مافەکانی پەنابەران و هەڵبژاردنی شوێنی نیشتەجێبوون و گەشتوگەڕان بێ ئازادیی جێبەجێکردن تەنێ واتای لەخشتەبردنی مرۆڤەکان دەگەیەنێ!

0
بڕیاردان لەسەر هەڵبژادنی شوێنی ژیان یەکێکە لەو مافانەی کە دەبێ مرۆڤەکان بەوپەڕی ئازادییەوە لێی بەهرمەند بن، لێ تا ئێستا لە چوارچێوەی ئەو سیستەمە ملهوڕە سەرمایەدارییەی جیهان نەک هەر ئەو ئازادییە نییە.. بەڵکە رۆژانە بە دەیان و سەدان کەس کە بە هۆی جەنگ و هەژاریی و سەرکوتی رامیاریی و کۆمەڵایەتییەوە رێی هاتونەهاتی ئاوارەیی دەگرنەبەر گیانیان لەدەستدەدەن.. ئەو کارەستانەش هەمووی لە ئەنجامی ساتوسەودای پەیداکردنی دەستی هەرزانی کار لە لایەن دەسەڵاتداران و خاوەن کۆمپانیایەکانی وڵاتانی رۆژاوا و بێ ویژدانیی ئەو قاچاغچییانە روودەدەن کە بێجگە لە پارە هیچ شتێکی دیکە ناناسن!
بە پێی ئامارێک کە فیدراسیۆنی پەنابەران رایگەیاندوە لە ساڵی (٢٠١٤)وە تا ئێستا پتر لە ٢٠٠٠٠ بیست هەزار پەنابەر تەنیا لە سنوورە کەناراوییەکانی نێوان لیبیا و ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە!
جا وەک دەیبینین ئەو ئازادییەی تا ئێستا مرۆڤەکان بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی نیشتەجێبوون و گەشتوگەڕان و مافە پەنابەرییەکان چاویان لێی بڕیوە.. پتر وەک رووکەشێک رووی ئەو سیستەمە دژەمرۆییەی پێ رازێندراوەتەوە کە دەسەڵاتدارانی جیهان بەڕێوەیدەبەن، لێ ئێمە وەک ”ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین” زۆر گەشبینین بەوەی کە ئیدی ئازادییخوازان لە پاش ئەو گۆڕانکارییانەی کە ئێستا بەسەر جیهاندا هاتوە دەتوانن بە یەکگرتووی خۆیان و پێداگرتن لەسەر ئامانجەکانیان هەموو ئەو ئازادییانەی کە تا ئێستا بە ناو دانیان پێداندراوە و زۆر بە کەمیی خراونەتە واری جێجەبەجێکردنەوە بە تەواویی وەدەستیانبهێنن.
Leave A Reply

Your email address will not be published.