خۆپیشاندانی جەماوەری لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێری کوردستانی عێراق بەرێوەچوو
ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠/٥/٢٠٢١ بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە بێهزادی مەحمودی و داخوازی چەندین ساڵەی پەنابەرانی كوردستانی ئێران لە هەرێمی كوردستان، لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لەشاری هەولێری کوردستانی عێراق خۆپیشاندانێکی فراوان بەرێوەچوو.
ئەو كۆبوونەوە و خۆپیشاندانە كە لەسەر داوای كۆمیتەی لایەنگرانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە هەولێر و رێكخراوەكانی داكۆكی لە مافی پەنابەرانی كوردی ئێران لە هەرێمی كوردستان بانگەوازی بۆ كرابوو، بەرێوەچوو .
داواکاری خۆپیشاندەران بریتی بوو لە:
١-كەیسی پەناخواز و پەنابەری سیاسی لە پەناخوازانی كۆمەڵایەتی جیا بكرێتەوە.
٢-كەمپ و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ پەنابەرانی سیاسی دابین بكرێ.
٣-میكانیزمی دابەشكردنی هاوكاری بە پەنابەران پێداچوونەوەی بۆ بكرێ.
٤-چارەسەری كێشەی فۆرمی خۆراك.
٥-كێشەی پەنابەرانی نەخۆش چارەسەر بکرێت.
٦-چارەسەری كێشەی پەنابەران بۆ مانەوە لە هەرێم و چەندین داوای دیكە كە پێوەندیان بە ژیان و گوزەرانیانەوە هەیە لە خۆ گرتووە.
.
هەرلەو خۆپیشاندا نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان بە نوێنەری پەنابەرانی سیاسی ڕاگەیاندووە ڕۆژی یەكشەممە دەتوانن وەڵامیان بدەنەوە.
*ئەوەی شیاوی باسە گەنجێک بەناوی بێهزاد مەحمودی کە ئەندامی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران، بە ناڕەزایەتی بە كەمتەرخەمی نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ داواكانی و وەڵام نەدانەوەی، ڕۆژی سێ شەممە ١٨ی ئایاری ٢٠٢١ لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لەشاری هەولێر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و ئێستا لە نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی هەولێر لە دۆخێكی تەندروستی خراپدایە.



