دەسەڵاتدارێیی هەرچییوپەرچییەکان نا، بەڵکو هەرچییوپەرچییە دەسەڵاتداراەکان.
احمد ڕەسوڵ

هانا ئاڕێنت، ژنە فەیلەسووفی ئەڵمانیی بە ڕەگەز جوو، باسی ئەو دەسەڵاتدارێتییە دەکات کە لە بەشێکی گەورەیدا لە هەرچییوپەرچییەکانەوە هاتووەتە بوون، واتا هەرچییوپەرچییەکان بوونەتە هێزی مرۆیی و ژمارەی گەورەی پێکهاتن و فۆڕمیولەبوونی دەسەڵاتدارێتییەک کە دواجار لە نموونەی نازیزم و فاشیزمدا دەیبینن.
ئەمە لە کتێبی بنەماکانی تۆتالیتاریانیزمدا.لە پەیوەند بە کوردستانەوە و تایبەتتریش زۆنی سلێمانیی و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری، دەسەڵاتدارێتیی نەوەکو هەرچییوپەرچییەکان پێکیان هێناوە و بوونەتە هێزی دروستبوون و کەڵەکەبوونی دەسەڵات و لێرەوەش هەڵتۆقینی دەسەڵاتدارانی تۆتەڵ نابەرپرسیار و بە تەواوی بێباک و گاڵتەکردوو بە ژیان و گوزەرانیی خەڵک، وێرانکردنی تایبەتمەندییەکانی عیمرانی شار، نقومکردنی دەڤەرێکی فراوان لە زبڵ،
دواکەوتنی بەردەوامیی مووچە، بێپڕۆژەیی و یان هێندە سەقەتیی پڕۆژەکان کە حەوت جار چاککردنەوەیان وەکو پێشتری بێپڕۆژەییەکەی لێنایاتەوە، داڕمانیی بواری تەندروستیی و نەخۆشخانەکان لە کەرتە گشتییەکەیدا، وێرانەیی شەقام و ڕێگاوبانەکان، دانانی ئەو هەموو باج و خەراجە جۆراوجۆرانە لەسەر خەڵک و زیادکردنی چەند قاتیان، داگیرکردنی تەواوی زەوییەکانی ناوشار، کەنار شار و تا دەرەوەی شارەکانیش، دەستبەسەرداگرتنی چەتەییانەی بازاڕ و بازگانیی.
هتد و قەیرانگەلی جۆراوجۆر و زۆر، بەڵکو ئەوەی ڕوودەدات و دەگوزەرێت هەمووی وەکو خۆری نیوەڕۆ درەوشاوە ئەوەمان پێدەڵێت کە هەر خودی هەرچییوپەرچییەکان دەسەڵاتدار، حاکم و بەڕێوەبەریی کارگێریی، یاسایی و ئابووریی شارەکەن.
ئەوەی هەیە دەسەڵاتدارێتیی لە هەرچییوپەرچییەکانەوە سەرچاوەگرتوو نییە، بەڵکو زۆر لەوە زیاتر، وێرانتر و دزێوترە، کە هەرچییوپەرچییە دەسەڵاتدارەکانن.
دەسەڵاتدارێتیی هەرچییوپەرچییەکان و هەرچییوپەرچییە دەسەڵاتدارەکان، نە دەزانن و نە دەتوانن دەسەڵاتدارێتییەکی جێگرتوو بونیادبنێن، نە ئیمکانی مانەوەیان بەو شێوەیە هەیە. دەبێت ئەو دەسەڵاتدارێتییە شلۆق و لەرزۆکە بڕمێ بەسەر یەکدا، ئەوە هەر خودی سروشت، چییەتی و پێکهاتەی دەسەڵاتدارێتییەکەیە ئیمکانی مانەوەی ناداتێ.