بوردومانەکەی سەیرانگەی پەرەخێ بەمەرام ئەنجام دەدرێ

0
کاوە نادر قادر
سوپای توركیا لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەكاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆی ٢٠ـی تەممووز تۆپبارانکردنی ناوچەی گەشتیاری پەرەیک کردوەو تۆپەکان سڤیل وگەشتیاری زۆری گرتۆتەوە کەبۆ ئەو ناوچەیە لەبەغداو ناوەڕاستی عێراق هاتبوون، كە لەئەنجامدا نۆ هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە٢٦كەسیش بریندار بوون.
لەگەڵ بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵەو پێزانینی کەسوکاری قوربانیانن بەکارەساتەکە، توڕەی عێراقیان لەرادەیەک بوو، کە زۆر لەپیاوانی ئاینی وەک موقتەدا سەدرو لێپرسراوانی حکومی وەک هەر سێ سەرۆکایەتییە سیادییەکەووەزیری دەرەوەو زۆر لەلێپرسراوانی ئەو دەوڵەتەی بە زار هێناو، بۆ یەکەم جارە بەو شێوەیە داگیرکەری تورک تاوانباردەکەن وداوای سنوردانان وبگرە تۆڵەکردنەوە دەکەن، تێبینییەکە لێرەدایە:
_ قوربانییەکانی ئەوجارە، هاوڵاتی عارەبی شیعە بوون، دەنا چەندین جارە لەوەو پێش، ئەو جۆرە تاوان وکۆمەڵکوژییانە تورک ئەنجامی دەداوە”بامەڕنێ، كونەماسی وگەلی باڵندا و هەرورو مەتین وچەند ناوچەیەكی دیكە شوێنە گەشتیارییەکانی کردووەتە ئامانج”، لەقوڵایی بەسەدان کیلۆمەتر دوور لە سنووری تورکیا “پێنجوین وکەلارو مەخموورو زارگەلی دۆڵی خاناقا”، رویداوەو دەوڵەتی عێراقی لێی بێ دەنگ بووە. ئەگەر چی ئەو بەدەنگ هاتنە وەرچەرخانێکی گەورەیە لەهەڵوێستی عێراقییەکان، بە کارێکی نایاب دەژمێردرێ، بەس دیارە هاوڵاتیان وئەرزو ئاسمان وسروشتی هەرێمی کوردستان بە هی خۆ ناژمێرن، ئەمەش بەڵگەیەکە کە بەغدا دەستی لە پاراستنی هەرێم بەرداوە.
_ یەکەم جارە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو بەریتانیا بێنە دەنگ وبە راشکاوی باس لەرێزگرتنی سەروەری عێراق دەکەن، لەکاتێکدا لەبەر چاوی ئەوان نزیکەی٣٠ ساڵ دەبێ بدەیان جار ئەو تاوان وپێشێلکاریانە ئەنجامدراون، دەوڵەتێک نوقەی لێ نەهاتووە بەتایبەتی لەکاتی ئەوەی کە عێراق لەژێر بەندی حەوتدا بو، ئەمریکا هەموو ئیجرائاتێکی پێ ئەنجام دەدرا.
لەگەڵ ئەوەش لێرەدا، دەکرێ بگوترێ، کە بە جواب هاتنە گەرمییەکەی شیعە، دەگەڕیتەوە بۆ ساتە وەخت و هەلومەرجی روداوەکە، هەر یەک دەخوازێ نیشتیمانپەری وخۆشەویستی بۆ عێراق بە توندڕەوی دەرببڕێ:
_عەلی خامەنئئی مورشیدی کۆماری ئیسلامی ئێران روبەڕوی ئەردوگان، لەکاتی لوتکە سێ قۆڵیەکەی تاران وپێشوازیکردنی لەئەردوگان. بەراشکاوانە دواو ئاگاداری کردەوە کە قەبوڵی هێڕشکردنە سەر رۆژئاوا ناکەن وئاکامی خراپی لێ دەکەوێتەوە.
_ رەوتی سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی لەکێبڕکێ وململانێیەکی تونددان بۆ سەرلەنوێ بیناکردنەوەی عێراق ودەست بەسەرداهینانی شیعەکان ورا راکێشێنانیان بۆ هەر ئەگەرێکی داهاتوو.
_ سوکایەتی بە کەمزانینی دەوڵەتی تورک بۆ دەوڵەتی عێراق وعێراقییەکان لەرادەبەدەرەو هەموو عێڕاقییەکان هەستی پێ دەکەن وبە تایبەتی لەئاو گرتنەوەی دیجلەو فورات. تورکیا دەیەوێ بە عەنتەری بە دڵی خۆی پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکان بکاو واش پێ دەچێ زلهێزان نازی کاتی بگرن.
ئەو خاڵانە وای لەجەماوەری بەغداو نەجەف وهەندێ پاریزگای دیکە کرد، کە بە توڕەیەکی زۆرەوە بڕژێنە سەر جادەکان، سوربوونی خۆیان درێژە پێ بدەن تا ئاڵای تورکیا لەسەر باڵوێزخانەی تورکیا لە بەغدا بهێنە خوارو وێنەی ئەردۆگان لەژێڕ پێلاوەکانیان دابنێن، تورکیاش زۆر بەلاوازی لەسەر ئەو روداوە بێتە دەنگ. توڕەیی وسووربونی جەماوەر لەسەر سزادانی تورکیا پاڵی بە دەوڵەت ولێپرسراوانی عێراقی نا توڕيیی خۆیان بگەیەنە عەرشی ئاسمان و ئەو توڕەیەی جەماوەرو حکومەتی عێراقی ئەمریکەو بەریتانیای بهێنە دەنگ، ئەوەی هەر کەڕو لالە یاخۆد بە لاوازی هەڵوێستی دەربڕی هەر هەرێمی کوردستان. لە کۆتاییدا هیوادارین ئەو گرژیەی نیوان تورکیاو عێراق نەگاتە شەڕ لەبەرداشی شەڕەکە، کورد نەسوتێ و کورد نەکرێتە کارتی سازشکردن بۆ چارەسەری .
٢١ی تەمووزی ٢٠٢٢
Leave A Reply

Your email address will not be published.