ئەم جۆرە لەدەسڵات و حکومرانییەی کوردستان،کار لەسەر ڕیفۆرم ناکات و دەبێ هەمیشە لەژیر فشاردا بێ بۆ بەدەستهێنانی مافەکان!!

0

گرفت وکێشەکانی کۆمەڵگای باشووری کوردستان لەسایەی هەبوونی دەسەڵاتی دزو چەوسێنەر وگەندەڵدا گەلێک زۆرن یەکێک لەبەشەکانی کۆمەڵگا خوێندن وپەروەردەیە کە ساڵ لەدوایی ساڵ بارودۆخی خوێندکاران ومامۆستایان وخوێندن وپەروەردە خەراپ تر دەبێت و ڕوبەڕوویی قەیران کێشەو گرفتی زیاتر دەبێتەوە .

بۆ زیاتر خستنەڕووی   کێشە و داواکارییەکانی ئەو بەشە ئێمە وەک ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی دیدارێکمان لەگەڵ زۆر بەڕیز بەندی علی شاعیرو یاریدەدەری توێژەر لەکۆلێجی کشتوکال ساز کردووە کە یەکێکە لە کەسایەتی یە چالاکەکان  لەبواری چالاکی مەدەنی وبەشداریکردنی مەیدانی لە خۆپیشاندان وناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ هێنانەدی ماف وداواکارییە ڕەوا وئینسانییەکانیان.

ئەڵتەرناتیڤی شورایی / جۆری سیستەمی پەروەردە وفێرکردن لە کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت وەک مامۆستایەکی خاوەن ئەزمون کەچەندین ساڵە لەوبوارەدا وانە دەڵێتەوە؟

بەندی علی شاعیرو یاریدەدەری توێژەر لەکۆلێجی کشتوکال /سیستەمی پەروەردە بەگشتی ( خوێندنگا حکومییەکان ) لەنێوان بەرداشی حکومڕانیی نابەجێی ئەمڕۆی هەرێم و بارودۆخی ناهەمواری ژیانیی مامۆستایان لەحاڵێکدایە کەس ئیرەیی پێنابات هێندە تراژیدیە ..

دیارە قوربانیی یەکەمی ئەم دۆخەش خوێندکارو خوێندنە بەگشتی .من گومانم لەخەمخۆری و دڵسۆزی مامۆستایانی بەڕێز نییە بەلام خوێندنیکی بەم جۆرەو بەو هەموو کەموکوڕییە لەمەنهەج و پێداویستییەکانی خوێندن ، لەکۆتاییدا هەر بەزەرەری خوێندکاران و کۆی پرۆسەی خوێندن دەشکێتەوە .

 

ئەڵتەرناتیڤی شورایی/ لەم چەند ڕۆژەی پێشتر مامۆستایان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا داواکاری ئێوەی مامۆستایان چی بوو کە بتانەوێت چارەسەر بکرێت؟

بەندی علی شاعیرو یاریدەدەری توێژەر لەکۆلێجی کشتوکال/  داواکارییەکانی ئەم خۆپیشاندانانەی دوایی مامۆستایان بەگشتی و ستافی زانکۆی سلێمانی بەتایبەتی .

خۆی لەچەند خاڵێکی سەرەکی و گشتیدا دەبینێتەوە .

ئەوانەش ..

یەک / زەمانی پێدانی موچە هەر ٣٠ ڕۆژ جارێ و بەبێ دواکەوتن .

دوو/ گەڕانەوەی پلەبەرزکردنەوەی وەزیفیی هەشت ساڵی راگیراو .

سێیەم / چارەنووسی ٣٠ موصەی خورو بەناوی پاشەکەوتەوە .

لەگەڵ چەندین خاڵی تری گستی بۆ برەودان و گەشەکردنی خوێندن .

 

ئەڵتەرناتیڤی شورایی / ساڵانە مامۆستایان ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن بە بڕوایی ئێوەی بەڕێز هۆکاری چارەسەر نەکردنی کێشەو گرفتەکانی مامۆستایان چییە ؟

بەندی علی شاعیرو یاریدەدەری توێژەر لەکۆلێجی کشتوکال/ هۆکاری چارەسەر نەکردنی کێسەی خوێندن مامۆستایان بەپلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ بەگرنگ نەزانینی کۆی پرۆسەکەو ژیانی توێژێکی گەورە کەپێیان دەوترێ مامۆستا .

بەڕای من دەسەڵاتی ئەمڕۆی هەرێم لەڕووی بەرژەوەندی چینایەتی خۆیەوە گوێ ئەدا بەبوارەکانی ئیدارەی کۆمەڵگە ..

ئەوەندەی هێزی چەکدارو دەزگا ئیدارییەکانی خۆی بەلاوە گرنگە هێندە گوێ بە بوارەکانی تر نادات . ئەوەش دیارە کە ئاراستەی کۆی سستەمی سەرمایەداری جیهانی و پاشکۆ بوونی ئابووریی هەرێم بۆ ئەو سیستە نیساندەدات و ئاشکرایە نیولیبرالی چی گەرەکە و بەنیازی چییە لەسستەمی ئابووریدا لە ( بەتایبەتیکردنی کەرەتە گشتییەکان و ئەو کەناڵانەی سەرمایە زیاد دەکات بۆ دەسەڵات نەك کەم کردنی )

 

ئەڵتەرناتیڤی شورایی / ئایا بۆ هێنانەدی خواست وداواکاری مامۆستایان .باشترنییە مامۆستایان خۆیان لەناو ڕێکخراوێکی سەربەخۆی خۆیان دوور لە دەستی حزبەکان دابمەزرێنن کە خواست ومافە ڕەواکانیان بکەنە جەماوەری و فشاری گشتی بۆ جێبەجێکردن ؟

بەندی علی شاعیرو یاریدەدەری توێژەر لەکۆلێجی کشتوکال/ بێ گومان هەموو شێوەکارێکی بەکۆو ڕێکخراو باشترە لەپەرش و بڵاوی ، بەڵام ئەم کێشەیە دوو لایەنەیە .. لەلایەك خودی ڕێکخراوەکانی دەرەوەی دەسەڵات نەیان توانیوە بگە ناو مامۆستایان و هەم خودی مامۆستایانیش خەتابارن لەوەی کەخۆیان لەهەوڵی خۆڕێکخستندا بن ، پیم وایە هۆکاریکی بەرچاوی ئەم حاڵەتە خودی مەوقیعی کۆمەڵایەتیی ئەم توێژەیە لەکۆمەڵگەدا کەخۆی لەنێوان دوو چینی سەرکیدا دەبینێتەوە !

 

ئەڵتەرناتیڤی شورایی / ئایا بەم جۆرە دەسەڵات وسییستەمەی ئێستا دەتواندرێت کێشەو گرفتەکانی مامۆستایان و پەروەردەو خوێندن چارەسەر بکرێت ؟

ئەڵتەرناتیڤی شورایی / چارەسەر چی یە ؟

بەندی علی شاعیرو یاریدەدەری توێژەر لەکۆلێجی کشتوکال/

ئەم جۆرە لەدەسڵات و حکومرانی .خۆبەخۆ کار لەسەر ڕیفۆرم ناکات و دەبێ هەمیشە لەژیر فشاردا بێ بۆ بەدەستهێنانی مافەکان ، چونکە وەك ئاشکرایە ، ئەوان لەسەر سود وەرگرتن لەم دۆخە دەژین و ڕیفۆرم جۆرێکە لەکۆت و بەند بۆی وەك بەرژەوەندیی چینایەتیش .

گومان لەوەدا نییە کە ماف دەسێندرێ و نادرێ بۆیە هەر جۆرە هەوڵ و کۆششێکی مامۆستان ئەگەر ڕوو لەفشاری جدی و ڕاستەوخۆ نەبێ لەسەر دەسەڵات ، جگە لەکوشتنی کات چیتر نییەو چارەسەری ڕیشەیی ئەم تراژیدایەی پرۆسەی خوێند و ژیان و مافەکانی مامۆستایان ناکات .

Leave A Reply

Your email address will not be published.