ملهوڕیی دەسەڵاتداران لە ئازادنەکردنی زیندانییان کار و چالاکیی راشکاوانەتر لە ئازادییخوازان دەخوازێ.

0
بەرگرییکردن لە ئازادیی بیروباوەڕ و رێکخراوبوون و سەرجەم ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵ بۆ خۆدەربڕینی خۆیان سەرەکییترین هۆکاری دروستبوون و دەستبەکاربوونی رێکخراوی ”ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین”ە، هەر بۆیە ئێمە دیسان زۆر بە توندیی ئەو ملهوڕیی و بێباکییەی دەسەڵاتداران لە درێژەدان بە ئازادنەکردنی زیندانییان سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین، ئەو زیندانییانە تەنیا لەسەر خۆپیشاندان و دەربڕینی بیروباوەڕی خۆیان لە پێنج مانگی کۆتایی پارساڵ لە لایەن پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە دەڤەری بادینان و هەولێر دەستبەسەر و بێ سەروشوێن کراون تەنانەت رێگە نادەن کەسوکارەکانیشیان سەردانیان بکەن!
وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین سەرەڕای ئەو هەموو کۆششە ئاشتییخوازیی و دوور لە توندوتیژییانەی ئێمە و سەرجەم ئازادییخوازانی دیکە کە لە پێناو ئازادکردنی ئەو دەستبەسەرکراوانە ئەنجامدراون چ بە شێوەی بەکۆمەڵ لە چوارچێوەی هەڵمەتکردن و کار و چالاکیی رێکخراوەیی و میدیایی چ بە شێوەی تاک لە لایەن کەسانی سەربەخۆ و بێلایەن.. هێشتا ئەو دەسەڵاتە گەندەڵکار و بنەماڵەییە گاڵتە بە ماف و داخوازییەکانی خەڵک دەکا.. ئیدی ئەوەش داوامان لێدەکا کە پێویست ناکا چیدی هۆشداریی بدەینە دەسەڵاتداران و بەرپرسانێک کە خەڵک بە کۆیلە و خۆیان بە خاوەن کۆیلە دەزانن.. بەڵکە پێویستە روو لە تێکڕای ئازادییخوازان بکەین و داوایان لێبکەین کە باشترین رووبەڕووبوونەوەی ئێستامان ئەوەیە پتر خۆمان رێکخراو و یەکگرتوو بکەین بۆ ئەوەی بتوانین بە زەبری هێز – هێزێکی شارستییانە و دوور لە توندوتیژیی و کاری تێکدەرانە – گوشار بخەیەنە سەر تەواوی دەسەڵاتداران و ناچاریان بکەین ئەو دەستبەسەرکراوانە و سەرجەم دەستبسەرکراوانی دیکەی هەردوو دەڤەرەکە کە لەسەر ئازادیی خۆدەربڕینی خۆیان زیندانییکراون بە زووترین کات و بە داوی لێبووردنەوە ئازاد بکەن و لە هەر رووێکەوە کە زیانیان پێگەیشتوە قەربوو بکرێنەوە.
خۆ ئەگەر بەو شێوەیەش هەر ملیان نەدا و رێزیان لەو ماف و ئازادییە سادە و سەرەتاییە نەگرت و هەر بە سەرکوتکردن و زینداییکردن و درێژەدان بە تیرۆرکردن وەڵامی خەڵکیان دایەوە ئەوە پێویستە شێلگیرانەتر و بە هاوکاریی و هاوپشتیی سەرجەم ئازادییخوازانی جیهان لە پێناو گەیشتن بەو رۆژە تێبکۆشین کە پێویستە تێیدا ئەو دەسەڵاتدارانەش وەک سەرجەم دەسەڵاتدارە سەرکوتگەر و ستەمکارەکانی پێشان بە چارەنووسی خۆیان بگەیەندرێن.. سەرئەنجام خەڵک خۆیان دەسەڵاتی بەکۆمەڵ و هەروەزییانەی خۆیان دابمەزرێنن و بە یەکجاریی کۆتایی بەو جەور و ستەمە بهێنن کە لەسەر ئازادیی دەربڕین زمانی خەڵک دەبڕن!
ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین
Leave A Reply

Your email address will not be published.