بابەت :یاداشت و بەیاننامەی مامۆستایانی وانەبێژ لەهەرێم
بۆ / بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان ، پەڕلەمانتارانی کوردستان .
مامۆستایانی وانەبێژ لەکوردستان چەندین ساڵە وەک سەربازی وون خزمەتی وڵات و نیشتیمان دەکەن لەڕێگای پەروەردە و فێرکردنی قوتابیان و خوێندكارانی ئەم نیشتیمانە ، بەڵام بەداخەوە وانەبێژان لەئێستادا لە بارودخێکی زۆر خەراپی دەروونی و ئابووریدا دەژین ، ئەمە لەکاتێکدا هاوشێوەی مامۆستایانی میلاک ئەرکی پەروەردە و فێرکردنیان لەسەرشانە ، پشکی شێریان بەرکەوتووە لەپڕکردنەوەی کەمی میلاکات لەقوتابخانە و خوێندنگاکاندا کە زیاتر لە % ٢٠ کۆی میلاکاتی پەروەردە پێکدێنن ، لەبارودۆخی سەختی ئابووری و سیاسی ، هاوکاری حکومەتی هەرێم بووین ، بە بڕە شایستەیەکی کەم و ساڵانێکی زۆرە بەردەوامین لەوانەگوتنەوە بەشێوەی وانەبێژی ، لەکاتێکدا ساڵانێکی زۆرە دامەزراندن لەکەرتی پەروەردە نەکراوە ، لەئێستادا هیچ پاساوێکی دارایی و ئابووری نەماوە بەتایبەت دوای ڕێککەوتنی حکومەتی عێراق و هەرێم لەسەر بودجە و بوونی پڕۆژە یاسای ساڵی ٢٠٢١ هەرێم ، چاکسازیەکانی حکومەتی هەرێم لەبوارە جیا جیاکان .
بۆیە داواکارین لەبەڕێز سەرۆکی حکومەت و وەزیرە بەڕێزەکان لە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ی هەرێم مافوچارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ لەپڕۆژە یاسای بودجەدا بچەسپێنن و مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێن بەشێوەی هەمیشەیی و هاوشێوەی وانەبێژانی عێراق چارەنووسیمان یەکلایی بکرێتەوە ، بەهیواین لەکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و پەڕلەمان لەسەر بودجە داواکاریەکانمان بەهەند وەربگیرێت .
دەستەی وانەبێژانی ناڕازی
١٨ ی ٥ ی ٢٠٢١ زاینی