدان ) ساڵ لەدوای ساڵیش زیاتر پەرترو لێک بڵاوتر دەبن .
ئەمەش لەژێر بیانوی جۆراوجۆری ئەوەی کە خۆیان لەبەر پرسیارێتی یە سەرەکی یەکە بدزنەوە .
هەریەکەیان خۆیان سەرقاڵ کردووە بە کاری گرووپ بەندی یەوە واتە حزب و ڕێکخراوی خۆیان هەر دەڵێی لەجیهانێکی تردا سیاسەت وحیزبایەتی دەکەن نەک لەعێراق وکوردستاندا چونکە زۆر لاوازو بێ گاریگەر ڕۆژانی حیزبایەتییان بەڕێ دەکەن کەئەمەش جۆرێکە لەچمانەوەیان لەبەردەم یاسا و سیستەمی چەوسێنەرو کۆنەخوازی زاڵبوودا چونکە کۆمەڵگا پێویستی بەهەنگاوی جەماوەری چینایەتی هەیە کە ناڕەزایەتی یە جەماوەرییەکان ئاراستەی جۆش وخرۆشی تێکۆشانی جەماوەری چینایەتی بکرێت، لەهەمان کاتدا ئەم جۆرە حیزبانە لەخەوی قوڵی گۆشەگیری دا بەخەبەر نەهاتوون بەدەنگی زوڵاڵی مناڵان وگەنجان وژن و پیاوانی کرێکاروزەحمەتکێشی سەر شەقامەکان .
ئەم تێکۆشانە جەماوەرییە چینایەتییە بەتەنها بە وە سەرکەوتوونابێت کە کادیرەکانی حیزبێک بەشداری خۆپیشاندان وناڕەزایەتییەکان بکات بەڵکو ئەرکی گەورەتریان لەسەر شانە کە پێویستە هەنگاوی بۆ بنێیت بەکرداری بۆ هێنانەکایەوەی بزوتنەوەیەکی جەماوەری چینایەتی کە خەڵک لەچوارچێوەی بزوتنەوەیەکی ڕادیکاڵی جەماوەری دا ڕێکخراو بکرێت .
پێویستە ئەرکە پێویستی یەکە کاری لەسەربکرێت کە ڕێکخستنی جەماوەری ناڕازییە لەچوارچێوەیەکی تێکۆشانێکی جەماوەری یەکگرتوویی دا کە بۆئەمەشیان ڕاستەوخۆ هەموو ئەوانە کەم تەرخەمن کە پڕوپاگەندەی حیزبی و ڕێکخراوەیی کۆمۆنیستی و شیوعی وچەپبوون و ئازادیخوازی بۆ کۆمەڵگا دەکەن .
خەڵکی ناڕازی بەدەنگ هاتووە لەدژی نادادی وچەوسانەوە بەڵام تائێستا خاوەن حیزبە کۆمۆنیست و شیوعی یەکان لەخەڵوەتی بیرکردنەوەی تەسکی حیزبیان بەخەبەر نەهاتوون!!
هەروەک خنجەری ناوکلانی کابرایی ژێرکەوتوو کەلێیان پرسی ئەو خنجەرە چییە پێتە گوتی بۆڕۆژی لێ قەومانێ بەڵام خۆشی لەژێرەوەبوو ئەمەش هەروەک حیزبە کۆمۆنیست وشیوعی یەکان .
ئاخر چۆن دەبێت ئێمە کۆمۆنیست و شیوعی یەکان کەخاوەنی جوانترین وپاکترین فکروبیروباوەڕوبەرنامەی ئینسانی بین بۆئیدارەدانی کۆمەڵگا بەڵام لێگەڕێن گەنجان ولاوان و کرێکاروزەحمەتکێشان لەلایەن هێزە کۆنەخوازو بۆرژواکانەوە ئاراستە بکرێن و دواتریش بەئاسانی بکرێنە قوربانی .
نابێت چیتر ڕێگا بدەین بە بەردەوامی درێژەدانی ئەم ملهوڕی وچەوسانەوەیە ، بزوتنەوەی جەماوەری چینایەتی تاکە ڕێگای ڕزگاری یە بۆڕاماڵین و کۆتایی هێنانی دەسەڵاتی زاڵم وچەوسێنەران .
سەرکەوتووبێت تێکۆشانی هاوپشتی ویەکگرتووانە بۆ هێنانەکایەوەی بزوتنەوەیەکی جەماوەری چینایەتی لە کوردستان لەپێناوی ڕاماڵینی دزوچەوسێنەروگەندەڵکاران و دواتر بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ڕاستەوخۆ لەلایەن خودی خەڵکەوە .
تێکۆشان بۆ هێنانەدی نان کار ئازادی ئیدارەدانی شورایی زامنی هێنانەدی کۆمەڵگایەکی نوێ ترو باشترە.
٭تێ بی نی:ئەم بابەتە لە١-٩-٢٠٢٢ لە بڵاوکراوەی بۆپێشەوه بڵاوکراوەتەوە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.