هێرش دەکرێتە سەر کرێکارێک
ئەڵتەرناتیڤی شورایی /
فەرمان چۆمانی و عومەر چاوشین
تایبەت: ئەلتەرناتیڤی شورایی
کرێکارێکی تەمەن 22 ساڵ لە گوندێکی کوردستان هێرش دەکرێتە سەری و ئازار دەدرێت، ،،ئەلتەرناتیڤی شورایی،، چیرۆکی هێرش کردنەکە و هۆکارەکەی لە دەمی خۆیەوە دەگێڕێتەوە.
رێباز محمد ئەو کرێکارەیە کە لێیدراوە دەڵێت ‘’پیشەی من کرێکاری و شۆفێری ماڵە جوتیارەکان بووە، ئەمساڵ بۆ پیاوێکی دەوڵەمەند و خاوەن کێلگەی کشتوکاڵی کە دەسترۆیشتوو بوولەسنورەکە، لە وەرزی دروێنەدا کارم بە ئامێری کاکوت دەکرد زۆر بە دڵسۆزی، بەم هۆیەشەوە متمانەی کار لە نێوانماندا دروست بوو، زۆربەی کاتەکان خاوەن کارەکەم دەیگوت نابێت بڕۆیەوە و دەبێت شەو بۆپشودان لەلای ئێمە بمێنیەوە، بەڵام دوای ماوەیەک لە کارکردن دوورخرامەوە و لە شەوێکی تاریکداچەند کەسێک هەڵیانکوتایە سەرم و زۆر ئازاریان دام و لێیاندام تەنانەت هەڕەشەی زۆریشیانکرد.
رێباز گووتی’’من کێشەم لەگەڵ کەس نییە، بەڵام گومان دەکەم خاوەن کارەکە ئەو کەسانەی ناردبن بۆئازاردانم، چونکە بەهەڵوێستەکانیان دیاربوو لە من نیگەران بوون بەڵام دەریان نەدەبڕی و پەیوەندی نێوانمان سارد بوو” لە ناوەراستی مانگی ئابی ٢٠٢٢ ژنێکی تەمەن ٢٩ ساڵ بە ناوی (پ.ع) لە نێو ماڵەکەی خۆیدا خۆی دەرمان خوارد کرد و دوایی چەند رۆژێک بەم هۆیەوە گیانی لە دەستدا، هەرچەندە لە سەر ئەو رووداوە پۆلیس هیچ روونکردنەوەیەکی لە لاپەرەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نەداوە، بەڵام رێباز لەسەر ئەو رووداوە گوتی ‘’ئەو ژنە بوکی خاوەن کارەکەم بوو، کە خۆی دەرمان خوارد کردووە،
ئەوان پێیانوابوو کە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ من هەبووە، گومان دەکەم کە هۆکاری دەرکردنم لە کارەکە و هەڵکوتانە سەرم پەیوەندی بە مردنی ئەو ژنەوە هەبوبێت’’ لەبارەی تۆمار نەکردنی سکاڵا لە پۆلیس رێباز دەڵێت’’بەهۆی دەست رۆیشتوویی ئەو بنەماڵەیەو گەورە نەبوونی کێشەکە نەمتوانی لەلای پۆلیس سکاڵا تۆماربکەم” لە هەرێمی کوردستان رووداوەکانی کوشتن و خۆ کوشتن و لێدان و سوکایەتی کردن بە مرۆڤ روو لە هەڵکشانن،
تەنها لە ماوەی مانگی ئابدا بەپێی ئامارە نافەرمیەکان وتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ١٠ کەس کوژراون و خۆیان کوشتووە لە هەر دوو رەگەز کامەران خدر توێژەری کۆمەڵایەتی لەبارەی زۆربوونی رووداوەکان و کێشە کۆمەڵایەتیەکان دەڵێت ‘’شیرازەی خێزانەکان لە کوردستان لە بارودۆخێکی خراپدایە بەهۆی داروخانی ئابوری و بێکاری و خراپ بە کارهێنانی تەکنەلۆژیا خێزانەکان بەرەو هەڵوەشانەوە دەرۆن’’ ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتیە گوتیشی ‘’ئێستا هەندێک ژن و کچ بەشێوەیەک کەوتوونەتە نێو داوی خورافیاتی بەشێک لە شێخ و مەلاکان بە بیانووی چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بەڵام لەبڕی چارەسەری کێشەکانیان ،
گرفتەکانیان گەورەتر بوون، هەروەها لاوازی دادگاکان و ئەدای کاری رێکخراوەکانی ژنان و فراوان بوونی دیوەخانی ئاغاکان هۆکارێکی دیکەی کێشەکانن.