کرێکارانی تەندروستی لە سلۆڤینیا دەستیان دایە مانگرتن
کامەران احمد :
ئەڵتەرناتیڤی شورایی
سێ گەورەترین یەکێتی کرێکاریی تەندروستی لە سلۆڤینیا لە پێناو مووچەیەکی شایستەو گونجاو، مامەڵەو هەلومەرجێکی دادپەروەرانەی کارکردن چالاکییەکانی مانگرتنیان دەستپێکرد. کرێکارانی تەندروستی و ڕێکخراوەکانیان لەگەڵ کەرتەکانی تری چاودێری گشتی، ڕێکخراوی کرێکارانی تەندروستی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، و ڕێکخراوی یەکێتی پەرستاران – فلۆرنس لە ڕۆژی ١٦ی فێبریوەری ٢٠٢٢ مانگرتنێکی ٢٤ کاتژمێرییان ڕاگەیاند. سەرجەم یەکەکانی چارەسەری سروشتیی، پەرستاران، دەرمانسازەکان، و هاوکارە تەندروستییەکان لە گشت ناوەندەکانی تەندروستی گشتی لەو وڵاتە دەستیان لە کارکێشایەوەو سەرکۆنەی مامەڵەی حکومەت و بێ بەڵێنییان لە چەسپاندنی بڕیارەکانی ساڵی ٢٠١٨ بۆ چاککردنی هەلومەرجی کارکردن و بردنەسەری مووچە لەم ناوەندانە کرد.
ساڵانێک لە فەرامۆشکردنی کەرتی تەندروستی گشتی و بایەخدان بە کەرتی تایبەت لە بەرامبەریدا هەلومەرجێکی داماو و لاوازانەی لە سەرجەم ناوەندە گشتییەکان لەو وڵاتە خوڵقاندووە، سەرباری بەهانەکانی دەوڵەت کە بە پیی توانا هاوکاری و چاکسازیی لەو کەرتەدا کردووە بەڵام کرێکاران و یەکێتییەکان سەرجەمیان ڕەد کردەوەو ڕایانگەیاند بارودۆخی نێو ناوەندەکان جێگای بەزەیی و شەرمەزارییە بۆ حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان، کە نەک هەر نەیانتوانیوە خزمەت بە مانەوەی لە ئاستی داخوازییەکانی کۆمەڵگا و هاوڵاتیان بکەن، بەڵکو تەنانەت درۆو بەڵینەکانی هەڵبژارنیشیان ببەنە سەر.
ڕێکخراوە کرێکاریەکان داخوازی چوونەسەری مووچەن بۆ سەرجەم پیشەکان بە یەکسانیی و دادپەروەرانە. کرێکاران هاوپشتییان لە سەرئاستی وڵات و لە نێو کەرتەکانی تری بازرگانی و پەروەردە، جگە لە هاوپشتی کۆنفیدراسیۆنی نێونەتەوەیی یەکێتییە کرێکارییەکان بەدەست گەیشتووە. هەروەها ڕێکخراوی یەکێتی کرێکارانی خزمەتگوزاری گشتی لە ئەوروپا لە نامەیەکی هاوپشتیدا کە ئاراستەی کردوون ڕایگەیاندووە: “لەبەرامبەر حکومەتێکدا کە هیچ تێناگات و هیچ جۆرە ڕیزێک بۆ کرێکارانی تەندروستی دانانێت، ڕێکخراوەکەمان بە تەواویی لە پشت داخوازییەکانی کرێکارانەوەیە “
