ئێمەی ئامادەی مانگرتنین !
” گرێبەستێکی دادپەروەرانەمان ئەوێت کە پێداویستیی خۆمان و خێزانەکانمان پڕ بکاتەوە ، خۆ ناکرێت هەتا ماوین هەر بۆ کارکردن بژین و نەشتوانین بژین، ماوەی دوو ساڵە لە جەرگەی پەتاکەوە سەرسەختانە کار ئەکەین و خاوەنی کۆمپانیاش قازانج ئەچنێتەوە ” ئەمەی قسەی کرێکارێکی کانەکانی ڕیۆ تینتۆ (Rio Tinto) یە کە ماوەی ١٧ ساڵە لە کانێکی دەرهێنانی مس لە نزیک شاری (Salt Lake City) لە ولایەتی یووتا کار ئەکات.
لە ڕۆژی ٣١ ی مارسەی ٢٠٢٢ ەوە گرێبەستی کارکردنیان لەگەڵ کۆمپانیا لەگەل ١٣٠٠ هاورێی کاری تریدا کۆتایی هاتووە و لە چاوەڕوانی گرێبەستی کاری نوێدان، و ئامادەی واژۆکردنی ڕەشنووس(مسودە)ی ئەو گرێبەستە نین کە یەکێتی کرێکارانی ستیل لەگەڵ خاوەنکاردا ئامادەی کردووە. بە پێی گرێبەستەکە خاوەنکار ئامادەی زیادکردنی مووچەیە بە بڕی ٤% لە ساڵی یەکەم و دواتر ١،٨% بە درێژایی چوار ساڵی داهاتوو.
سەرباری گرانبوونی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان لە چاو دووساڵی ڕابردوودا ، نرخی نیشتەجێ و خانووش بە بڕی 23.6% زیادیان کردووە لەو ولایەتە.
کۆمپانیای (Rio Tinto) دامەزراوە کۆمپانیایەکی فرەڕەگەزی بەریتانی و ئوسترالییە،و لە پلەی دووی بەرهەمهێنانی میتاڵە لەسەر ئاستی جیهان. لەساڵی ٢٠٢١دا نزیکەی ٢١ ملیار دۆلار قانجی کردووە کە دوو هێندەی قازانجەکانییەتی لە چاو ساڵی ٢٠٢٠دا. جگە لەوەی لە دەستپێکردنی جەنگی ئیمپریالیستانەی ڕوسیا و ئۆکرایناوە نرخی مس هەڵکشاوە.
لە ڕۆژی ٢٥ی مارس سەدان کرێکار لەبەردەم نوسینگەی کۆمپانیا گردبوونەوەو ڕایانگەیاند ئامادەی بەڕێخستنی مانگرتنی گەورەن گەر وەلامی ئەرێنی بە خواستەکانیان لە گرێبەستێکی کاری دادپەروەرانە نەدرێتەوە.
کامەران احمد