سەركەوتن لە وێران كردندایە!

0

لاست ئەمین

كۆمیك-كەرە ناسیاسییەكەی ئۆكرانیا-زێلێنسكیی، تراژیدیایەكی بەسەر ئۆكرانیا هێنا، كە ڕەنگە ئاسەواری ئۆكرانیا لەسەر نەخشەی جیهانی نەمێنێت.
پوتین-یش، ئەم شەڕانە ئەباتەوە، بەڵام هەر بە هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا، جەنگەكەی دۆڕاند.
كاتێك ئەمریكا لە ڤێتنام دڵنیابوو هەتا ئیرادەی ڤێتنامییەكان تێكنەشكێنن، سەرناكەون!
دەستیان كرد بە مەعەسكردنی گوندەكان و ڕاپێچكردنی خەڵك بۆناو ئۆردوگاكان..ئینجا، بە فڕۆكەی B52 گەورەترین بۆمبەكانیان بە شارەكان ئەتەقاندەوە.. گازی ژەهراویان بە دارستان و جەنگەڵەكانا كرد، تا هەمووی وشك بكات.. كەچی، لەبەردەم ئیرادەی پۆڵاینی ڤێتنامییەكان سوپا زەبەلاحەكەی تێكشكا و هەڵهاتن.
ئەمریكا، لە عێڕاق-یش شاری فەلوجەی لەگەڵ زەوییدا تەخت كرد. مێژوو پڕە لەو كردارە وەحشیگەرانەی ئیمپریالیزم و كۆلۆنیالیزم .. لە كوردستانی عێڕاق-یش دەست و پەنجەمان گەرمە لەگەڵ ڕژێمی بعث بۆ ئەنجامی ئەو كردارە وەحشیگەرێتیانە.
پوتین، پێی وابوو، كاتێك هێرشەكاتە سەر ئۆكرانیا لەماوەی چلوهەشت كاتژمێردا ئۆكرانییەكان ڕزگار ئەكات و بە چەپڵە ڕێزان بەخێرهاتنی سوپاكەی ئەكەن! هەرچۆن، ئەمریكاو بریتانیا بەناوی ڕزگاركردنی گەلانی عێڕاقەوە هاتن و عێڕاقیان داگیرو وێرانكرد! بەڵام ، نە پوتین ڕووی لە ئۆكرانیا كرد بۆڕزگاركردنی ئۆكرانییەكان بە قەولی خۆیی، كە لە دەست فاشیست و نازییەكان ڕزگاریان كات، نە خەڵكەكەش پێشوازیان لێكرد، بەڵكو ئۆكرانیا بۆتە گۆڕستان بۆ بەشێك لە سوپاكەی.
ئەو هێرشەی بۆ سەر ئۆكرانیا هیچ ئامادەكارییەكی بۆ نەكراوە! بڕیارێكی هەڵەی شێتانە بووەو بەرمەبنای ڕق و كینەی مێژووییە كە پوتین پێیوایە، دوای ڕووخانی یەكێتی سۆڤێت لەلایەن ئەوروپییەكانەوە ڕوسەكان سوكوڕسوا كراون.. هەرچۆن ڕق و كینەی هیتلەر بەرامبەر خۆبەدەستەوەدانی ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانی یەكەم، پێی وابوو، ئەڵمانەكان سوكایەتیان پێكراوەو لە تۆڵەی ئەو خۆبەدەستەوەدانە جەنگی جیهانی دووەمی هەڵگیرساند.
وەك ئەبینن، سوپای ڕوسیا بەشێكی زۆر سوتەمەنی و بەنزین و خۆراكیان لێ ئەبڕێت و كاروانەكانیان لەسەر ڕێگاكان پەكیان ئەكەوێت و سوپاكەیان پارچە پارچە ئەبێت كە فریای یەك ناكەون و توشی زەرەرێكی گەورە بوون..
پوتین، پێیوابوو، سوپاكەی باش ڕێكخستۆتەوەو زۆر بەهێزە، بەڵام دەركەوت ئەم سوپایە لە ڕووی زەمینیەوە هیچ بەرەوپێشچونێكی بەخۆیەوە نەبینیوەو هەمان سوپای نەوەدەكانە كە بەدەست چیچانیەكانەوە گیریان خواردبوو.. خوێندنەوەی هەڵە بۆسوپای ئۆكرانیاو خەڵكەكەی، یەكێیترە لە ئەحمەقییەكانی.
ئۆكرانیا، دووەم گەورە دەوڵەتی ئەروپایە و دانیشتوانەكەی زیاد لە چل ملیۆنە، ئەمە سەرەڕای هاوكاری نەیتۆ و وڵاتانیتری ئەوروپا لە ڕووی هاوكاری لۆجیستی و چەك و پارەوە، چۆن ئاسان ئەم دەوڵەتە داگیرەكرێت بەو سوپا نائامادەو ئەو هەڵە سەربازیە گەورانەی، كە ئەم سوپایە بەردوام پێویستی بە خۆراك و سوتەمەنی و بەنزین و پێشڕەوی خێراو هێزی پشتیوانی هەیە؟!
ئۆكرانیا سنوری لەگەڵ ڕوسیایەیە،ڕوسیا جگەلە كرایمیا ناوچەی دۆنباسی زیاتر لە هەشت ساڵە لەژێر دەستایە، كەچیی نەتوانێت خێرا هێزی پشتیوانی و كەلوپەلی پێداویستی بۆ سوپاكەی ئامادە بكات؟! ئەی ئەگەر جەنگی لەگەڵ وڵاتێك هەبوایە كە سنوری بە وڵتەكەیەوە نیە، ئەم سوپایە چی لێ بەسەر ئەهات؟!
ئەوەش ئەزانم كە هێشتا هێزی دەریایی بەكار نەهێناوە لەم جەنگەو بەشێكی زۆریش سوپای زەمینی بەكارنەهێناوە،بەڵام هەموو ئاماژەكان پێمانەڵێن ئەو ببەشە سوپایەی لەم جەنگە تا ئێستا بەكاری هێناوە بەزۆر هۆكار لەڕووی زەمینیەوە، لە ئاست ئەو چاوەڕوانیە نەبوون
كە پوتین و جیهانیش چاوەڕێی ئەكرد.
١-
ئەمریكاو بەریتانیاو هاوپەیمانەكانی، كە عێڕاقیان داگیركرد بە بیانوی هەبونی چەكی ژەهراوی-بایەلۆجی لە ڕژێمی صدام، عێڕاقیان داگیركرد! هەنوكە،ڕوسیا بانگەشەی ئەوە ئەكات كە ئەمریكا لە نزیك سنورەكانی لەگەڵ ئۆكرانیا خەریكی دروستكردنی جەكی بایلۆجی بوون!
٢-
ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند; پشتگیری هەر وڵاتێك ئەكەن فڕۆكەی جەنگی بە ئۆكرانییەكان بدەن! ئەمە لە كاتێك ئۆكرانیا هیچ فڕۆكەخانەیەكی نەماوە وێران نەكرابێت. كەواتە، ئەبێت ئەو فڕۆكانەی بە ئۆكرانیا ئەدرێت لە یەكێك لە وڵاتانی ئەندامی نەیتۆوە بفڕێت و فڕۆكەوانەكەی ئۆكرانیی بێت!
پوتین-یش هەڕەشەی كرد لە هەر وڵاتێكەوە ئەوە بكرێت، لەو وڵاتە ئەدەین.. بەپێی مادەی پێنجی دەستوری نەیتۆ-ش كە نووسراوە، هەر وڵاتێكی ئەندامی نەیتۆ هێرشی بكرێتە سەر هێرشە بۆسەر هەموان.
بەڵام، من پێموایە ئەوە تەنها شەڕی دەرونی و سایكۆلۆژییە لەگەڵ پوتینی ئەكەن و لە هیچ وڵاتێكەوە هێرش ناكەنە سەر سوپای ڕوسیا، چونكە بەردەوامی ئەم جەنگە بە م شێوەیەی ئێستا لە قازانجیانەو لە كۆتایی ئەمریكاو یەكێتی ئەروپا ئەگەر بە هەموو ئامانجەكانیان نەگەن ، زۆربەی بەدەست ئەخەن.
هەموو ئەوانەی لەسەرەوە باسم كردو ئەم دوو خاڵە نوێیەی دوێنێ هاتە ئاراوە ئەمانگەیەنێتە ئەو حەقیقەتەی، ئەگەر بەرگریی بكرێت، ڕوسیا ئۆكرانیا لەگەڵ زەوی تەخت ئەكات.. هەر بۆیەش ڕوسیا لەزۆر شوێن ئاگر بەستی ڕاگەیاندوە خەڵك شارەكانیان چۆڵ بكەن، بۆیە، پێشبینی ئەكرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو هێرشەكان لە ڕێگای ئاسمانیەوەبێت و گەورەترین بۆمبەكان بەسەر شارەكانی ئۆكرانیا بتەقێننەوە.
پوتین، لە سیاسەتكردنا یاریزانی شطرنج نیە جەوڵەكانی بە وریاییەوە بكات، بەڵكو یاریزانی پۆكەرەو هەمیشە بە بڵاف كردن كە دەستیشی جوان نەبوە، كارتەكانی بە بەرامبەر سوتاندوەو بە ئامانجەكانی گەیشتووە.
هێز كۆكردنەوەی لەسەر سنورەكانی ئۆكرانیا بڵاف بوو، بەڵام چونكە نەیتۆو یەكێتی ئەوروپا خۆیان دیلەر بون و كارتەكانیان تەوزیع ئەكرد، ئەیانزانی، دەستی پوتین جوان نیەو كاتێك هەموو پولەكان ئەخاتە سەر مێزەكە كارتەكانیان ناسوتێنن و لە بەرامبەردا هەموو ئۆكرانیا ئەخەنە سەر مێزەكە..
بەمەش،
كۆمیك-كەرە ناسیاسییەكەی ئۆكرانیا-زێلێنسكیی، تراژدییایەكی بەسەر ئۆكرانیا هێنا كە ڕەنگە ئاسەواری لەسەرخەریتە نەمێنێت.. بۆ پوتین-یش ئەم شەڕانە ئەباتەوە، بەڵام هەر بە هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا، جەنگەكەی دۆڕاند.
ئەوەشی ئەم هاوكێشەیە ئەگۆڕێت، تەنها قڵپ كردنەوەی مێزەكەیە-هەڵگیرسانی شەڕی ئەتۆم و كۆتایی ئەم هەسارەیە! مێژووش پێمان ئەڵێت، ئەوە ڕوونادات.
لە كۆتاییا، دیكتاتۆرو لە خۆبوغرابووەكان ئەبن بە مریشك وبچوكەبنەوە، هەندێكیشیان بەكۆمیك-تراژیدیا كۆتاییان دێت.
Leave A Reply

Your email address will not be published.