تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی هۆشیاری دەداتە مۆڵی پزیشکی ئەنوەر شێخە
تۆڕەکەمان لەڕێی ئەم راگەیاندراوە هۆشیاری توند دەداتە شاری پزیشکیی ئەنوەر شێخە لە باری مردنی هاوڵاتیەکەوە. هاوڵاتی ئالان جەمال ئەحمەد ٤٠ ساڵ لە رۆژی ٢٠٢١/٤/٢٨ لە کاتی ئەنجامدانی قەستەرە لە نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە گیانی لەدەستدا. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕەکەمان، کاک ئالان بە پێی خۆی چوە بۆ نەخۆشخانەکە.
پێشتر پێی وتراوە لە کاتژمێر ١٠ شەو قەستەرەی بۆ ئەکەن بەڵام لە ٢ی بەیانی بۆی کراوە و لە پرۆسەکەدا گیانی لەدەستداوە. ئێمە گومانمان هەیە کەمتەرخەمی لەو کەیسەدا هەبێ. بەڵگەشمان لە بەردەستە بۆ ئەو بابەتە. بەڵام چاوەڕێمان بو نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە هیچ نەبێ داوای لێبوردن لەو هاوڵاتیە و خێزانەکەی بکات و هۆکارەکانی مردنی ئەو گەنجە دیاریبکا و ئەوانەی کەمتەرخەمیان کردوە سزا بدا و قەرەبونی خێزانەکەش بکات. ئێمە ئەزانین قەرەبوکردنەوە گیانی کاک ئالانی جوانەمەرگ ناگەرێنێتەوە و هیچ شتێک نیە لە دونیا باوکی منداڵە دوو مانگەکەی بۆ بگێڕێتەوە.
بەڵام داواکارین ئەم کارەساتەش وەکو ئەوانی دیکە بەبێ دەنگی تێنەپەڕێ. ئێمە ئەنوەر شێخە دڵنیا دەکەینەوە کە بێدەنگ نابین لە بەرامبەر ئەم کارەساتە و هەمو رێگایەکی مەدەنی و یاسایی دەگرینە بەر بۆ خستنە ڕووی هەمو راستیەکان.
٢٠٢١/٥/٣٠