قازێک بە چەند ملیۆن دۆلارێک و تەلەفزیۆنێک.. خۆی لێمان کردۆتە سپارتاکۆس!!
دڵشاد مەجید
ھەموو ڕۆژی لەبەردەم مایکەکان بەناوی کۆنگرەی رۆژنامەنووسی ، قیرە قیریەتی و مێشکی کاس کردووین و خۆی لێکردوین بە فریادەرس و (ئیمامی منتظر).
ھەموو کاری ئەو جەماعەتەش تەنیا قیرە قیرو و ھاشو ھۆش و دابەشەکردنی چەند تەنەکە نەوتێک و چەند لیتر بەنزینێک و چەند تانکەر ئاوێکە. ئەم کارە خێرخوازیانەی لێکردوینە مانیفێستە سیاسیەکەی( مارکس).
برادەر ئەم کارانە کاری دەزگایەکی خێرخوازیە، نەک کاری حزبی سیاسی، حزبی سیاسی بە پێشکەشکردنی بەرنامەی سیاسی و پرۆژەی سیاسی و پرۆژەی ئابووری ئەم کێشانە چارەسەر دەکات.
بۆنموونە ئەگەر دەتەوێ کێشیەکی حزمەتگوزاری چارەسەر بکەی دەبێت پرۆژەی بەدیل و چارەسەرت ھەبێت. ئەگەر پارەداریشی کاتێ حکومەت نایکات تۆ بیکە.
بۆ نموونە ئەگەر دەتەوێ کێشەی کارەبا چارەسەر بکەی، خەلک ھانبدە ووزەی بەدیل وەک ووزەی خۆر بەکار بھێنن، بڕۆ کەرەستەکان و زانستەکە بێنە و بەنرخێکی گونجاو بیدەرە خەلک. بەمە ھەم کێشەی خەلک چارەسەر دەکەی، ھەروەھا نەقیزەش لەبەرژەوەندیەکانی حزبەکانی دەسەلات دەدەی.
یانیش ئەگەر دەتەوێ کێشەی سوتەمەنی چارەسەر بکەی، پاڵەوگەیەک دابنێ. نەک بەدەبەو تەنکە خۆل لەچاوی خەلک بکەی.
ئەم قازە دەنگ تیژە ھەڵتۆقیوە خاوەن چەندین پرۆژەیە کە بەبەھاکەی بە ملیۆنان دۆلار مەزەندە دەکرێ ، کە لەپەنا و لەناو منداڵدان و رەحمی دەسەلاتێکی گەندەڵ دەبێتە خاوەنی ئەو سەرمایە.
ئێستا دێت بە ئێمە دەڵێت ئەوەی رەخنە لەڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێ، حزمەتی دەسەلات دەکات، بە لکو ووتەبێژەکەی بە ( پاراستنی پارتی) ناو زەندمان دەکات.
ئەوە ئێمەین حزمەتی دەسەلات دەکەین؟
ئەوە ئێمەین دەسەڵات چاو پۆشی لێکردین لەقەرزەکانمان و لە قۆڵبیردنی خەلک بەناوی پشک و پشکاری؟
ئەگەر ئێمە بە رەخنە گرتمان لەرولی بلاسخارت لە کایەی سیاسی ھەرێم بەحزمەتکردنی دەسەلات پێناسە بکرێ؟ باشە ئەو ھاودەنگیەی ئێوە بۆ بەرێوەبردنی ھەڵبژاردن بەو ھەموو کێماسێیەی لەبەرژەوەندی کێیە؟
ئەگەر گەرنتی دەرجوون و کورسی پێویستت لەناو ئەو سیستمە تەزویرەی پرۆسەی ھەڵبژادن بۆ زامن نەکرابێ!
ھەروەک ھەڵبژاردنەکانی عێراق.. ماعقولە کاندیێکی ئەو جەماعەتە لەھەولێر ھەزاران دەنگ دێنێ و لەبازنەکەی یەکەم دەردەچێ، کەچی لەکاتی سوپاسکردنی خەلک لەئەکاونتەکەی تەنیا ( ٥٧٧) لایکی بۆ دەچێ!!
یانش کاندیکێکیان لەھەڵەبجە کەس نەیناسێ ، کەچی لەبەرامبەر ئەحمەدی حاجی رەشید دەنگی زیاتر دێنێ!!
بۆیە برادەر ئەو قەسپەی تۆ دەیخۆی ناوکەکەی لەناو گیرفانمانە.
ئەگەر ئێمە بەناوی ( سەربەخۆ) حزمەتی ئەم دەسەلاتە بکەین، ئەوا تۆ بەناوی ( ئۆپۆزسیۆن!) تەمەنی ئەم دەسەلاتە درێژ دەکەیتەوە.
جا بابەکەی بابم دەستی جەوری خۆتان بە پشتی ئێمە مەسڕن.
ئێوەش وەک دەسەڵات، بە داتاشینی تۆمەت و تۆمەتکاری ناتوانن بێ دەنگمان بکەن.
