مانگرتنەکانی کرێکارانی سیریلانکا لە داخوازی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان

0
کامەران احمد 
داخوازی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، سوتەمەنی، و باشترکردنی هەلومەرجی
کارکردنەوە بۆ ڕووخانی دەسەڵات
بەهۆی کەڵەکەبوونی کێوئاسای قەیرانە ئابوری و سیاسییەکان، تا دێن ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە سیریلانکا ڕوو لەسەر ئەکەن، لە کۆتا هەفتەی ئاپڕڵ دەرگاکانی سەرجەم کارگا، نەخۆشخانە، قوتابخانەو زانکۆکان داخران و بەهەزاران خەڵک پەیوەستبوون بە مانگرتنەکانی کرێکارانەوە کە ماوەی چەند هەفتەیە لە پایتەخت و چەند شاری تر بەڕێوە ئەچن.
کرێکاران لە تەواوی ناوەندە زیندوەکانی کار، کارگاکانی جلوبەرگ دروستکردن، نەخۆشخانەکان، کێڵگەو مەزراکان دەستیان لە کار کێشاوەتەوە. قەرزی دەرەکی و کەمی دراوی بیانی لەو وڵاتە، هاوکات لەگەڵ چاوچنۆکی دەسەڵاتی مشتێک لە مافیاکانی چینی سەرمایەدار، باری ئابوری ئەو وڵاتەی هێناوەتە سەر مایەپووچی و بەریەکهەڵوەشان.
کارەساتی کەمی داو دەرمان وپێداویستییە تەندروستییەکان لە نەخۆشخانەکان، سەرباری کەمی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان هاوکات هەڵکشانی نرخی چەند بەرابەری مەوادە خۆراکییەکان، کەمی سوتەمەنی، ژیانی سەرجەم هاوڵاتیانی خستووتە بەردەم مەترسی لەناوچوون.
لە کاتێکدا قەرزی دەرەکی زیاد لە ٧ ملیاری دۆلاری تێپەڕاندووە، بەڵام تێکڕای یەدەکی دراوی بیانی تەنها ١ ملیار دۆلارە، چینی دەسەلاتدار وەک هەمیشە، بیانووی شەڕی ڕوسیاو ئۆکراینا، و قەیرانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بە هۆکاری دارووخانی ئابووری ناو ئەبەن، هەروەها بە پەیماندانی دەستخستنی قەرزی تر لە دەرەوە، گوایە لە پێناو باشترکردنی هەلەمەرجی ژیان و کاری خەڵک هەنگاوی بۆ ئەنێن، هەروەها بە بەڵینی چاکسازیی لە حکومەت و دامەزراوەکانیدا، ترس و تۆقاندن،
دەستگیرکردنی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران ئەیانەوێت ڕق و توڕەیی پەنگخواردووی چەندین ساڵەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لەو وڵاتە دامرکێننەوە. بەڵام تاکو ئێستا کرێکاران بە درۆکانی دەسەڵات فریونەدراون و بە کردەوە خوازیاری کۆتایی هێنانی بە حکومەتی پڕ لە قەیران و کارەسات خوڵقێنی (ماهیندا ڕاجاپاکسا) ن کە بیست ساڵە بە پلەو پۆستی جیاوازەوە لەگەڵ ژمارەیەک ئۆلیگارشی و بەڵیندەری دەسەڵاتی بۆرژوازی لمۆزی خۆیان لە قوت و ژیانی خەڵک لەو وڵاتە گیر کردووە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.