بافل (پاڤێڵ) و عەبدوللەتیف:

0

پێشڕەو محەمەد 

ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگەی کوردستان باشترین ڕێگەی دەسەڵاتدارانە بۆ درێژەدان بە سەرکوت و بەدامەزراوەییکردنی گەندەڵیی. چۆن نەتەوەیەک لاواز دەبێت؟ با نموونەیەکی مێژوویی بهێنینەوە. ئۆتۆ فۆن بسمارک بۆ ڤیلهێلمی یەکەم، قەیسەری ئەڵمانیای تازە، دوای شکستهێنان بە فەڕەنسا (١٨٧١) دەنووسێت:
«ئەگەر بمانەوێت فەڕەنسا هەم لە ئەوروپا و هەم لە ئاستی جیهاندا، هەم لەڕووی سیاسیی و هەم کولتوورییەوە لاواز بکەین، پێویستە ئەو وڵاتە ناچاربکەین ئایین بگەڕێنێتەوە ناو دەوڵەت و جومگەکانی کۆمەڵگە و پەروەردە، بەڵام لە بەرانبەردا دەبێت لە ئەڵمانیا ئایین لەکاروباری دەوڵەت دووربخەینەوە، تەنها بەمجۆرە ئەڵمانیا بەهێز دەبێت».
دوای ئەم ڕووداوە، لەگەڵ ئەوەی ئایین لە کۆمەڵگەی ئەڵمانییدا لاواز دەبوو، تەحەدداکانی خوارەوە بەرانبەر بە دەسەڵاتی قەیسەریی لەلایەن چینی کرێکار و جەماوەرەوە زیاتر دەبوو، ئیتر قەیسەر بڕیار دەدات ئەمجارە ئایین بگەڕێنێتەوە ناو قوتابخانەکان و دەوڵەتەوە. ئەمە چ وانەیەکی بۆ ئێمە لە کوردستان پێیە؟
لەسەردەمی جەلال تاڵەبانیی-دا بەتایبەت لە سلێمانیی نەریتێک دروستببوو وردە وردە ئایین لە کاروباری دەوڵەت دووربخرێتەوە و بکرێتە پانتاییەکی تایبەت و «هەرکەس خوای خۆی بۆ خۆی بپەرستێت». هۆکاری ئەمەش لەبەر چاکەی تاڵەبانیی و پێشکەوتووخوازیی یەکێتیی نەبوو، بەڵکو بەهۆی نەریت ماوەدرێژی بزووتنەوە و بیری چەپ و کاریگەریی لەناو یەکێتییدا بوو. لەگەڵ ئەوەی کوڕانی تاڵەبانیی تێگەیشتن کە سیکۆلاریزەبوونی کۆمەڵگە لە بەرژەوەندییان نییە و ڕۆژ بەڕۆژ بەرانبەر بە پارتیی بچووکتر دەبنەوە، دەستیانکرد بە گرتنەبەری ستراتیژێکی پێچەوانە: عەبدوللەتیف-یان لە چوارقوڕنە (سەر بە ڕانیە) دروستکرد، پاشان گواستیانەوە بۆ سلێمانیی تا شارەکە سەلەفیزە بکات. بەمجۆرە یەکێتیی پابەندبوون و گوێڕایەڵبوونی خۆشی بۆ ئێران زیاتر دەکات.
هەوڵێکی دیکە کە هەم پارتیی و هەم یەکێتیی پشتگیریی دەکەن، ئیسلامیزەکردن و بەئیخوانکردنی کوردستانە لەلایەن یەکگرتووی ئیسلامییەوە، کە هەموومان دەزانین حزبێکی پرۆ-ئەردۆغان و لایەنگری ڕژێمی تورکیایە و پەیوەندیی پارتیی-ش بە تورکیاوە بۆ هەمووان ڕوونە. لەم ڕێگەیەوە پارتیی و یەکێتیی هەم جەنگە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان لە خۆیان دووردەخەنەوە و هەمیش کۆمەڵگە ئامادە دەکەن ئاسانتر گوێڕایەڵیان بێت. ئیسلامیزەکردنی کوردستان لەڕێگەی یەکگرتووەوە لەسەر مۆدێلی ئیسلامی-ئیخوانیی تورکیی، هەم هەژموونی کۆڵۆنیالیزمی تورکیا لە باشووری کوردستان بەهێزتر دەکات و هەمیش مانەوەی کوڕانی بەرزانیی و تاڵەبانیی و تاڵانفرۆشکردنی ئابووریی کوردستان، مسۆگەرتر دەکات. نموونەیەکی دیکەی ئەم بابەتەی یەکگرتوو، ئەوەیە کە مەلایەکی یەکگرتوو لە پەرلەمان ئیمزا بە پەرلەمانتارانی هەموو لایەنەکان دەکات، سزای توند بۆ بەرگریکارانی مافی ئێڵ جی بی تییەکان دابنێن.
تێبینیی: ئایین وەک باوەڕێکی تاک و هەستێکی ڕۆحانیی مافی هەر مرۆڤێکە و کەس مافی ئەوەی نییە ئایین لە هیچ کەسێکی دیکە وەربگرێتەوە، بەڵام پێچەوانەی پرۆسەکەش ڕاستە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.